کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، دەتوانێت هاوکاریی کوردستان بکات

image

لە رۆژی سێشەممەوە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەستی پێکردووە و ئەمساڵیش مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهیشتی کۆڕبەندەکە کراوە.
زۆرێک پە پرسە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان لە رابردوودا لە میانەی بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕبەندە چارەسەر کراون، ئەوە دەرفەتێکە بۆ کوردستانیش تا سەرنجی رێبەرانی جیهان بۆ کێشەکان و پرسە گرینگەکانی رابکێشێت.
ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەو کۆڕبەندە بەڕێوەدەچێت کە ئابووری گشتی جیهان لە پەرەسەندن دایە سەرەڕای ئەوەی کە ئابووری هەندێک وڵات و لەوانەش هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە. جگە لەمە لەو کۆڕبەندە تەنیا تاوتوێی پرسی ئابووری ناکرێت و پرسە سیاسییەکانیش بەشێکی گرینگی دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە پێکدەهێنن. کۆتایی هاتن بە داعش و پرسی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی عێراق لەوانەیە بەشێکی گرنگ بێت لە مشتومڕەکانی رێبەرانی جیهان لەو کۆڕبەندە. ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک تازە عێراق رزگار کرابوو لە لایەن کۆڕبەندەکە سەنتەرێکی بازرگانی عەرەبی بنیات نرا و ویسترا دوای عێراق ئاوەدانی و ئاسایش بەرپا بکرێت.
جگەلەمە کۆڕبەندەکە هاوکاری چاکسازی ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی کردووە و هەرێمی کوردستان کە دەیەوێت چاکسازی بکات و تەنگژەی دارایی تێپەڕێنێت دەتوانێت ئەو کۆڕبەندە لە سودی خۆیدا بقۆزێتەوە.
کۆڕبەندی ئابووری جیهان بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی لە شاری داڤۆسی سویسرا لە لایەن کلاوس شواب بەڕێوەچوو و مەبەستەکەش لەو کۆڕبەندە ئەوە بوو رێبەرانی ئابووری و وەبەرهێنەرانی ئەورووپا کە پاشان بوو بە هیی جیهان، کۆببنەوە و تاوتوێی پرسە ئابوورییەکان بکەن ئەوکات شواب لە زانکۆی جنێف مامۆستا بوو. یەکەم وتاری کۆڕبەندی ئەمساڵیش هەر لە لایەن شواب پێشکەش کرا.
لەو کاتەوە ئەرکەکانی ئەو کۆڕبەندە ساڵ بە ساڵ فراوانتر بووە و تەنانەت ناوەکەشی لە کۆڕبەندی کارگێڕیی ئەورووپا بۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهان گۆڕی و ویستی جگەلە تاوتوێکردنی پرسە ئابوورییەکان هەنگاو بۆ جارەسەری پرسە سیاسییەکانیش بنێت.
کۆڕبەندی داڤۆس سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانە زۆرێک لە رێبەرانی جیهان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە لە هەمان کاتدا شوێنێکیشە بۆ ئەوەی بەشیک لەو کەسانەی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی جیهان نارازین لە بەردەم کۆڕبەندەکەدا نارەزایی دەرببڕن پەیامەکانیان بگەیەنن.
دامەزراوەی ئاکسفام کۆڕبەندی داڤۆسی بە گرنگترین دامەزراوەی راوێژکاری و بڕیاردانی ئابووری جیهان هەژمار کردووە کە دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتە ئابوورییەکان بە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسییەوە گرێ بدرێن. ئاکسفام هەروەها باسی لەوەش کردووە کە کەمینەی خاوەن دەسەڵاتی ئابووری جیهان لە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە جیهاندا و چۆنیەتی بەرێوەبردن، لە شێوەی بەڕێوەبردنی ئابووری بەفێڵ بووە و هەر ئەوەش وای کردووە سیستەمی دیموکراسی لاواز ببێت و دۆخێک بێتە کایەوە کە ئەمڕۆ ٨٥ کەس لە دەوڵەمەندترین کەسانی جیهان خاوەنی نیوەی هەموو سامانی جیهان بن.
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس جگە لە رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ وڵاتانی جیهان لە هەمان کاتدا داهاتیشی هەیە و ئەو داهاتەشی لە مافی ئەندامییەتی کۆمپانیاکانی جیهان دەست دەکەوێت. هەزار کۆمپانیای گەورەی جیهان ساڵانە برێک پارە بە کۆڕبەندەکە دەدەن.
لە ساڵی ١٩٧٤ەوە جگە لە رێبەرانی ئابووری جیهان رێبەرانی سیاسیش بانگهێشتی کۆڕبەندەکە دەکرێن ساڵی ١٩٨٨ کە شەڕی نێوان یۆنان و تورکیا بوو لە کۆڕبەندەکەدا رێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ کرا و ساڵێک دواتر لە هەمان کۆڕبەند کۆریای باکوور و کۆریای باشوور کۆتاییان بە ململانێکانیان هێنا.
یەکێکی تر لە گرنگترین چالاکییە سیاسییەکانی ئەو کۆڕبەندە دروستکردنی ئەڵمانیای یەکگرتوو بووە هەر دوو ئەڵمانیای رۆژهەڵات و رۆژئاوای بە یەکتر گرێ دا و مشتومڕ و دانوستانەکان هەر لەو کۆڕبەندە ئەنجام دراون.
لەو کاتەوە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو کۆڕبەندە ئەوەندە فراوان بووە کە باس لە هەموو پرسێکی جیهانیی دەکات.
ساڵی ١٩٧٩ کۆڕبەندەکە بوو بە یەکەم دامەزراوەی تایبەتی کە هاوکاری کۆمسیۆنەکانی پەرەپێدانی ئابووری چینی کرد و سیاسەتی چاکسازی ئابووری ئەو وڵاتەی پەرە پێدا و جێبەجێی کرد.
لە ساڵی ١٩٩٢ سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور چاوی بە نێلسۆن ماندێلا و مانگوسوتزو کەوت و یەکەم هەنگاوی هاوکاری ئەوان لە دەروەی ئەفریقای باشوور دەستی پێکرد. ئەو هاوکارییانە رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی لەو وڵاتە گۆڕانکاری سیاسی بێتە کایەوە. ساڵی ١٩٩٤ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات سەرۆکی فەلەستین رەشنووسێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە کەرتی غەزە واژۆ کرد.
ساڵی ١٩٩٩ کوفی عەنان سکرتێری گشتی ئەوکاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی پێوەندی جیهانیی نێوان مرۆڤ و بازاڕی جیهانیی هێنایە بەرباس و گفتوگۆ.
ساڵی ٢٠٠٠ سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای هاوکاری جیهانی کرد بۆ کوتان و پاراستنی تەندروستی.
ساڵی ٢٠٠٢ کۆڕبەندەکە تۆڕی رووداوە سروشتییەکانی بنیات نا و مکانیزمی ئەوەی هێنایە بەرباس کە یەکەکانی پیشەسازی و ئەندازیاری و گواستنەوە کە کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لە کەمکردنەەی کاریگەرییەکانی زیانەکانی رووداوە سروشتییەکان چالاک بکرێن.
ئەوکات سەرۆک وەزیرانی کەنەدا سندووقێکی تایبەت بە یارمەتیدانی ئەفریقای بە سەرمایەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ئاشکرا کرد بۆ پشتگیریکردن لە پڕۆژەکانی جیهان بۆ پەرەپێدانی ئەفریقا. هاوکات دامەزراوەی گیتس ٥٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز و ٢٠ ملیۆن دۆلاریشی تەرخان کرد بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شێوازەکانی رێگریکردنی ئەو نەخۆشییە بۆ نێو ئافرەتان.
ساڵی ٢٠٠٣ کونسوڵی بازرگانی عەرەبی بنیات نرا. دروستکردنی ئەو کونسوڵە دوای ئەوە هات کە عێراق رزگار کرابوو و ویسترا دوای عێراق ئاوەدانی و ئاسایش بەرپا بکرێت . هەر لەو ساڵەدا ناوچەی ئازادی بازرگانی نێوان ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پێناو پەرەپێدانی بازاڕی رەکابەری نێودەوڵەتی بنیات نرا.
ساڵی ٢٠٠٦ رێبەرانی ئابووری جیهان رێککەوتن رەوتی دانوستانەکانیان سەبارەت بە رێکخراوی بازرگانی جیهانی پەرە پێبدەن و سەبارەی بە هەندێک بازرگانی گرینگی نێودەوڵەتی وەک بەرهەمەکانی کشتوکاڵ هاوبڕیار بن. هەر لەو ساڵەدا بەرنامەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی سیل دانرا و ٤٠٠ کۆمپانیا بۆ درمانکردنی ٥٠ ملیۆن تووشبووی جیهان دەستبەکار بوون.