ئەمریکا راوێژکارە سەربازیەکانی لە عێراق زیاد دەکات

image

گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش رایدەگەیێنێت، بە مەبەستی خێراترکردنی پێشڕەوی ھێزە عێراقییەكان لە موسڵ هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان ھێرشەکانی خۆیان بۆ سەر پێگەکانی داعش چڕکردووەتەوە، ژمارەی راوێژكارە سەربازییەكانى ئەمریكاش لە عێراق بۆ دوو هێندە زیادكراوە . 

لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە عێراق و سووریا، جۆن دۆریان، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە بەغداوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای دایەوە. له‌باره‌ی به‌شداریی هێزی وڵاته‌كه‌ی لە شەڕی موسڵ، دۆریان ئاشكرای كرد "ژمارەی ئەو یه‌كه‌ سه‌ربازییانه‌ی پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش دەکەن، بۆ دوو ھێندە زیادکردووە". 

دۆریان راشیگەیاند،‌ بەمەبەستی پاڵپشتی تاکتیکی و راھێنان ژمارەی راوێژكارە سەربازییەکانیان زیادکردووە. جۆن دۆریان ئاماژەی بەوەكرد، 450 سەربازيان (کە لە یەکەکانی ھێزی تایبەت و شارەزایانی ھەواڵگری و ئەندازیاران پێکھاتوون) رەوانەی ناوچەکە کردووە و ئەوەش ژمارەی سەربازانی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دوو ھێندە کردووە. گوتیشی "ئەم کارە بەمەبەستی پشتیوانی لە ھەنگاوی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەی دوو ھەفتە پێش ئێستا ئەنجامدراوە".