ماڵپەڕی BBC: پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی بارزانی مووسڵ گەمارۆ دەدات

image

ئۆپەراسیۆنی ٣ رۆژ بەر لە ئێستای ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنەوەی ١٢ گوند لە میحوەری خازر و گوێر، جگە لەوەی لە میدیا جیھانییەکان گرنگی پێدرا، بەڵام میدیاکانی تورکیا خولەک بە خولەک ڕووداوەکانیان دەگواستەوە و باسیان لە قارەمانیی پێشمەرگە دەکرد.

 

میدیاکانی تورکیا بە گرنگییەوە باسیان لە بەشداریکردنی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرد لەو ئۆپەراسیۆنەدا و پێیان وابوو کە ئەو گڕ و تینی زیاتر بە پێشمەرگە داوە. بۆ نموونە سایتی (بی بی سی تورکی) بە مانشێتی گەورە نووسیبووی (بە سەرکردایەتیی بارزانی پێشمەرگە بەرەو موسڵ لە پێشڕەوی دایە).

 

ھەروەھا باسی لەوەیش کردبوو کە پێشمەرگە بە رێبەرایەتیی بارزانی دەیەوێت مووسڵ گەمارۆ بدات و پاشان لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا مووسڵ لە ژێر دەستی داعش دەربھێنێت.

 

رۆژنامەی (سۆزجو) کە یەکێکە لەو رۆژنامانەی خوێنەرێکی یەکجار زۆری ھەیە لە تورکیا، رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە لە ھەواڵێکی بە پەلەدا باسی لە سەرکەوتنی پێشمەرگە کرد. ھەروەھا ئاماژەی دابوو کە مەسعوود بارزانی خۆی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکات و، ھەر خۆیشی چاودێرێکی تەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە.

میدیاکانی تورکیا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە، پشتیان بە میدیاکانی باشوور دەبەست و خولەک بە خولەک دەیانگواستەوە.

 

ماڵپەڕی (سپوت نیک) کە ماڵپەڕێکی ڕووسییە و بەشی تورکیشی ھەیە و ئۆفیسەکەی لە ئیستەنبۆڵە، لە بارەی ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە بۆ سەر گروپی تیرۆرستی داعش راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئەویش بە ھەمان شێوەی سایتەکانی دیکەی تورکیا باسی لە پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە کردوە.

 

ئەو ماڵپەڕە بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە وەریگرتووە، ئاماژەی داوە کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، خۆی سەرپەرشتیی شەڕەکەی کردووە و وەکو فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە لەو شەڕەدا بەشداری کردووە. ھەروەھا باسی لەوەیش کردووە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا پلانەکە بارزانی دایناوە و ھەر بە فەرمانی ئەویش، فەرماندەکان پێشڕەوییان کردووە.

 

میدیاکانی تورکیا چەند گرنگییان بەوە داوە کە پێشمەرگە توانی 12 گوند لە ژێر دەستی داعش دەربھێنێت، زیاتر گرنگییان بە بەشداریی بارزانی داوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا، بە تایبەت کە وەکو سوپاسالاری ئەو شەڕە بەشداری کردووە. لە ھەموو ھەواڵەکاندا لە بارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ڕۆڵی بارزانییان بەرز نرخاندووە و لە ھەواڵ و راپۆرتەکانیاندا باسیان کردووە. دەکرێت بڵێین، ئەوەندەی میدیای تورکیا گرنگییان بە سەرکەوتنی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنە و ڕۆڵی بارزانی داوە، میدیاکانی سلێمانی ئەوەندە بایەخیان پێ نەداوە.

 

"بارزانی دەچێتە ناو مووسڵەوە و دەست بەسەر شاری مووسڵدا دەگرێت"، ئەمەش مانشێتی ماڵپەڕی (ساری زەیبەک خەبەرە) کە ماڵپەڕێکی کەمالیستەکانە و پێیان وایە تورکیا تەنیا بۆ تورکەکانە. ئەو ماڵپەڕە بە شێوەیەک باسی لە پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە کردووە، کە بە ڕێبەرایەتیی بارزانی ئیدی مووسڵیش دەکەوێتە ژێر دەستی کوردان.

 

ماڵپەڕەکە وەکو ھەواڵێکی بەپەلە نووسیویەتی، مەنبەج لە لایەن یەپەگەوە کۆنتڕۆڵ کرا، ئەمڕۆیش بارزانی خۆی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کردووە بۆ ئازادکردنی مووسڵ. لە مانشێتەکەدا نووسیویانە: ”بارزانی چووە ناو مووسڵ، بەڵام لە ناوەڕۆکی ھەواڵەکە تەنیا باسیان لە پێشڕەویی پێشمەرگە کردووە، ھەروەھا باسیان لە بەشداریکردنی بارزانی کردووە وەکو سوپاسالاری ئەو شەڕە، بەڵام نیازیان لە دانانی ھەواڵەکە بە شێوەیەک بووە کە مووسڵ دەکەوێتە ژێر دەستی کوردان و ئیدی بارزانی مووسڵیش بە ھەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.

 

ماڵپەڕی (ئیکوادۆر) کە بە زمانی تورکی ھەواڵەکانی بڵاو دەکاتەوە، بە ھەمان شێوەی ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنەکانی تورکیا، گرنگی بەو ئۆپەراسیۆنە داوە و وەکو ھەواڵێکی بەپەلە بڵاوی کردووەتەوە و ھەروەھا ئاماژەی داوە کە داعش شکستی ھێناوە.

 

ئەو ماڵپەڕە لە راپۆرتێکدا بە درێژی باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کردووە و ئاماژەی داوە کە ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە ئازادکردنی 12 گوندە لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆرستیی داعش. ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە داوە و ڕای گەیاندووە کە وەکوو سوپاسالار بەشداری لە شەڕەکەدا کردووە.

 

جگە لەو ماڵپەڕ و رۆژنامانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، چەندین تەلەڤزیۆن و ماڵپەڕی دیکەی تورکی، بە ھەمان شێوە، بە گرنگییەوە باسیان لەو ئۆپەراسیۆنەی پێشمەرگە کرد بۆ سەر گرووپی تیرۆرستیی داعش. ھەروەھا لە ھەموو ھەواڵەکانیشدا بە گرنگییەوە باسیان لە ڕۆڵی بارزانی لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە و وەکو پلانداڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکە باسیان لێوە کردووە.

 

ئەمانەی خوارەوەیش چەند ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنێکی دیکەی تورکیان کە لەسەر ھەمان بابەت، ھەواڵ و راپۆرتیان بڵاوکردووەتەوە:

 

(تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێنی تورکی، تەلەڤزیۆنی TRT ، تەلەڤزیۆنی NTV، سایتی T٢٤ ، ماڵپەڕی دونیا بولتەن، رۆژنامەی حوڕییەت، رۆژنامەی پۆستە، ماڵپەڕی سۆڵ، ماڵپەڕی جەزیرە تورکی).