ده‌ستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چەند ڕاستییەکی مێژوویی

image

سیامەند سیلكی
هەر لەسەرەتای دامەزراندنی (پ ک ک)وە لە ساڵی(١٩٧٨) عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی ئەو حزبە لە سووریا و لوبنان گیرسایەوە . دیارە ئەوە بۆ حکومەتی سووریا کە کێشەو ناکوکی زۆری لەگەڵ تورکیا هەبوو .
دەرفەتێکی باش بوو تا (پ ک ک) لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆی دژی تورکیا بەکار بێنێت .
بێ گومان دەکرا بەرێز ئاپۆش ئەو دەرفەتە بۆ بەرژەوەندیەکانی (پ ک ک ) بەکار بێنێت . بەڵام بەداخەوە ئاپۆ بەبێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی کورد (پ ک ک)ی خستە خزمەت ئەجێندای سووریا و پێی وابوو بۆ هەتا هەتایە سووریا بۆ ئەو حزبەکەی دەبێتە شوینێکی ئارام و بێ کێشە . ئەوە بوو لە سەرەتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دا، سووریا سەربازگەیەکی لە ناوچەی بیقاعی لوبنان بۆ (پ ک ک) کردەوە . ئاپۆ بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ساحەی راستەقینەی (پ ک ک) باکوری کوردستان و خەباتکردنە دژی تورکیا . بەخۆیی و هێزەکانیەوە لەو سەربازگەیە جێگیر بوون و دواتریش شانبەشانی هێزەکانی سووریا و فەلەستینیەکان و حزب اللەی لوبنانی شەری ئیسرائیلیان کردو ژمارەیەک گەنجی کورد بوونە قوربانی ئەجێندای سووریا و هاوپەیمانەکانی . دوای ئارام بوونەوەی باشوری لوبنان و کوتایی هاتنی ئەو شەرەی لەگەڵ ئیسرائیل هەبوو.
لە ساڵی ١٩٨٤ بەبریاری مخابراتی سووریا بارەگای ئاپۆ لەبیقاعەوە گوازرایەوە بۆ دیمەشق و لە کۆشکێکدا کە نزیکی کۆشکی عەبدولحەلیم خەدامی جێگری ئەوکاتی ئەسەد بوو نیشەتەجێگرا .
جێگیرکردنی ئاپۆ لە تەنیشت دەزگا گرنگەکانی حکومەتی سووریا بۆ ئەوە بوو ئۆجەلان و حزبەکەی بەشێوەیەکی باشتر کۆنترۆل بکرێن . بۆیە لەو سەردەمەدا سووریا دەرفەتی بە(پ ک ک) دا هەندێ لەهیزەکانی لە بیقاعەوە رەوانەی سنورەکانی نێوان باشور و باکوری کوردستان بکات .
ئامانجی سووریا لەوەدا ئەوەبوو (پ ک ک) وەکو کارتێک دژی تورکیا بەکار بێنێت و ئەو کێشە سنوریانەی لەنێوانیاندا هەبوو چارەسەر بکات . لەو گۆرانکاریەدا دەرفەت بۆ (پ ک ک)ش رەخسا کەبتوانێت تارادەیەک خۆی لەژێر هەیمەنەی مخابراتی سووریا رزگار بکات . ئەمەش بەوە دەکرا کە ئاپۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریا بەجێ بێڵێت و روو بکاتە چیاکانی کوردستان . بەڵام بەداخەوە (پ ک ک) سودی لەو دەرفەتەش نەبینی و ئاپۆ هەر لە دیمەشق مایەوە .
ئەم بارودۆخە تا ساڵی ١٩٩٩ بەردەوام بوو. پ ک ک وەکو ئامرازێک کەوتە دەست سووریا و ئێران و بەگوێرەی خواست ویستی خویان بەکاریان هێنا . لەسەرەتایی ساڵی ١٩٩٩ تورکیا هەرەشەی لە سووریا کرد ئەگەر چیتر ئاپۆ لەسەر خاکەکەی بمێنێتەوە ئەوە هێزەکانی تورکیا هێرشی سەربازی بۆ سەر خاکی تورکیا دەست پێ دەکەن . سووریا ناچاربوو مل بۆ هەرەشەکانی تورکیا نەوی بکات و فەرمانی بە بەرێز ئاپۆ کرد خاکەکەی بەجێ بێڵێت . ئەمە بۆ ئاپۆ بارودوخێکی دژوار و مەترسیدار بوو . سەرکردایەتی (پ ک ک) بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخە بۆ سەر دوو بۆچوونی جیاواز دابەش بوون .
بۆچونێک هی باڵی نەتەوەخوازانی نێو (پ ک ک)بوو کە پێکهاتبوون لە عوسمان و ئۆجەلان و نیزامەدین تاش (بوتان) و کانی یەلمازو ماهر وەلات و هاورێکانیان . ئەمانە پێیان وابوو دەبێت بەهەر شێوەیەک بێت دەبێ ئۆجەلان سووریا بەجێ بێڵێت روو لە چیاکانی کوردستان بکات .
بۆچوونی دووەم هی بەرەگەز تورک و کوردە چەپەکانی نێو (پ ک ک ) بوو کە بریتی بوون لە دوران کالکان و جەمیل بایک و رەزا ئاڵتۆن و هاورێکانیان .
ئەمانە دژی ئەوەبوون ئاپۆ روو لەچیاکان بکات و داوایان لێکرد روو بکاتە ئەوروپا . لەو کاتەدا سەرۆک بارزانی لەخەمخوری و پەروشیانەوە بۆ سەلامەتی بەرێز ئاپۆ و ئایندەی کورد لە باکور له ‌په‌یامێکی فەرمیدا کە ئەو کات لە میدیاکانی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە داوای له‌ به‌ریز ئاپۆ کرد که ‌بێته‌ کوردستان و ئاماده‌ی خۆشی ده‌ربری که‌ له‌سه‌ر سنور پێشوازی لێ بکات. مخابن ئاپۆ ئه‌م داوایه‌ی سه‌رۆکی کوردستانی ره‌دکرده‌وه‌و بۆچوونی باڵی نەتەوەخوازانی نێو (پ ک ک)شی لەبەرچاونەگرت و لەسەر داوای دوران کالکان و جەمیل بایک روویکرده‌ یونان، له‌وێش رووی کرده‌ روسیا و دواتریش ئیتالیا و دوا جاریش له‌ کینیا گیرسایه‌وه‌و لەرۆژی ١٥ شوباتی ١٩٩٩ له ‌لایەن تورکه‌کان ده‌ستگیرکرا.
بێ گومان په‌یامی سه‌رۆکی کوردستان له‌وپه‌ری هه‌ستکردن بوو به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر ئاپۆ ئه‌و داوایه‌ی قه‌بوڵ کردبا ئه‌وه‌ به ‌ئاسانی ده‌گه‌یشته‌ قه‌ندیل و پارێزراو ده‌بوو. بەڵام به‌داخه‌وه‌ ئاپۆ قەدەری خوی دایە دەست کەسانێک کە لەبنەرەتدا پێیان خوش بوو کوتایی بەرۆڵی ئاپۆ بێت لەناو پ ک ک دا .
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە جەمیل بایک کە ئەوکات بەرپرسی پەیوەندیەکانی پ ک ک بوو لە سووریاوە رەزا ئاڵتۆن کە بەرپرسی پەیوەندیەکانی پ ک ک بوو لە ئێران وە دوران کالکانی بەرەگەز تورک کە زۆر کاریگەری لەسەر ئاپۆ هەبووە بەجۆرێک لە جۆرەکانی دەستیان لەوپیلانەدا هەبووە کە ئاپۆی بەگرتندا .
ئامانجی سەرەکیش ئەوەبوو پ ک ک بەتەواوی لەبیری کوردایەتی دوور بکەوێتەوەو ببێتە هێزێک بەدەست ئێران و سووریاوە . ئەوەی ئەم بۆچوونە زیاتر لە راستی نزیک دەکاتەوە ئەوەیە . دوای ئاپۆ هەموو ئەو سەرکردانەی پ ک ک کە خاوەنی هەستێکی نەتەوەیی بوون یان ناچارکران لەناو پ ک ک رابکەن یانیش دەستگیرکران و بەبریاری بایک لەسیدارەدران . بەمەش جەمیل بایک توانی بەهاوکاری ئێران دەست بەسەر هەموو پ ک ک بگرێ و ببێتە بریار بەدەستی یەکەم لەناو ئەو حزبەدا .