بە ژمارە...نەوشیروان مستەفا دوای ٩ ساڵ، بەپێچەوانی قسەکانییەوە، رەفتارەکانی دەرکەوت

image

تەنیا کوردی :

جاری یەکەمی نییە کە نەوشیروان مستەفا لە گوتارەکانیدا لە زەمەنێکی دیاریکراودا ئاخاوتنێکی سیاسی دەڵێ و، دواتریش لە زەمەنێکی دیکەدا رێک بە پێچەوانەی گوفتاریدا رەفتارەکانی دەردەکەوێ..نەوشیروان مستەفا لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٧ بە پەرلەمان دەڵێ، "له‌ ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا چه‌ند جار خه‌م و په‌ژاره‌، سکاڵا و گازانده‌، ناڕه‌زایی و هه‌ڕه‌شه‌كانی خه‌ڵکتان برده‌ به‌رده‌م پارله‌مانه‌که‌تان و، گفتوگۆی جدی‌تان له‌ سه‌ر کرد و، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریتان دا؟ ئه‌وه‌ بۆچی که‌ دێنه‌ سه‌ر خواسته‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆتان: زیادکردنی مووچه‌ و ئیمتیازات، کڕینی سه‌یاره‌، کڕینی شوقه‌، وه‌رگرتنی زه‌وی، سه‌فه‌رکردن بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌... بیرتان رۆشن و چاوتان تیژ و زمانتان پاراوه‌، که‌چی له‌ ئاست خواسته‌کانی خه‌ڵک‌دا گوێتان گران و له‌ ئاست جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه‌ پارله‌مانیه‌کانتان‌دا له‌شتان قورسه‌؟ ئێوه‌ ئه‌ی ئه‌ندامانی به‌ڕێزی پارله‌مانی کوردستان! له‌ به‌رده‌م پرسیارێکی مێژویی‌دان: له‌ خه‌می کێ دان جگه‌ له‌ خۆتان؟"

لە ٢٠١٦-دا هیچ هاووڵاتییەکی کوردستان نییە نەزانێ کە ئەو ستافەی نەوشیروان مستەفا بە تایبەت یووسف محەمەد کە بەبڕیاری راستەوخۆی نەوشیروان کرایە سەرۆکی پەرلەمان و ئێستا لەکار لادراوە، رێک ئەمەی نەوشیروان گوتی، بەزیادیشەوە بۆیانی جێبەجێ کرد:

١- تەنیا لە ماوەی (١-١-٢٠١٥) تا (٣١-١٠-٢٠١٥) واتە کەمتر لە ساڵێک، سەرۆکایەتیی پەرلەمان زیاتر لە ٢٠ ملیار و دووسەد و پەنجاوسێ ملیۆن دینار خەرجیی ھەبووە، کە زۆربەی بۆ ئیفاد و پاداشت و ھاوکاری بووە و لەلایەن یووسف محەمەد خەرج کراوە! بەڵێ کاک نەوشیروان لەخەمی خۆیان دان و لەشی ئەم سەرۆکەی پێشووی پەرلەمان قورسە!!!

٢- یووسف محەمەد ٤٤٨ ملیۆن دیناریشی بە ئیفادی پەرلەمانتاران داوە. ئەمەش لە مەتنی قسەکانی نەوشیرواندا هاتووە کە پەرلەمان پارە بۆ ئیفاد دەکات لەجیاتی خواستی خەڵک، بەڵێ ئەمەشیان بۆ رەواندنەوەی خەم و پەژارەی خۆیی بووە لەجیانی خەڵک!

٣- یووسف محەمەد بە نووسراوی پەرلەمانی کوردستان داوای لە وەزیری دارایی ئەو کاتی حکوومەت رێباز حەملان کردووە بۆ راوێژکارەکەی کاردۆ بڕی ٣ ملیۆن دینار خەرج بکات؟. ئەمەشیا لە مەتنی قسەکانی نەوشیروان دایە چونکە پێدەچێ ئەم برادەرە زمانی پارا و بیری رۆشن و چاوی تیژ بێ!

٤- یووسف ٦٠ ملیۆن دیناری دیکەی بە ناوی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان و پاسەوانەکانی خەرج کردووە و داوایشی کردووە بەجارێ پلەی پاسەوانەکانی بە سێ پلە بەزربکرێنەوە، پارەی پەرلەمانی داوەتە ئەو گۆڤار و میدیایانەی کە ستایشی نەوشیروانیان کردووە. بەڵێ لەمەیشیاندا یووسف محەمەد خەمی تۆی بووە و لە خەمی کەسی دیکەدا نەبووە.

٥-یووسف محەمەد لەسەردانیدا بۆ ئەورووپا لە مانگی ١٢-ی ٢٠١٥ بڕی ٢٦ هەزار یۆری لە گیرفانی پەرلەماندا خەرجکردووە. ئەمەیش لەپێناو رەواندنەوەی ئەو خەم و پەژارەیە بووە کە تۆ باست کردووە.

٦-نووسینگەی یووسف محەمەد دەستی بەسەر ١٥ ئۆتۆمبێلی پەرلەماندا گرتووە و لەدوای یووسف دەیخولێننەوە . ئەمەشیان بۆ لێدانی لاف گەزە بە پارەی گەل! وەک ئەوەی کە نەوشیروان گوتی سەیارە بۆخۆیان دەکڕن بەڵام یووسف لەجیاتی ئەوەی بیکڕێ دەستی بەسەردا گرتووە.

٧-یووسف تەنیا بۆ نووسینگەگەی ٤ ملیۆن دیناری وەرگرتووە، کەچی نووسینگە بوونی نەماوە و شەرعیەتی نییە.

٨- یووسف حەفت ملیۆن دیناری دیکەش بەناوی ھاوکاری بۆ (٩) کەس خەرج کردووە کەس نازانێ بۆچی؟.رەنگە بۆ هەڵبژاردنی بووبێ کە دەنگ بۆ نەوشیروان مستەفا کۆ بکاتەوە!

٩- یووسف (٦) ملیۆن دیناریشی داوە بە ئاھەنگ و بۆ خاوێنکردنەوەی ئاهەنگەکەیش (١٩٩) ملیۆن دینار خەرج کردووە. ئەمەیشیان داهێنانێکی نوێیە!

١٠- یووسف دەیان کەسی دیکەی بەناوی خزمەتگوزار، شۆفێر، وەرگێڕ، بەڕێوەبەری گشتیی، چاودێری کشتوکاڵ و پڕۆگرامسازی دامەزراندون، جگە لە زیاتر لە (٢٠) کەسی دیکەش بە گرێبەست..بەڵێ خەمی تۆی بووە تا دروشمی دەیگۆڕین ببێتە واقیع!!

ئێستا رێک لە ٢٠١٦دا تەواوی خەڵک دەیزانێ کە بەڵێ کاک نەوشیروان ئەو پەرلەمانی کە تۆ لە ٢٠٠٧ دا باست دەکرد و لە هەڵبژاردنی رابردوودا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانتان لێی دانا، رێک ئامانجی تۆی بەجێ گەیاند..راستت کرد کە تۆ نەخشەیەکی باشترت دانا کە یووسف جێبەجێی کرد و پەرلەمانی کردە شانۆی سیاسی و بەهەدەردانی پارە و بە هەوەستی خۆتان، پارەتان لێی پەخشان و تەخشان کرد.