كريم سنجارى، وه‌زيرى ناوخۆ و وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ ستيڤن ڤانده‌پوت، وه‌زيرى به‌رگرى به‌لجيكا كۆبووه‌

image

له‌ ميانه‌ى سه‌ردانى به‌ڕێز كريم سنجارى بۆ به‌لجيكا بۆ به‌شدارى كردن له‌ كۆنفڕانسى تايبه‌ت له‌ په‌رله‌مانى يه‌كێتى ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ قۆناغى دواى داعش، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ستيڤن ڤانده‌پوت كۆبووه‌.
له‌سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێز ستيڤن ڤانده‌پوت، به‌گه‌رمى به‌ڕێز كريم سنجارى وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ى به‌ وه‌كاله‌ت به‌خێرهێنا و گووتى خۆشاڵم كه‌ له‌ بڕۆكسل جارێكى تر كۆده‌بينه‌وه‌ بۆ باسكردنى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى نێوانمان.
هه‌روه‌ها باسى له‌ هاوكارى و پاڵپشتى حكومه‌تى به‌لجيكا كرد بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و چاره‌سه‌ركردنى برينداره‌كان و مه‌شق و ڕاههێنان و رايگه‌ياند كه‌ له‌دواى شه‌ڕى داعشيش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكارييه‌كانيان. هه‌وڵى جيدى ده‌ده‌ن بۆ زيادكردنى هاوكارييه‌كان به‌ تايبه‌تى له‌رووى چاره‌سه‌ركردنى بريندارانى پێشمه‌رگه
له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌ڕێز كريم سنجارى به‌ناوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سوپاس و پێزانين خۆيان ده‌ربڕى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى سه‌ربازى وڵاتى به‌لجيكا بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ بوارى دروستكردنى تواناكان و دابين كردنى كه‌لوپه‌لى سه‌ربازى بۆ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و چاره‌سه‌ركردنى پێشمه‌رگه‌ برينداره‌كان كه‌ چاره‌سه‌ريان له‌ هه‌رێمى كوردستان نيه‌.
به‌ڕێز سنجارى پوخته‌يه‌كى سه‌باره‌ت به‌ پێداويستيه‌كان و پرسى راهێنان و مه‌شق پێكردنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و برينداره‌كان خسته‌روو و داواى كرد كه‌ به‌رده‌وام بن له‌ هاوكارى كردنى هه‌رێمى كوردستان و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌ پێشوه‌يه‌كى پێشكه‌وتوو ئاسايش و به‌رگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن له‌ ئايينده‌.
هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كى سه‌باره‌ت به‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى به‌ره‌كانى شه‌ڕ و شه‌ڕى داعش و قۆناغى داوى داعش باس كرد و داواى كرد كه‌ له‌ دواى شكاندنى داعش له‌ رووى سه‌بازى ئه‌وا پاڵپشتى و هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى پێويسته‌ بۆ نه‌هێشتنى ئايدۆلۆژى داعش و توندڕه‌وى به‌گشتى.
له‌ كۆتاييدا، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامى گفتوگۆ و هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى له‌ شه‌ڕى دژى داعش و قۆناغه‌كانى دواى داعش بۆ نه‌هيشتنى بيڕو ڕاى توندوتيژى و ئايدۆلۆژياى توندڕه‌وى بۆ مسۆگه‌ركردنى سه‌قامگيرى و ئاشته‌وايى بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ عێراق. شايانى باسه‌ به‌رێز دلاوه‌ر ئاژگه‌يى، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ يه‌كێتى ئه‌وروپا ياوه‌رى به‌ڕێزيان بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌.
هه‌والی تر