عەرەب ببن بە پێشمەرگە یان كورد بكرێن بە حەشدی شەعبی

image

ئاریان فەرەج

تەشكیلدانی هێزێكی پێشمەرگە لە عەرەبی رەسەن و دژە تیرۆر و هاوژیانی كورد لە ناوچەكانی نەینەوا، وەك هەر روداوێكی دیكە لای كورتبین و بوغزاوییەكان خراپ لێكدرایەوە و بە نەرێنی وەرگیرا و لەو بارەیەشەوە دیسان پەلاماری پارتی درا. 
پێشمەرگە هەر لە دێرینەوە هێزی پارێزەری گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە و ئازادیخواز و مودافع لە بەها ئینسانییەكان بووە، بۆیە هەر لە سەرەتای خەباتەوە لە ریزەكانی پێشمەرگەدا جیا لە كورد، غەیرە كوردیش هەبوون. چ جای ئێستا كە ناسنامه‌ی پێشمەرگە وەك هێزێكی داكۆكیكار لە بەها مرۆڤایەتییەكان لەهەركات زیاتر بۆ هەموو جیهان و ناوچەكە روونبۆتەوە و وەك هێزێك ناسراوە كە لە بری هەموو جیهان شەڕی تێكشكاندنی تیرۆری كرد و بەرگری لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان كرد و خاك و خەڵكی جیاجیای لە تیرۆر پاراست و داڵدەیدان. 
كاتێك جگە لە كورد، نەتەوەكانی دیكەی هاوتخوب و هاوژیانی كوردستان، جگە لە موسڵمانان، ئایین و ئایینزاكانی دیكەی مەزڵومی دەستی تیرۆر و توندرۆیی مەزهەبی، پێشمەرگە وەك فریادرەس دەبینن و داوادەكەن پێشمەرگە ناوچەكانیان بپارێزێ و تەنیا متمانە بەو دەكەن، كاتێكیش عەرەبەكانی هاوژیانی كورد لە ناوچە ئازادكراوەكاندا، چەكی پێشمەرگایەتی دەكەنە شان و چارەنوسی خۆیان بە كوردستان و پێشمەرگەوە دەبەستنەوە، ئەم دیمەنە جگە لە شانازی بەخۆ و بەپێشمەرگە و بە كوردستان، جگە لە نەشئەی سەركەوتنی بەها و ئەخلاق و پەیامی كورد، نابێ هیچ هەستێكی دیكە بوروژێنێ. 
ئەوانەی لەم دیمەنە رەخنە دەگرن، دەبێ زۆر بە قوڵی لەگەڵ دیمەنی شەرمئاوەری بوونی كورد بە حەشدی شەعبی بەراوردی بكەن، تا بزانن بوغز و كینە چۆن بەرچاوی گرتوون و هەموو شتێك بە لنگاوقوچی دەبینن. 
كاتێ عەرەب چەكی پێشمەرگایەتی دەكەنە شان، كوردایەتی وەك پەیام و ناوەڕۆكێكی ئینسانیی سەركەوتووی پەسەندكراو خۆی دەنوێنێ، دیموكراتی و فرەیی و یەكدی قبوڵكردن و هاوژییانی و لێبوردەیی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی سەردەكەون و گرەو دەبەنەوە. تیرۆر نائومێد دەبێ. بەڵام كاتێ بوغزاوییەكان هانی گەنجانی كوردی ئیزیدی و گەرمیانی و شەبەك و رۆڵەكانی دیكەی گەلەكەمان دەدەن ببنە چەكداری حەشدی شەعبی، كوردایەتی و ئازادیخوازی رەتدەكرێنەوە و پاشكۆیەتی بۆ مەزهەبگەرایی و توندرۆیی تائیفەچێتی جێ بە بەها ئینسانییەكان لەق دەكەن و زەبر بەر گەلی كوردستان و ئایندە و دۆزەكەی دەكەوێ. پێشمەرگە بە پەیامی ئینسانیانەوە شەڕی تاریكی دەكات و لەژێر خۆری پێشمەرگە و شەڕی دژ بە تاریكیدا هەموو كەس جێی دەبێتەوە، بە پێشمەرگەبوون گرتنەبەری رێگەی سەربەخۆیی كوردستان و تێكشكانی تیرۆرە. بەڵام هاندانی گەنجی كورد بۆ ئەوەی دوای حەشد بكەون، جگە لە تێوەگلاندن و بەخەساربردنی توانا مرۆییەكانی كورد لە گرەوێكی دۆڕاوی مەزهەبیی عەبەسیانەی بێ ئایندەدا، جگە لە پاشكۆیەتی و سەنگەرگرتن لە میللەتی كورد، هیچی دیكە نییە . 
ئەگەر هۆش و عەقڵ و نیشتمانپەروەری لای هەر كەسێك غایب نەبێ، لە بەراوردی هاوكێشەی (عەرەب ببن بە پێشمەرگە یان كورد بكرێن بە حەشد)، بە چ پێوەرێك ئەوەی دووەم پەسەندە !!!