داعش خەڵكی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی موسڵ تۆپباران دەکات

image

تیرۆرستانی داعش خەڵكی مەدەنی لە گەڕەکی زهووری رۆژهەڵاتی موسڵ تۆپباران دەکەن و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی چەند گوللە هاوەنێکیش بەسەر ماڵاندا، 20 کەسی مەدەنی كوژران و برینداربوون.
سەرچاوەیەک لە گەڕەکی زهوور رایگەیاند، کاتژمێر 4:45 خولەکی رۆژی هەینی 23-12-2016، چەکدارانی داعش دەستیان بە تۆپبارانكردنی گەڕەکی زهوور کردووە و چەند گوللە هاوەنێک بەر خانووی ژمارەیەك هاووڵاتی کەوتوون، بەهۆیانەوە 5 هاولاتی کوژران و 15ی دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەكان تۆپبارانەکە ناوەناوە دەوەستێت و دەستپێدەکاتەوە، ناشزانرێت لەکوێوە گوللە تۆپ و هاوەنەكان ئاراستەی زهوور دەکرێن، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و هاوپەیمانانیش بنکەکانی داعش لەنێو موسڵ بۆردوومان دەکەن.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەستپێكردووە، تاوەكو ئێستا 40 گەڕەك لە بەری چەپی موسڵ واتە نزیکەی 35%ی شارەکە كۆنترۆڵكراوەتەوە، بڕیارە لەم رۆژانەشدا قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكە دەستپێبكات.
س: رووداو