نەجات حەسەن: هەموومان یەك بەرەین.. ده‌روازه‌ی ڕاپەڕین چاوەڕوانی 25/9 دەكەن

image

بەرپرسی لقی 11ـی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین رایگەیاند، "پێویستە هەموومان دەست بخەینە ناو دەستی یەكدی، چونكە ریفراندۆم بابەتێكی هەمەلایەنەیە و بە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانەوە گرێ دراوە نەك تەنیا حزب و لایەنێكی سیاسی، خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینیش بە ئومێدەوە چاوەڕوانی 25/9 دەكەن بۆ ئەوەی بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن".
(نەجات حەسەن)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ریفراندۆم گۆڕانكارییەكی نەوعییە لە ڕای جەماوەردا و رۆژ بە رۆژ نزیكتر دەبینەوە لە ریفراندۆم، بۆ ئەوەی دەنگی خۆمان بۆ سەربەخۆیی بدەین، خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینیش وەكو خەڵكی هەموو ناوچەكانی دیكە، بە ئومێدەوە چاوەڕوانی 25/9 دەكەن بۆ ئەوەی بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن".
بەرپرسی لقی 11ـی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "ئێمە بەو ئاڕاستەیە كار دەكەین كە دووبەرەیی نییە لە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەرەی ریفراندۆم و بەرەی دژی ریفراندۆم، ئێمە هەموومان یەك بەرەین، بەرەی كوردایەتی، بەرەی خزمەتكردنی كوردستانە خۆشەویستەكەمان، بەرەی ڕزگاریی نیشتمانین، بەرەی خۆڕزگاركردنین لە ژێردەستەیی و ستەم و چەوسانەوە و خۆبەستنەوە بە بەغدا، بۆیە خەڵكی ناوچەكە بە ئاڕاستەی یەكبەرەیی كار دەكەن، ئەویش دەنگدانە لە رۆژی 25/9 بە بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان."
(حەسەن) زیاتر گوتی: "ئێمە لەگەڵ حزبی شیوعی كۆبوونەوەمان هەبوو، بە بایەخەوە باس لە بابەتی ریفراندۆم و خزمەتكردن بە گەلی كوردستان و یەكدەنگی، یەكڕیزی و نزیككردنەوەی بیر و بۆچوونەكان و لابردنی تەوژمی مەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان كرا، بە ئاڕاستەی گوتارێكی سەردەمیانە كە لە خزمەتی گەلەكەماندا بێت، بۆیە داوا دەكەین هەموومان دەست بخەینە ناو دەستی یەكدی، چونكە ریفراندۆم بابەتێكی هەمەلایەنەیە، بابەتی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانە، بە هەموو تاكێكەوە گرێ دراوە، نەك تەنیا بە حزب و لایەنێكی سیاسییەوە".
هه‌والی تر