بەشداریی دەوڵەتە رانەگەیەنراوەكە لە كۆنگرەی میونخ

image

ئاریان فەرەج

هەینی رابردوو پەنجاو سێهەمین خولی كۆنگرەی ئاشتیی نێودەوڵەتیی (میونخ) لە وڵاتی ئەڵمانیا بە بەشداری نزیكەی پێنج سەد كەسایەتی لە سەركردە و نوێنەرانی باڵا و نوخبەی سیاسیی وڵاتانی جیهان، دەستی بە كارەكانی كرد. 

جگە لە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتۆكان و ئەمینداری گشتی حیلفی ناتۆ و رێكخەریی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا و ژمارەیەكی بەرچاو لە سەرۆك وڵاتان، وەزیرانی دەرەوەی چل و حەوت دەوڵەت و وەزیرانی بەرگریی سی دەوڵەتی سەرتاسەری دونیا بەشدارن و ئەمریكا و وڵاتانی زلهێز بە وەفدی باڵا لە كۆنگرەكەدا ئامادەن. 

كوردستانیش بە وەفدێكی پێكهاتوو لە سەرۆكی وڵات و فەرماندە سەربازییە باڵاكان و دیبلۆماتكارانی كورد، هاوشانی عێراق و دەوڵەتانی دیكە، وەك تاكە دەوڵەتی هێشتا رانەگەیەندراو بانگێشت و بەشداری كۆنگرەكەن. 

مەترسی تیرۆر و داعش لەسەر ئاشتیی جیهانی و گۆڕانی ئیدارەی ئەمریكا و ئەگەری گۆڕانكاریی لە سیاسەتەكانی ئەو زلهێزە و كاردانەوەی لەسەر پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەوروپا و روسیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها رەوشی مەترسیدار و پێشهاتەكانی ئەم ناوچە گرگرتووە و رەوشی سووریا و ململانێ جیهانی و ئیقلیمییەكان و پەیوەندی روسیا و ئۆكرانیا و بارودۆخی حیلفی ناتۆ لەگەڵ مەترسییەكانی شەڕە ئابوورییە ئایندەییەكان و خەتەری هاتنەپێشەوەی پۆپۆلیستەكان بۆ سەر یەكپارچەیی یەكێتی ئەوروپا، تەوەرە گرنگەكانی كۆنگرەگە دەبن. 

هەموو ئەوانەی بۆ ئەو كۆنگرەیە بانگهێشت كراون و بەشدارن ( جگە لە كوریای باكور كە بانگێشت نەكراوە) رۆڵ و نەخشییان هەیە لە بەرپابوونی شەڕ و ئاشتی و هەر یەك بە جۆرێك و بە ئاستێك بەرپرسیارن لە دابین كردنی ئاشتیی جیهانی. 

بانگهێشت و بەشداریی كوردستان و سەرۆكەكەی لەو كۆنگرەیەدا كە نێوەندە جیهانییەكان بە گرنگترین كۆنگرەی ساڵانەی ئەمنییەتی جیهانیی دەزانن، ئاماژەیەكی روونە بۆ رۆڵێك كە كوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا بینیویەتی و لەمەودواش لە دابین بوونی ئاشتی جیهانیدا دەیبینێ. جیهان هەمان رۆڵ و نەخش لە كوردستان چاوەڕوانە كە لە دەوڵەتە سەربەخۆ و بەهێز و كاریگەرەكانی چاوەڕێ دەكات. 

سەرۆك بارزانی لەگەڵ هاوكارەكانی كە لە كۆنگرە جیهانییەكاندا بەشدار و ئامادەیە، نوێنەرایەتی میللەتێك دەكات كە بەرلەوەی وڵاتەكەی سەربەخۆ بێت، بەشدارە لە پاراستنی ئاشتیی جیهاندا، نوێنەرایەتی لەشكرێك دەكات بەرلەوەی ئاڵای وڵاتەكەی لە نەتەوە یەكگرتۆكان بشەكێتەوە، بەشدارە لە داكۆكی لە هەموو نەتەوەكان و راماڵینی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر مرۆڤایەتی. نوێنەرایەتی دەوڵەتێك دەكات بەرلەوەی سەربەخۆیی راگەیەنێت، دەوڵەتێكی بە تەئسیر و خاوەن قسە و گوێلێگیراوە لە جیهاندا.