هەڵبژاردنی عێراق هیچی بۆ كورد تێدا نییە

image

زکری موسا
یەكەم جار كە كوردستان بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراقی دوای سەددام بوو ڕێژەیەكی زۆر باشی كورسیی پارلەمانی مسۆگەر كرد و توانی ڕۆڵی بەرچاوی لە هاوكێشەكاندا هەبێت. چونكە هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو و دەنگی كورد بە هیچ شێوەیەك بەفیڕۆ نەدەچوو. جگە لەوەیش پڕەنسیپی تەوافوق لەنێوان سێ پێكهاتە سەرەكییەكە كاری پێدەكرا.
بەڵام دواتر یاسای هەڵبژاردن لە زیانی كوردستان و لە قازانجی عەرەبی شیعه گۆڕا و تەوافوقیش پێشێل كرا و وردە وردە پاشەكشە بە ڕۆڵی كورد كرا.
بەو یاسایەی هەڵبژاردن كە نادادپەروەریی ئاشكرای تێدایە كورد بەشدار بێت لە هەڵبژاردن یان نا هیچ سوودێكی تێدا نییە چونكە:
1. بەپێی یاسای هەڵبژاردن هەموو جارێك ڕێژەی كورسییەكانی كورد كەمدەكاتەوە و هی عەرەبی شیعە زیاد دەبێ.
2. یاساكە تەواو لە بەرژەوەندیی پێكهاتەیەكی دیاریكراوە و وا داڕێژراوە كە زۆرینەبوونی شیعه لە پارلەمان مسۆگەر دەكات.
3. هەر یاسایەك لە بەرژەوەندیی كورد بێت بە ئاسانی ڕەفز دەكرێتەوە.
4. بوونی نوێنەرانی كورد لە بەغدا نەبووەتە هۆی ئەوەی ناوچە كوردستانییەكانی هەرێم بگەڕێنەوە و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی گەڕاندیەوە.
5. بوونی پارلەمانتاری كوردی نەیتوانی ڕێگە لە بڕینی قووتی خەڵك بكرێت.
6. نوێنەرانی كورد بەهۆی ڕێژەكەیانەوە و لێكترازانی نێوانیان نەیانتوانی پشتیوانیی یاسایی بۆ پێشمەرگە بكەن و نەشیانتوانی ڕێگە لە دەرچوونی یاسای حەشدی شەعبی بگرن.
7. نوێنەرانی كورد نەیانتوانیوە هیچ یاسایەك لە بەرژەوەندیی كوردستان بچەسپێنن.
8. پڕەنسیپی تەوافوق و لەبەرچاوگرتنی ویستی كورد بوونی نەماوە.
پرسیار ئەوەیە هەڵبژاردنێك كە ئەنجامی ڕوون بێت و هیچ قازانجێكی بۆ كوردستان نەبێ چ بەهایەكی هەیە؟
هەڵبژاردنێك كە شەرعییەت بداتە پاشكۆبوونی تاهەتایی كورد بۆ دەبێ تێیدا بەشدار بین؟
بوونی نوێنەری كورد لە بەغدا چ نرخێكی هەیە ئەگەر سوور بزانین فەرهەنگی باڵادەست لە بەغدا فەرهەنگی فراوانخوازی و دروستكردنی كۆسپ و تەگەرەیە بۆ كورد؟
هەڵبژاردنێك كە بە ئاشكرا شەرعییەت بدات بە سیستەمی تاییفەگەری چ قیمەتێكی هەیە؟
كورد كە نەتوانێت لە پارلەمان بەرگری لە ماف و ئیستحقاقاتی خۆی بكات بۆ لە پارلەمان بێت؟
بۆچی كورد بچێتە گۆڕەپانێك كە ئامرازی بەرگری پێ نەبێت و پێشتر بزانێ كە دەیدۆڕێنێ؟
بەشداریی كردنی كورد لە هەڵبژاردن مۆركردنی ئەو سیستەمە فێڵباز و نادادپەروەرانەیە كە لەڕێگەی نماییشی دیموكراسی كورد دەكاتە پلە دوو و یاریكارێكی بێ دەستوپێ.