ترەمپ: کۆبوونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری ئەرێنی بوو

image

دۆنالد ترەمپ، سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە وردەکارییەکانی هێرشە ئینترنێتییەکانی کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری ئاگادار کرایەوە.
ترەمپ ئەو کۆبوونەوەیەی بە ئەرێنی نرخاند و گوتی: زۆر رێز لە چالاکییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا دەگرێت و لە هەمانکاتدا جەختی کردەوە کە هێرشە ئینترنێتییەکان بۆسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکاش بە پەیامنێرانی راگەیاند: دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی رایگەیاندووە، لە یەکەمین رۆژانی ئامادەبوونی لە کۆشکی سپی بە مەبەستی بەرەنگار بوونەوەی هێرشە ئینترنێتییەکان هەنگاوی خێرا دەنێت.
دامەزراوە ئەمنییەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا دەڵێن رووسیا دەستی لە هێرشە ئینترنێتییەکانی رابردوودا هەبووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، دیموکراتەکان لە بەرگریی ئینترنێتیدا کەم هێز بوونە و هێرشەکانی رووسیاش جێگەی گومانن.