سوپاسالاری پێشووی عێراق: شەڕی بەری راستی مووسڵ زۆر قورستر دەبێت

image

سوپاسالاری پێشووی عێراق، بابەکر زێباری رایگەیاند: "رێککەوتن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تۆکمە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵیش ئەنجام بدرێت و دەروازەیەکی گرنگ بۆ ھێزە عێراقییەکان بکرێتەوە لە سنووری شارۆچکەی شنگال بەرەو تەلەعفەر، بەعاج و بلێج دواتر لە گشت لاوە گورزی کوشندە لە داعش بوەشێنن و شارەکە لە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان رزگار بکەن".

سوپاسالاری پێشووی عێراق، بابەکر زێباری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێزە عێراقییەکان لە بەشی چەپی مووسڵ شەڕێکی سەرکەوتووانەیان دژبە تیرۆریستانی داعش ئەنجام دا و بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش ناوچەیەکی زۆری شارەکەیان رزگار کرد. ھەرچەند داعش رووبەڕووبوونەوەیەکی بەھێزیان کرد، بەڵام سەرەنجام تووشی شکستێکی گەورە ھاتن، ئەمەیش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ورەی ھێزە عێراقییەکان ھەیە، بەڵام شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ زۆر زەحمەتتر دەبێت لە بەشی چەپی شارەکە".

زێباری گوتی: "لەناوبردنی داعش لە بەشی راستی مووسڵ بە بەراورد لەگەڵ بەشی چەپی شارەکە زۆر قورستر دەبێت، چونکە بینا و خانووەکانی ئەم بەشە زۆر کۆنن و، کوچە و کۆڵانەکانی بەشی راستی مووسڵ زۆر بەرتەسکن، ئەوەش وادەکات تانک و زرێپۆشەکانی سوپای عێراق نەتوانن بەناو کوچە و کۆڵانەکانی شار ھێرش بکەنە سەر بەشی راستی مووسڵ، بۆیە دەبێتە شەڕی ماڵ بەماڵ و کۆڵان بەکۆڵان ئەم جۆرە شەڕەیش زیاتر لە بەرژەوەندی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەش پێویستە بەھیچ شێوەیەک پەلە نەکرێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ، پێویستە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکان بە باشترین شێوە دەستەبەر بکرێن، چونکە نزیکترین ھێزی پشتیووانی فڕۆکە جەنگییەکانن لە جەنگی لای راستی مووسڵ، بۆ ئەوەی داعش بکەنە ئامانج".

گوتیشی: "زانیاریمان لەبەردەستە کە داعش لە بەشی راستی مووسڵ چەکدارانی خۆی بەناو خانوو، باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان بڵاوپێکردووە لە رێگەی چەند دیوارێکەوە لەناو گەڕەکەکانی ئەم بەشەی مووسڵ ھێڵێکی بەرگری بەھێزیان دروستکردووە. داعش لە پشت ھێڵە بەرگرییەکە ژمارەیەکی زۆر لە نیشان شکێن، قەناسبەدەست، چەکداری خۆکوژ بەپشتێنی بۆمبڕێژکراو و ئۆتۆمبێڵی بۆمبڕێژکراوی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ئاراستەی ھێزە عێراقییەکانی بکات، ئەگەر لە دەستیان بێت سەختترین شەڕ دەکەن لە بەشی راستی مووسڵ، چونکە لە دەستدانی ئەم بەشەی مووسڵ کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر داعش وا دەکات ورەی بە یەکجاری داڕووخێت".

بابەکر زێباری ئاماژەی بە بەردەوامی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی: "ئەو رێککەوتنەی لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ کراوە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوەی لە دەشتی نەینەوا ئەنجامدرا، ھەمان شت دووبارە دەکرێتە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ. لە سنووری شنگال پێشمەرگە تەواوی ناوچە کوردییەکان کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە و دواتر دەروازەیەک بۆ سوپای عێراق دەکاتەوە بۆ ئەوەی ھێرش بکەنە سەر تیرۆریستانی داعش لە بەری راستی مووسڵ".

گوتیشی: "دوای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعش ئازاد دەکات راستەوخۆ رێگە دەکرێتەوە بۆ ھێزە عێراقییەکان لە سنووری تەلەعفەر، بەعاج و بلێج و ھەروەھا لە باشووری پارێزگای نەینەوا دەست بەھێرشەکەیان بکەن لە ھەمان کاتدا چەند پردێک دروست کراوە بۆ ئەوەی لە ئاوی رووباری دیجلە ھێز بپەڕنەوە بۆ ھێرشکردنە سەر بەشی راستی مووسڵ، ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە وەک پلانی بۆ داڕێژراوە ئەنجام بدرێت لە گشت لاوە ھێرش بکرێتە سەر داعش، بێگومان داعش شپرزە دەبێت و تێکدەشکێت و تووشی گەورەترین شکست دەبێت لە مووسڵ".

بابەکر زێباری سەبارەت بەئایندەی داعش دوای لە دەستدانی بەشی راستی مووسڵ، گوتی: "ئایندەی داعش وەک ئایندەی رێکخراوی ئەلقاعیدەیە، ئەستەمە داعش لە مووسڵ کۆتایی بێت، چونکە بیابانەکی گەورە ھەیە لە ناوچەکە و بینا و باڵەخانە و تونێلی زۆر ئاڵۆز ھەن لە شارەکە ئەمە وا دەکات داعش ھاوشێوەی رێکخراوی ئەلقاعیدە بەناوچەکە بڵاو ببنەوە لە رێگەی چەند گرووپێکەوە چالاکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ھاووڵاتییان یان بنکە و بارەگاکانی سوپای عێراق بکەنە ئامانج".

سوپاسالاری پێشووی عێراق، بابەکر زێباری سەبارەت بە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال گوتی: "مانەوەی پەکەکە کێشەیە بۆ ھەرێمی کوردستان و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە، باشتروایە بەئاشتیانە دەربچێت. چونکە ھیچ ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی لە ئەستۆ نییە و ھیوادارین نەبێتە ھۆکارێک بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ".