ڤیان دەخیل: بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ مانەوەى چەکدارانى حەشدى شەعبى نین لەو ناوچانەى سنوورى شنگال، بەڵکو ناوچەى کوردستانین و دەبێت لەژێر چاودێرى هێزى پێشمەرگە بێت.

image

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڤیان دەخیل رایگەیاند "حەشدى شەعبى بەرچاو روونییەکیان بە ئێمە داوە کە دواى تەواوبوونى ئۆپەراسیۆنەکەیان لە سنوورى شنگال و کۆتایی هاتنى داعش لە ناوچەکە نامێنن، ئەمەیش لەسەر داواکارى خۆمان بووە".
ڤیان دەخیل لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دژایەتى خۆى لە مانەوەى چەکدارانى حەشدى شەعبى لە سنوورى شنگال راگەیاند و گوتى: "هەرچەند باشتر وابوو هێزەکانى پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکانى سنوورى شارۆچکەى شنگالییان کۆنتڕۆڵ بکردایەوە، بەڵام حەشدى شەعبى بە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵستا، ئێمە لەو باوەڕەداین کە هاوپەیمانان ئاگادار بوون لەو ئۆپەراسیۆنە، چونکە واى نابینم حکوومەتى عێراق بتوانێت هەنگاوێکى لەو چەشنە بنێت بە بێ هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژبە داعش".
ڤیان دەخیل گوتیشى: "گەنگەشەى ئەوەمان کردووە کە ئاخۆ حەشدى شەعبى دواى تەواو بوونى ئۆپەراسیۆنەکە و کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچە کوردستانییەکانى سنوورى شنگال لە دەست داعش دەمێننەوە یان نا، فەرماندە باڵاکانى حەشدى شەعبى بەرچاو روونییەکیان بە ئێمە داوە کە لەو ناوچەیە نامێننەوە، بەڵکو تەنها ئامانجیان رزگارکردنى ناوچەیەکە لە دەست داعش".
ناوبراو نیگەرانى خۆیشى دەربڕى بەرامبەر بە راکێشانى گەنجانى کوردى ئێزدى بۆ ناو ریزەکانى حەشدى شەعبى و رووى قسەکانى کردە کەسایەتى دیارى شنگال، نایف جاسۆ کە پێش ماوەیەکە خۆى و چەند چەکدارێک لە بنەماڵەکەى چوونەتە ریزى حەشدى شەعبى، ئەو هەڵسوکەوتەى نایف جاسۆ و چەکدارەکانى بە هەڵە دەزانێت و بە دوور لە بەرژەوەندییە باڵاکانى کوردانى ئێزدى وەسف دەکات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێكهاتەی ئێزدی، ڤیان دەخیل باس لە پێکهێنانى ئیدارەیەکى نوێ بۆ پارێزگاى نەنیەوا دەکات دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى پارێزگاکە لە چنگ چەکدارانى داعش و دەڵێت "دواى کۆتایی هاتنى داعش لە مووسڵ تووشى زۆر قەیران و کێشەى دیکە دەبینەوە، یەکێک لەو کێشانە دەستوەردانى حەشدى شەعبییە لەو ناوچەى بوونیان هەیە، چونکە سوننە و هەرێمى کوردستان خۆسەپاندنى حەشدى شەعبیان قبووڵ نییە لە ناوچەکە و هەروەها چەندین کێشەى دیکەیش رووبەڕووى هاووڵاتییانى تەواوى سنوورى پارێزگاى نەینەوا دەبێتەوە بە سنوورى شارۆچکەى شنگالیشەوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنى مووسڵى دواى داعش پێشنیازى ئەوەمان کردووە حاکمێکى مەدەنى و ئەنجوومەنێکى دادوەرى لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق بە سەرپەرشتى هاوپەیمانان بۆ بەڕێوەبردنى مووسڵى دواى داعش دابنرێت".
دەشڵێت "ئەمریکا و فەڕەنسا و چەند وڵاتێکى دیکەمان لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو ئیدارەیەى پارێزگاى نەینەوا ناتوانێت رووبەڕووى قەیرانەکانى مووسڵى دواى داعش ببێتەوە، چونکە ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا لە ئێستادا بە چەندین خاڵى لاوازى کارگێڕیدا گوزەر دەکات، خودى پارێزگارى نەینەوا یەکێکە لە خاڵە لاوازەکان، چونکە نە پاشخانێکى سیاسى هەیە نە پاشخانێکى کۆمەڵایەتى، بۆ ئەوەى تووشى قەیران و کێشەى زیاتر نەبین، داوامان لە وڵاتانى زڵهێز کردووە حاکمێکى مەدەنى و ئەنجوومەنێکى دادوەرى بۆ بەڕێوەبردنى پارێزگاى نەینەوا دابنرێت، تا ئەو کاتەى دۆخەکە لە تەواوى سنوورى پارێزگاى نەینەوا ئاسایی دەبێتەوە و، مووسڵى جاران دەگەڕێتەوە کە ئەم قۆناغەیش نزیکەى سێ ساڵ دەخایەنێت".
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق جگە لەوەى بوونى چەکدارانى پەکەکە لە شنگال بە بەربەست لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەى شنگال و گەڕانەوەى ئاوارەکان دەزانێت و دووپاتى دەکاتەوە دژى مانەوەی پەکەکەشن لە شنگال، بە هەمان شێوەیش ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا تۆمەتبار دەکات بەوەى بەشە بوودجەى شارۆچکەى شنگال بە هەدەر دەبات و ئەو بەشە بوودجانەى بۆ شنگال تەرخان دەکرێت، بۆ شارەکە خەرج ناکرێت، ئەمەیش کاریگەرى نەرێنى لەسەر پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال هەبووە، بۆیە دانانى حاکمێکى مەدەنى و ئەنجوومەنێکى دادوەرى، پارێزگاى نەینەوا لەو گەندەلییانە رزگار دەکات و دەبێتە هۆى کۆتایی هێنانى کێشە سەربازییەکان و بەڵکو ببێتە هۆى نەهێشتنى گرووپە نادەستوورییەکانى ناوچەکەیش".
هه‌والی تر