نەبوونی تەوافقی زلهێزان و سەرکردەیەکی بەهێز

image

نیاز حاجی
ئەو ناوچەیەی کە پێی دەگوترێت کوردستان، هەڵکەوتە جوگرافیاکەی بە گرنگترین ناوچەی سەر زەوی دادەنرێت، دەکرێ بە (دڵی زەوی) ناوببرێت، کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێت، پێکهاتە دیموگرافیەکەشی لە کورد پێک دێت و دەکەوێتە نێوان نەتەوەکانی عەرەب و فارس و تورک و زۆر نەتەوەی تر، بە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی ئاو و نەوت و غاز و کانزا و کەرەستەخاوەکانی تر دادەدەنرێت، خاک و کەش و هەوای گونجاوی هەیە بۆ زۆرترین بەروبومی کشتوکاڵی . لە سەدەی رابردوو، لەبەر چەند هۆکارێک کە ئەم دوو هۆکاری خوارەوە بەگرنگترینیان دەزانم، هۆکاری سەرەکی بوون تا وەک نەتەوەکانی تر، ئێمە نەبووین بە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆ.
١_نەبوونی سەرکردەیەکی بەهێزی جێگای رەزامەندی زلهێزان تا بەرگریکار بێت و خاوەنداری گەلی کورد بکات لە گفتوگۆکاکانی ئەوکاتە .
٢_نەبوونی تەوافق و رێککەوتن لە نێوان وڵاتە زلهێزەکان و براوە لە جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر ئایندەی ئەو پارچە جوگرافیە گرنگە(کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە) بۆیە دابەشی چەند پارچەیەک کرا . دوای سەدەیەک لە بێ دەوڵەتی و دابەشبوون، ئێستا دەرفەتی گەورە دروست بۆتەوە .
خاوەنی سەرکردەیەکی بەهێزین، بە سیاسەتێکی لێزانانە، توانیویەتی ئەو تەوافقە لە نێوان زلهێزان و وڵاتانی بڕیاربەدەست دروست بکات، ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپی و هەرێمی تارادەیەکی باش بەدەنگەوە هاتنیان هەیە بەرامبەر بە داخوازیەکانی گەلی کورد، تاردەیەکی باش هاوسەنگیمان پاراستووە، هەموو هێلکەکان نەخراونەتە یەک سەبەتەوە .
کۆمەڵێک گرفت و قەیرانی ناوخۆیی بوونیان هەیە، زۆربەیان نەیارانی کورد لەڕێی چەند هێزێکی ناوخۆیی دروستیان کردوون و گەورەکراون، کراون بە بیانوو . ئەگەر پێشتر نەبوونی سەرکردەیەکی بەهێز و نەبوونی تەوافقی وڵاتانی زلهێز هۆکار بووبن لە سەر دروست نەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد، ئەوا ئێستا ئەو گرفتە بەجۆرێکی تر بوونی هەیە، بەشێکی کورد کە پێم وایە کەمینەیەکن لە هێزی سیاسی ناوخۆیی، رێگر و هۆکارن بۆ دروست نەبوونی ئەو قەوارەیە .
ئێستا کورد خۆی رێگرە لە بوونی بە قوارەیەکی سەربەخۆ نەک وڵاتانی زلهێز و بەشێک لە وڵاتانی هەرێمی .. هەموو هەوڵ تەقەڵای هەندێک هێزی ناوخۆیی بۆ ئەوەیە، لەو قۆناغە هەستیار و چارەنوس سازەی ئێستا، خاوەنی سەرۆک و سەرکردەی بەهێز نەبین تا وەک سەرەتای سەدەی رابردوو بێ خاوەن بمێنینەوە . کاتێک بێ سەرکردە دەبین، دیسانەوە وڵاتانی زلهێز ناگەنەوە بە تەوافق لەسەر ئایندەی ئەو ناوچەیە، بۆیە دەبێ بەتوندی رووبەڕووی ئەو هەوڵە مەترسیدارە ببینەوە بۆ ئەوەی دیسانەوە مێژوو خۆی دووبارە نەکاتەوە.