سکرتێری مەکتەبی سیاسی له‌گه‌ڵ تاریا كانتۆلادا كۆ بووه‌وه‌

image

له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی فینلەندا و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی فینلەندا، (فازڵ میرانی) ڕایگه‌یاند، كورد مافی خۆیەتی هەنگاو بنێت و ئامادەكاری بكات بۆ ڕاپرسی و مافی چارەنووس دوور لە توندوتیژی و ئەمە مافێكی سروشتیی هەموو گەلێكە بە پشتبەستن بە یاسای نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی فینلەندا و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی فینلەندا (تاریا كانتۆلا) كرد.
لە دیدارێكدا كە (هۆشیار سیوەیلی) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئامادەی بوو، (فازڵ میرانی) وێڕای خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەت و، دواپێشهات و پەرەسەندنەكان و قارەمانێتی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داعش خسته‌ به‌ر باسه‌وه‌.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، هاوكات كورتەیەكی لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد بە تایبەتی و رۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق و نەهامەتیەكانی لە ئەنفال و كیمیارابان و وێرانكردنی لادێكانی و بێسەروشوێنكردنی 8 هەزار بارزانی، سەرەڕای نەهامەتی و ئێش و ئازاری گەلی كورد بە درێژاییی مێژوو هێنایه‌ به‌ر باس و، ڕایگه‌یاند، ''گەلی كورد هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاادی بووه‌ و لە ئێستادا لە ڕێڕەوی خەباتی خۆیدا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە خواست و ئامانجەكانی لە ڕێگەی دیالۆك و لێكتێگەیشتن. ئێستایش كورد مافی خۆیەتی هەنگاو بنێت و ئامادەكاری بكات بۆ ڕاپرسی و مافی چارەنووس دوور لە توندوتیژی و ئەمە مافێكی سروشتیی هەموو گەلێكە بە پشتبەستن بە یاسای نێودەوڵەتی.''
(میرانی) هه‌ر لەو دیدارەدا ئاماژەی بە رۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە و پارێزگاریكردن لە بەها بەرزەكانی مرۆڤاقەتی و، باسی فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبووردەییی ئایینی و نەتەوەییشی لە كوردستان كرد.
لەلای خۆیەوە (ئاریا كانتۆلا) سوپاسی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و هاوسۆزیی خۆی و گەلەكەیشی بۆ خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد دەربڕی و هیوای خواست، زیاتر بە خواستی میللەتی كورد ئاشنا بێت.
لە كۆتاییدا (میرانی) دووپاتی كردەوە كە پێویستە هەماهەنگی و هاوكاریی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر بێت بۆ بنبڕكردنی هزری توندڕۆیی، چونكە تیرۆریستان مەترسین لەسەر هەموو جیهان، سوپاسی گەل و دەوڵەتی فینلەندایشی كرد بۆ هاوكاریی سەربازی و ناردنی راهێنەر و راوێژكاری سەربازی بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە
هه‌والی تر