قاسم دربۆ: حەشدی شەعبی فێڵی لە ئەمەریکا و کوردانی ئێزدی کرد

image

فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، لەبارەی ڕزگارکردنی ئەو چەند گوند و کۆمەڵگایەی سنووری شنگال لە چنگ داعشدا مابوون، حەشدی شەعبی فێڵی لە ئەمەریکا و ئەو چەکدارە کوردە ئێزدیانە کردووە کە لە ڕیزەکانی ئەواندا دەجەنگن.
(قاسم دربۆ) کە فەرماندەیەکی هێزی پیشمەرگەی کوردستانە لە شنگال، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرای کرد "حەشدی شەعبی لە ھێرشکردنە سەر ناوچەکانی شنگال فێڵیان کردبوو، حەشد ئەمەریکای وەها تێگەیاندووە کە چەکدارەکە کوردەکانی ئێزدی ھێرش دەکەنە سەر ناوچەکانیان و حەشد تێیدا بەشدار نابن، بەڵام دواتر دەرچوو ئەمە ڕاست نییە."
لە ساڵی ٢٠١٤ـدا تیرۆریستانی داعش لە بۆشاییی سوپای عێراقدا گەمارۆی شنگالیان دا و داگیریان کرد، کارەساتێکی گەورەیان بەسەر خەڵکی شنگالدا هێنا و تاوانی گەورەیان دژ بە کوردانی ئێزدی ئەنجام دا، لە جینۆساید و ڕفاندنی کچ و ژن و منداڵەوە تا گەلێک تاوانی دیکە، کەچی بەغدا هیچ دەستێکی یارمەتیی بۆ شنگالییەکان درێژ نەکرد، بەڵکو هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی فریای کوردانی ئێزدی کەوت و لە ١٣/١١ـی ٢٠١٥ شنگالی ئازاد کردەوە و دەیپارێزێت. بۆ ئازادكردنی رێگەكان و چیای شنگال و شنگال، پێنجسەد پێشمەرگە شەهید بوون. نووسینگەیەکی تایبەت بۆ رزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردانی ئێزدی دامەزرا کە سەرۆکی حکوومەت چاودێری دەکات و، زۆر کچ و ژن و منداڵی ڕفێندراویان ڕزگار کردوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی (دربۆ)، جیا لەوەی لەم هەڵمەتی ڕزگارکردنی چەند گوند و کۆمەڵگاکانی ئێزییان، حەشدی شەعبی چەندان بەڵێنیان بە کوردانی ئێزدی دابوو، ئەو دەڵێ، "ئەوکات زیاتر لە ٣٠٠ کەس چوونە ناو حەشدی شەعبییەوە و گوایە فەوجیان بۆ دروست دەکەن و چەک و پێداویستیی سەربازی و پارەیان دەدەنێ، بەڵام کە چوونە ناو حەشدی شەعبییەوە، نەک ھیچیان نەدانێ بگرە نانیش نەبوو بیخۆن، سەربار ٣ کەس لەو ٣٠٠ چەکدارە بەھۆی بۆمبەوە گیانیان لە دەست دا و سێی دیکەش بریندار بوون، پێم وایە ئێستا ئەوان هێدی هێدی ریزەکانی حەشدی شەعبی جێدێڵن، چونکە لە بێبەڵێنیی ئەوان تێگەیشتوون."
وەک ئەوەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی دەکات، ئەو ٣٠٠ چەکدارەی لە لایەن حەشدی شعبییەوە خەڵەتێندراون، پاش ئەوەی بۆیان ڕوون بووەتەوە ڕاستیی بابەتەکە چییە، زۆرێکیان پەیوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە بۆ ئەوەی لە دەستی حەشدی شەعبی رزگاریان بێت و گوتی، "تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠کەسیان گەڕاونەتەوە و ریزەکانی حەشدی شەعبییان جێھێشتووە، چونکە زانییان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە فێڵیان لێکراوە."
هه‌والی تر