وەزیری پلاندانانی عێراق: ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە %30

image

 سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند بەهۆی قەیرانەکانی ئەمنی و ئابوورییەوە ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە ٣٠% و ڕێژەی بێکاریش بۆ ٢٠% بەرزبووەتەوە.

جومەیلی لە بەیاننامەیەکدا کە ماڵپەری عێراق ئەلیوم بڵاویکردووتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەی تووشی عێراق بوون، زۆربەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەکارکەوتوون، ڕەوشی ئابووری بەرەو پاش ڕۆیشتووە و ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە وڵاتدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە.
لەلایەن خۆیەوە، سیروان محەمەد بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بۆ (ناوەندی هەواڵی ئازاد) ڕایگەیاند کە ئەوان ئاگادار نین لەو ڕێژەی وەزیری پلاندانانی عێراق بڵاویکردووەتەوە و ئەو داتایانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکەیان ئامادە نەکراوە.
سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد ڕاستە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان بۆ هەرێم و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە هەرێمیش زیادی کردووە، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق هیچ ڕووپێوێکمان نەکردووە تا بتوانین ئەو ژمارەیە پشتڕاست بکەینەوە، واتە ئامارەکە پەیوەستە تەنیا بە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە.