ترەمپ: لە عێراق شتێک نییە بە ناوی حکومەت و بەدەست ئێرانە

image

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنە لە ئیدارەی پێشووی وڵاتەکەی دەگرێ کە عێراقی بەجێهێشتووە و، بووتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەک بۆ ئێران و داعش، دووپاتیدەکاتەوە دەبوو دەستیان گرتبایە بەسەر نەوتەکەشیدا.
ترەمپ رایگەیاند "عێراق و ئێران دوو هێزی سەربازی وەکو یەکدی بوون، چەندین ساڵ بەیەکەوە شەڕیان بوو، تاهەتایەش بەردەوام دەبوون، بەڵام ئەمریکا هەڵەی کرد، چووە نێو عێراق و دای بە دەست ئێران".
ترەمپ هەروەها دەڵێ "نەدەبوو کە چووینە عێراق، بەجێمان بهێشتایە، بۆشاییەکمان دروست کرد، ئێران و داعش پڕیانکردەوە".
بەڕای سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لە عێراقی دوای ئەمریکا، حکومەت نەبووە و ئێستاش نییە، بۆیە دەبووایە ئەمریکا بمابایەوە و نەوتی عێراقی کۆنترۆڵکردبا، تاوەکو داعش سوودی لێ نەبێنێ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی ئەمریکی، باسی لەو رۆژانەش کرد کە وەکو سەرۆک دەستبەکاربووە.
ترەمپ، ئاماژە بەوە دەدات ئەرکی سەرەکیی ئەو، پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا و رێگەگرتنە لەوەی "تیرۆریست" بچێتە نێو خاکەکەیەوە. هەروەها دەڵێ "هەموو رێکار و رێساکان قورس دەکەین، لەسەر هەموو ئەو وڵاتانەی شەڕی تیرۆریان تێدایە".
ترەمپ، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا، بەڵێنی دا رێگە بگرێت لە چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش دیوارێکی گەورە لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ مەکسیک، دروست دەکات.
رێنماییەكانی تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ كۆچبه‌ران به‌ وه‌ستاندنی ڤیزە بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بۆ كۆمه‌ڵێك وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دەستپێدەكەن، لەوانە: عێراق، لیبیا، ئێران، سۆماڵ، سودان، یه‌مه‌ن و سووریا.
رۆژنامەنووسەکەی کەناڵی ئەی بی سی، دەپرسێ بۆچی سعودیە و پاکستان لەو لیستەدا نین، ترەمپیش لە وەڵامدا دەڵێ "چاوەڕوان بە، بۆ هەموو ئەو شوێنانە قورسی دەکەین کە دەبنە هۆی ناردنی کەسی کێشەدار بۆ وڵاتەکەمان".
ترەمپ، جارێکی دیکە رەخنەی لە ئەوروپا گرت کە دەرگایان بۆ کۆچبەران کردەوە و، دەڵێ "کارەساتێکی گەورەبوو". باس لەوەش دەکات، پلانی ئەو، ئەوەیە بەزووترین کات ناوچەی ئارام لە سووریا دروست بکات.
سەبارەت بە وەی کە بڕیاری رێگەگرتن لە کۆچبەران، نابێتە هۆی ئەوەی خەڵک توڕە بکات لە ئەمریکا، ترەمپ جەختدەکاتەوە لەوەی "لەوە زیاتر توڕەبوون چییە کە ئێستا هەیە! جیهان، خۆی ئێستا بریتییە لە جیهانێکی شڵەقاو، سەیری حەلەب بکە سەیری موسڵ بکە".
ترەمپ هەروەها دەڵێ، ئەمریکا شەش تریلیۆن دۆلاری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەرجکردووە، بە بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ترەمپ، رەخنە لە پلانی شەڕی موسڵ دەگرێ و دەڵێ "تێنەدەگەیشتم بۆ لە میدیاکان باسی پلانی سەربازیی ئەو شەڕەیان دەکرد و، دەیانگوت شەش مانگی دیکە، چوار مانگی دیکە، مانگێکی دیکە، هەفتەیەکی دیکە دەستپێدەکەین".
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کاتی شەڕی موسڵەوە هەروەها دەڵێ "ئەو قسانە، کاتیان دا بە دوژمن تاوەکو خۆی ئامادەبکات، بۆیە دەبینین ئێستا شەڕی موسڵ چەند سەختە".
سەرۆکی نوێی ئەمریکا هەروەها روونیدەکاتەوە "من، پلانم جیاوازە و هەرگیز پلانە سەربازییەکانم ئاشکرا ناکەم، کە جێبەجێمکردن پاشان باسیان دەکەم".
لەبارەی ناوخۆی ئەمریکاش، ترەمپ دەڵێ، کاری سەرەکی ئەو جگە لە پاراستنی ئاسایش، بریتیی دەبێ لە دۆزینەوەی کار. هەروەها دەڵێ "هیچ جێگەی قبوڵ نییە، کە دەبینین شیکاگۆ دۆخێکی ترسناکی هەیە و، رۆژانە وەکو ئەفغانستان خەڵکی لێ دەکوژرێت".
ترەمپ، کە وەکو 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، پێش سوێندخواردنی لەنێو کۆشکی سپی، کۆدەکانی بەکارهێنانی چەکە ناوەکییەکانی ئەمریکای نیشاندرا. باسی ئەو ساتە دەکات و دەڵێ "هەستێکی سەیر و ترسناک بوو، زۆر ترسناک بوو، چونکە پیشانیاندام کە بەکاریبهێنم چ وێرانییەکی لێدەکەوێتەوە".