ھۆشیار سیوەیلی: ھیچ وڵاتێک بە ئەندامانی ھەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایشیشەوە دژی ریفراندۆم نین

image

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، تا ئێستا ھیچ وڵاتێک دژایەتیی پرۆسەی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستانی نەکردووە، بەتایبەت ئەو پێنج وڵاتەی کە ئەندامی ھەمیشەیین لە ئەنجوومەنی ئاسایش و گوتیشی، پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت و پاشگەزبوونەوەی نییە.
بەشێکی کەم لە مێدیای دەرەوە و دەستگاکانی ڕاگەیاندنی نێوخۆ، بە فراوانی خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگندەن و هەوڵی دروستکردنی ترس لە ناو خەڵکی باشووری کوردستان دەدەن.
سەرچاوەکانی ئاگادار لە سیاسەتی دەولی و هیی نێوخۆیش، ئەم پرۆپاگندانە کە باس لە دژایەتیی هەندێ لە وڵاتان بە دروستکراو و بێبنەما وەسف دەکەن و، جەخت دەکەنەوە کە، ئامانجیان تەنیا ساردکردنەوەی خەڵکی کوردستانە لە بەشداریکردن و بڕیاردان لە مافی چارەنووس، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو پرۆپاگندانە بەهایەکیان نییە.
لەوبارەوە بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (ھۆشیار سیوەیلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "رای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆم ئیجابییە و، ھیچ وڵاتێک بەشێوەیەکی فەرمی دژایەی ڕاپرسییەکەی ھەرێمی کوردستانی نەکردووە و ھەڵوێستی تورکیایش بە نەرێنی نابینین، وڵاتانی دیکەش ئەوانەی بەفەرمی رای خۆیان نیشان داوە دژ نەبوونە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمداینە و پێمان وایە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەوکات ھەڵوێستی رای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پۆزەتیفتر دەبێت ".
(سوەیلی) دەڵێ، "ھەرکاتێک ئێمە سەربەخۆییمان راگەیاند، ئەوکات پێویستمان بەوە دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیری لە ئێمە بکات، بەتایبەت وڵاتانی ئەندامی ھەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایش و بە لایەنی کەمەوە ڤیتۆ بەکار نەھێنن، بۆیە لەئێستادا ھەڵوێستی ھەرپێنج وڵاتە زلهێزەکە پۆزەتیفە."
دەربارەی ئەوەیش کە ئەمەریکا چ هەڵوێستێکی هەیە، رایگەیاند، "ئەمەریکا ھیچ گوشارێکی لەسەر ھەرێمی کوردستان نەکردووە و تەنیا لەسەر کاتەکەی رای جیاوازیان ھەیە، لەوەی کە ریفراندۆم ببێتە ھۆی لاوازیی بەرەی دژەتیرۆر و (سەرۆک بارزانی)ـیش ئەوەی بۆ ئەمەریکا ڕوون کردۆتەوە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ھیچ وڵاتێک دژی پرۆسەی ریفراندۆمی باشووری کوردستان نییە."
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەموو لایەنەکان یەکھەڵوێست بن و پێکەوە کار بۆ ئەو پرۆسەیە بکەن، ھەنگاوێکی زۆر گرینگ دەبێت؛ هەڵبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بەو ئاراستەیەدا کار دەکات کە کۆدەنگیی نیشتیمانی بێتە کایەوە و، ئەوانەی ھەڵوێستی نێگەتیڤیشیان ھەیە، بێن و بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن، خۆ ئەگەر نەیشھاتن لیژنەی باڵای ریفراندۆم ھەیە و کاری خۆی دەکات".
هه‌والی تر