حکوومەتی عێراق بە مەرجێک پەکەکە لە شنگال دەردەکات

image

حکوومەتی عێراق رەزامەندیی نیشان داوە لەسەر ئەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە چیای شنگال و دەڤەری شنگال بەگشتی بکرێنە دەرەوە، بەو مەرجەی ھێزە سەربازییەکانی تورکیاش لە باشیک بکشێنەوە.
فشارەکان بۆ چوونە دەرەوەی پەکەکە لە دەڤەری شنگال بە چیای شنگالیشەوە، زۆر بووە، ئەنجومەنی ڕۆحانی لە شنگال و پیاوماقوڵانی دەڤەرەکە و کەسایەتیی ئێزدی و ئیدارەی شارەکە و بەرپرسە سەربازییەکانی ئێزدیش لە چیای شنگال و دەیورەبەری، داوا لە پەکەکە دەکەن کە ئەو دەڤەرە بەیەکجاری چۆڵ بکەن، بڕیاریشە لەو بارەوە پرۆژەیەک پێشکەش بکرێت بۆ حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی پەکەکە ناچار بکرێت ئەو دەڤەرە جێ بھێڵێت، دوای ئەو فشارانە، بڕیارە واژۆی زۆر کۆ بکرێتەوە.
چەندین جارە ناوەندە جیاوازەکانی کوردی ئێزدی و شنگالییەکان، داوایان لە پەکەکە کردووە چیای شنگال و دەڤەرەکەیان بەتەواوی چۆڵ بکات، چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتییش لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، دەرچووە کە پەکەکە تۆمەتبار کراوە بەوەی منداڵانی ئەو ناوچەیە بۆ بەمەستی سەربازی بەکار دەھێنێ، بەڵام تا ئێستا پەکەکە لەوێندەر ماون و بەقسوی بەرپرسە سەربازییەکان، پەکەکە دەیەوێ چیای شنگالیش بکاتە قەندیلی دووەم.
داگلاس سولەیمان، باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق، لە پڕێس کۆنفەڕانسێکدا لە بارەگای بالوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا گوتی: “پەکەکە پارتێکی تێروریستییە، ھەر بۆیەش بەشداریی ئەو پارتە لە خاکی عێراق یان ھەر وڵاتێکی دیکە گونجاو نییە”، دەشڵێت: "ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی PKK لە عێراق و تورکیا گفتوگۆ دەکەن".
ئاژانسی (شەفەق نیوز) ئاماژە بەوە دەکات، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش داوای لە پەکەکە کردووە شنگال چۆڵ بکات.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: رێککەوتنێک لەئارادایە کە تورکیا لە باشیک بکشێتەوە و پەکەکەش شنگال چۆڵ بکات، کە ئەوەش حکوومەتی عێراق ئامادەی دەکات و رێکاری بۆ دەدۆزێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "رێککەوتنی دیکەش ھەیە کە ئێستا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، لەوانە راگرتنی سەرجەم ھاوکاریی پەکەکە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە و ناکرێت لەژێر ھەر پاساوێکەوە بێت ھاوکارییان بکرێت".
گوتیشی: "باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، ھاوکات ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەگەڵ ئەوەدان ئەو شارە چۆڵ بکرێت، چونکە ناکرێت ھێزێک بەبێ بوونی ناسنامەیەکی جێگیر بەکار بھێنرێت و دەبێت لەو شوێنانە بکشێتەوە کە ئێستا داگیری کردوون".
س: باس نیوز