دانیشتوانی موسڵ ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ ئامادەسازی بكەن بۆ شەڕ

شانەی راگەیاندنی جەنگی رایگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق ملیۆنەها بڵاوكراوەیان لە ئاسمانی لای راستی موسڵ هەڵداوەتە خوارەوە و تێیدا دانیشتوان ئاگادار دەكاتەوە، ئامادەسازی بكەن بۆ شەڕ.

هاوكات سەرچاوەیەكی سەربازی رایگەیاند "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە فڕۆكەخانەی موسڵ و سەربازگەی غەزلانی باشووری شارەكە خاڵە سەربازییەكانی داعیشان بۆردوومان كردووە و زیانێكی گیانی و مادی زۆریان پێگەیاندوون".

رۆژی سێشەمەی رابردوو حەیدرە عەبادی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەپاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی لای چەپی شاری موسڵ لەدەست داعش راگەیاند.