پەیكەری پێشمەرگە دیاری كوردستانە بۆ كۆنگرەی میوشن و پێشكەشی ئەمریكا دەكرێت

image

فەرهاد محەمەد

كۆنفرانسی ئەمساڵی میوشن بۆ ئاسایشی جیهان، جیاواز لەهەموو ئەو كۆنگرانەی لەسەرەتای دامەزراندیەوە تا ئێستا كە ساڵانە گرێیداون، مانایەكی تایبەتی هەیە، بە درێژایی 53 ساڵی دامەزراندنی ئەم پلاتفۆرمە نیودەوڵەتیە و گرێدانی 52 كۆنفراس ئەمە یەكەمین جارە كۆنفراسی 53 هەمین لەژیر دروشمی ( درۆ وچەواشەكاری پۆپۆلیست، پۆست رۆژئاوا، پۆست سیستمی جیهانی) بۆ ئاسایشی جیهان گرێدەدرێت.

ئەم سێ چەمكەی بۆتە دروشمی 533 هەمین كۆنفرانسی میوشن، هەڵگری زەنگێكی مەترسیدارن نەك تەنها بۆ ئاژاوە و پشێوی و بێ سیستمی لە جیهاندا، بەڵكو بەراشكاوانە پێمان دەڵێت كە رۆژئاوا لەسەر ئاستی : ( سیستمی لیبرال دیموكراتی، رۆژئاوا وەك هێزێكی كاریگەر پێكەوە، سیستمی لیبرالی نیودەوڵەتی) لەبەردەم هەرەشەیەكی زۆر ترسناكەدایە و ئەگەر هەموو لایەك پێكەوە فریانەكەوین، ئەوا قۆناخی دۆر و چەواشەكاری پۆپۆلیست و پۆست رۆژئاواو پۆست سیستمی جیهانی دەست پێدەكات. ئەم مەترسیە تەنها داكشانی هەژموون پێگەی لایەك نیە لەبەرامبەر هەژموون و پێگەی لایەك یان بەرەیەكی دیكەدا، بەڵكو ئەمە كۆتایی هاتنە بەو هەموو دەسكەوتەی كە لەماوەی 400 ساڵی رابردووی قۆناخی رۆشنگەری مرۆڤایەتی بەدەستی هێناوە.

خستنە رووی ئەم زانیاریانە، یارمەتیدەرێكی باش دەبێت، بۆ ئەوەی لەناو ئەو ژینگە ئاڵۆزەی كۆنفرانسی میوشن بۆ ئایندەی ئاسایشی جیهان پێناسەی دەكات، بەشداری كوردستان بخوێنێنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین و بزانین ئایا گرنگی بەشداری كوردستان لە كۆنفراسێكی لەم ئاستە چەندە كە زیاتر لە 25 سەرۆك دەوڵەت و 80 لە وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و بەشداریان تێدا كردووە، یان ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین بۆچی لەگەڵ دەستپێكی شەڕی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا، بەشداری كوردستان لە كۆنگرەی ساڵانەی میوشن بۆ ئاسایشی جیهان بەگرنگ زانرا و بەفەرمی بانگهێشتی بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی شان بەشانی سەرۆك دەوڵەت و حكومەتەكانی دیكەی لەسەر ئایندەی ئاسایشی جیهان بەشداری ئەم كۆنفراسە نیودەوڵەتیە بكات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پەیوەندی بەو سێ چەمكەوە هەیە كە ئەمساڵ بۆتە دروشمی سەرەكی كۆنفراسەكە، كە ئەویش هەرەشەی جدیە لەسەر دیموكراتی، رۆژئاوا سیستمی جیهانی.

لە كۆنفراسی 511 هەمینی میوشن كە بۆ یەكەمین جار كوردستان بەشداری تێدا كرد، گرفتی جیهان ئەوەبوو كە هیچ سەركردەیەك ناتوانێت، پێشبینی بۆ رووداوەكان بكات، كە رووداوەكانیش روودەدەن، هیچ سەركردەیەك ناتوانیت وەڵامدانەوەی پێویستی بۆ ئەو تەحدایانە هەبێت كە روودەدەن، بۆیە لەناو تەواوی وڵاتان و سەركردەكانی جیهاندا، تەنها كوردستان و سەرۆكەكەی ئەو ئیرادە و توانایەیان پیشانی جیهاندابوو، ئەگەر نەشتوانرێت وەك خۆی پێشبینی بۆ شەڕێكی گەورەی وەك شەڕی داعش بكرێت، یان وەك خۆی پێشبینی ئەوە نەكرابێت كە كوردستان رووبەرووی شەڕێكی گەورە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە، بەڵام كە رووبەرووی بووینەوە، ئەوا سەرۆكی كوردستان، ئەو سەرۆكە بوو كە توانی لە ناو ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا وەڵامدانەوەی پیویست بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان و پاراستنی كوردستان دروست بكات، ئەم تایبەتمەندی و جیاوازیەی كوردستان و سەرۆكەكەی، كوردستانی كردە میوانی 51 هەمینی كۆنفرانسی میوشن.

سەركەوتنەكانی پێشمەرگە تەنها بریتی نەبوو لە راگرتنی هێرشی تیرۆریستانی داعش، بەڵكو ئیرادەی پێشمەرگە سەلماندی كە پێشمەرگە دەتوانێت تەواوی خاكی كوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاكبكاتەوە و شارێكی گەورەی وەك شنگال لە ماوەیەكی هێجگار كورت ( كەمتر لە 48) لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد بكاتەوە، ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە لە ساڵی 2015 بەسەر تیرۆریستانی داعش بەدەستی هێنا، جارێكی دیكە كوردستانی كردەوە میوانی 52 هەمینی كۆنفرانسی میوشن، بەڵام بەشداری دووەمینی شاندی كوردستان لەو كۆنفراسە ئەمجارەیان بۆ خستنەرووی بۆچوون و تێروانینی سەرۆكی كوردستان بوو بۆ چۆنیەتی رێكخستنەوەی ناوچەكە و عێراق لە دوای داعش، سەرۆكی كوردستان لە كۆنفراسی 52 هەمین راشكاوانە لەمیانە كۆبوونەوە تایبەتیەكانی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی جیهان، ئەوەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كرد كە پشتگیری كردنی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و بوونی كوردستان بەدەوڵەتێكی سەربەخۆ هەنگاوی یەكەم و گرنگی گێرانەوەی ئاشتی و سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەكە و كوردستان ئەو وڵاتەیە كە سەلماندویەتی دەتوانێت، تیرۆریستان تێكشكێنت و ژینگەیەكی لەبار بۆ لیبوردەیی و پێكەوە ژیانی فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی فەراهەم بكات.

ئەمساڵ لەجیاواز لە دووساڵی رابردوو، سەرۆكی كوردستان بەیاوەری شاندێك بەشداری كۆنفراسی 53 هەمینی میوشن دەكات كە ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە یاوەری دەكەن و هەورەها پەیكەری پێشمەرگە وەك سیبمولی ئازادی و بەرخوردان و مانادانەوە بە بەهاكانی مرۆڤایەتی دیاری كوردستانە بۆ ئەو كۆنفراسە و وەك لە چەند رۆژی رابردووش بینیمان ئەم دیاریە پێشكەشی وەزیری بەرگری ئەمریكا كرا، كە لەهەمانكاتدا بۆ كۆنفراسی ئەمساڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا بە چاودێر و سەرپەرشتیاری كۆنگرەكە لە قەڵەمدەدرێت و هەر ئەویش لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، رێورەسمی دەستبەكاربوونی كۆنفراسی ئەمساڵیان كردووە.

لێرەوە دەكرێت بگەرێنەوە سەر تەوەری سەرەكی ئەم كۆنفراسە، كە بایەخدانە بەرۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەم ناوچەیەشی بەوجۆرە وەسفكردووە كە خەریكە وەك ناوچەیەكی دوای رۆژئاوا خۆی دەخاتە روو، ئەمەش بەو مانایەی خەریكە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێتە ئەو ناوچەیەی كە نەسیستمی جیهانی و نە رۆڵی رۆژئاوا بەهیچ جۆرێك كاریگەری لەسەر نابێت.

بەڵام وێرای ئەوەی كوردستان بەشێكە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڵام ئەو جوگرافیایە جیاوازەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە كە تیایدا پێشمەرگە توانیوویەتی جارێكی دیكە هەموو رۆژئاوا لە كوردستاندا پێكەوە كۆبكاتەوە و پێكەوە بەرنامە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دابرێژن و پێكەوە شانازی بەسەركەوتنەكانی مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد بەسەر تیرۆریستاندا بكەن. 

لایەنێكی دیكە كە بۆتە مەترسی لەسەر سیاسەتی دەوڵەتانی لیبرال دیموكراتی لە رۆژئاوا، بریتیە لە درۆ و چەواشەكاری پۆپۆلیست، ئەم پەتایە لە كوردستانیش بوونی هەیە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیوویەتی و سەركەتوو بووە لەوەی سنورێكی تەواو بۆ پۆپۆلیستەكان دابنێت و خۆی تێكەڵاوی ئەو ژینگەیە نەكات و هەروەها رێگەی نەدا درۆ و چەواشەكاری پۆپۆلیستەكان سەقامگیری كوردستان بشێوینن، لەمەش زیاتر لە 20ی دیسمبەری 2016 دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە توانی دواین خاڵی ئامانجەكانی خۆی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ ئازاد بكات، سەرۆكی كوردستان بە ئاشكرا پەردەی لەسەر درۆ و چەواشەكاریەكانی پۆپۆلیستەكان هەڵماڵی و رایگەیاند ئەو بۆمب و لوغمانەی تیرۆریستانی داعش بۆیان دانابووین، پێشمەرگە توانی هەموویان پووچەڵ بكاتەوە، بۆیە بەراشكاوی ئاماژەی بەوەكرد ئەو لوغمە سیاسانەشی كە پۆپۆلیستەكان لەناو پرۆسەی سیاسی دایدەنێن، ئەوانیش بەئیرادەی خەڵكی كوردستان پووچەڵ دەكرێتەوە و رێگە نادەین كە ئیرهابی فیكری لە كوردستان درێژەی هەبێت. ئەمەش بەو مانایەی بوار نەدرێت درۆ و چەواشەكاری جێگەی سیاسەت بكرێتەوە، یان درۆ و چەواشەكاری تیرۆریستان وەك راستی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

كەواتە ئەگەر پەیكەری پێشمەرگە بكرێتە دیاری كوردستان بۆ ئەم كۆنفراسە نیودەوڵەتیە تایبەت بە ئاسایشی جیهان، ئەوە ئەمە مانای ئەوەیە، پەیامی شاندی كوردستان بۆ ئایندەی ئاسایشی جیهان ئەوەیە، كە دەبێت جیهان بیر لە دروستكردنی هێزێكی هاوشێوەی پێشمەرگە بكاتەوە كە توانای ئەوەی هەیە لەسەر زەوی تیرۆریستان تێكبكێنێت، لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی دەوڵەت توانای ئەوەی هەیە سنور بۆ درۆ و چەواشەكاری پۆپۆلیستەكان دابنێت و رێگە نادات كە ژینگەیەكی درۆ و چەواشەكاری ئەوتۆ دروست بێت كە ببێتە نەوایەكی ئارام و شێدەر بۆ گەشەی فیكری توندرۆیی و بەرهەمهێنانی تیرۆریستان.