ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵ دەستی پێ کرد

image

هێزە عێراقییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ کرد.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنەکلەی راگەیاند.

حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە، کە ئەرکی کلە پێشینەی هێزەکانیان رزگارکردنەوەی مرۆڤە ئینجا خاک، ”هەموو دامودەزگاکانمان راسپاردووە هاوکاریی هاووڵاتییانی ناوچە رزگارکراوەکان بکەن“.

بەپێی زانیارییەکان، لە کاتژمێرەکانی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، گوندی باخیرە لە رۆژئاوای شارۆچکەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای شاری مووسڵ، رزگار کرایەوە.

رۆژی شەممە 18.2.2017، هێزە عێراقییەکان رایانگەیاند، کە لە چەند کاتژمێری کەمی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنەکە دەست پێ دەکات.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش  هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.

 

س: باس نیوز