عێراق و تورکیا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک رێکه‌وتن

image

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا، رۆژی شەممە 7-1-2017 لە شاری بەغدا كۆبوونەوە و لەسەر 9 خاڵێك رێككەوتن، بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، خاڵەكان بریتین لە:
1- هەردوولا جەختیان لەسەر ئەمن و ئاسایش و دژایەتیكردنی تیرۆر و پاراستنی سەروەری و یەكێتی خاكی عێراق كردەوە.
2- سەربازگەی باشیك بنكەیەكی سەربازی عێراقییە.
3- لایەنی عێراقی هەڵوێستی خۆی لەسەر بنكەی ساربازی باشیك دووپاتكردەوە و داوای كرد لایەنی توركیش هەنگاو بۆ كشانەوە و كۆتاییهێنان بەو پرسە بنێت، لەپێناو پاراستن و سەروەری خاكی عێراق.
4- جەخت لەسەر هاوكاری و بازرگانی و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە كرایەوە كە بەهۆی تیرۆرەوە وێرانبوون، لەو پێناوەشدا سەرجەم رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵات چالاك دەكرێنەوە.
5 - هەردوولا رێككەوتن لەسەر هاوكاریكردنی زیاتر لە بەڕێوەبردنی هەردوو رووباری دیجلە و فورات و پڕۆژەكانی دیكەی ئاو.
6 - حكومەتی توركیا دەستخۆشی لە سوپای عێراق دەكات بەرامبەر پێشڕەوییەكانی لە موسڵ.
7- هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن هیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی نەبێتە هەڕەشە لە خاكی یەكێكیانەوە بۆ سەر ئەوی دیكەیان.
8- هەردوولا لەسەر هاوكاریكردن و ئەنجامدانی كاری هاوبەش لە بوارەكانی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و.. هیتد رێككەوتن.
9- هەردوولا لەسەر پلانێكی ستراتیژی رێككەوتن بۆ ئەنجامدانی كار و چالاكی هاوبەش، لەپێناو سەقامیگری ناوچەكە و رێگەگرتن لە دروستبوونی شەڕی تایفی.