بە مالکی و (ئەکرادەکەی) بڵێن: بەم یاسایە بارزانی سەربەخۆیی رادەگەیەنێت

image

عبدالسلام بەرواری
نوری مالکی لە سەرۆک بارزانی دەپرسێت: "بەكام یاسا تۆ دەتوانیت دەوڵەتی كوردی رابگەیەنیت"، وەک وەڵامدانەوەی قسەکانی سەرۆک بارزانی لە داڤۆس. ئەکرادی مالکیش بە مانشێت ئەم پرسیارەی مالکی یان بڵاوکردوە.
ئەوەی نە مالکی و نە ئەو کوردانەی بوونەتە بلنگۆی مالکی نازانن ئەو راستیەیە کە یاسای نێودەوڵەتی، رێگا بە بارزانی دەدات سەربەخۆیی و دەوڵەت رابگەیەنێت. ئەمەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەکەی مالکی و ئەکرادەکانی یە، و بۆ زانینی خوێنەری ئازیزە:
لە ٢٦ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٣٣، و لە حەوتەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی وڵاتانی کیشوەری ئەمریکادا، کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی (٢٠) دەوڵەت، لە شاری (مۆنتڤیدیۆ)ی پایتەختی (ئۆرۆگوای)، بەسترا، رێککەوتنامەیەک دەرکرا کە پاش ساڵێک و بە ئیمزای (١٩) لەو دەوڵەتانە وەک (رێککەوتنامەی مۆنتیڤیدیۆ) ناسراوە.
ئەم رێکەوتنامەیە لە ساڵی ١٩٣٦ لە لایەن (عصبە الامم)ەوە پەسەنکرا، و پاشان بووەتە بەشێکی سەرەکیی یاسای نێودەوڵەتی، بە پێی ماددەی (٢)، خاڵی (٤)ی جاردی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (یو ئێن).
ماددەی یەکەمی ئەم رێککەوتنامەیە مەرجەکانی دەوڵەت بەم شێوەیە دیاری دەکات:
دەوڵەت، وەک کەسایەتی نیودەوڵەتی، پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
‌أ. دانیشتوان کە بە بەردەوامی پێکەوە دەژین
ب. ناوچەیەکی دیاریکراو
ج. حکومرانی
د. توانای بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی تر
هەر وەها ماددەی شەش باس لەوە دەکات کە دانپێدان بە دەوڵەتێک تەنها نیشانەی رەزامەندییە لەسەر کەسایەتی ئەو دەوڵەتە، بە ماف و ئەرکەکانیەوە. ماددەی سێ ئاماژە بەوە دەکات، کە بۆ دەوڵەت هەیە، پێش دانپێدانیش، هەموو ئەرک و مافەکانی دەوڵەتێک پراکتیزە بکات.
بەمە دەردەکەوێت کە یاسای نێودەوڵەتی، ماف بە سەرۆک بارزانی دەدات، بێ گەرانەوە بۆ هیچ دەق و یاسا و بەهانەیەکی دیکە، سەربەخۆیی رابگەیەنێت چونکە ئەم قەوارەیەمان هەموو مەرجەکانی رێککەوتنامەی (مۆنتیڤیدیۆ)ی هەیە:
‌أ- خەڵکی کوردستان بە درێژایی زیاتر لە چوار هەزار ساڵ بە بەردەوامی هەن وەک مەیللەتێک.
‌ب- ناوچەیەک هەیە بە ناوی کوردستان کە سنوورە مێژوویی و جوگرافیەکانی دیارن.
‌ج- ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە جۆرێک لە حکومرانی هەیە و سەرەرای هەموو تێبینیەکان، توانراوە پیشان بدرێت کە توانای خۆ بەرێوەبردن، وەک مەرجێک، دابینکراوە.
‌د- هەرێمی کوردستان باشتر لە ژمارەیەکی زۆری دەوڵەتانی سەربەخۆ، و لەسەر ئاستێکی بەرز، پەیوەندیی سەرکەوتووی لەگەڵ کاریگەر و گەورەترین دەوڵەتانی جیهانی هەیە.
ئەو بەهانانەی چەند کەس و لایەن دەخەنە روو وەک (هەبوونی یەکریزی)، (ژێرخانی ئابووری)، و (پێشکەوتنی پیشەسازی)، . هتد، رێگر نین لەبەر راگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵکوو زۆربەیان دەرئەنجامی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆن، نەک مەرج بۆ سەربەخۆیی.
ئەگەر هەموو نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان بە درێژایی زیادتر لە سەد ساڵی لکاندنی بە زۆری وڵاتەکەیان بە عێراقیش لە بیر بکەین، و ئەگەر هەموو تاوان و مامەڵەی دوژمنکارانە و خراپی مالکی و دەسەڵاتدارانی بەغداش لە بیر بکەین، ئەوا یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندیەکان و تواناناکانی هەریمی کوردستان و سەرکردایەتیەکەی، رێگامان پێ دەدات سەربەخۆیی رابگەیەنین.