وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئێستاش نازانین كۆمەڵ بۆ وادەكات ! تووتی ئاسا ئەوەی گۆڕان دەیڵێت، ئەوان دووبارەی دەكەنەوە

image

دوای دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی و ناردنی نوینەری خۆی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان، پرۆسەی سیاسیی كوردستان خەریكە لە چەقبەستوویی دەردەچێت و جۆرێك لە نەرمی نواندن و ئامادەباشیی لایەنە سیاسییەكان بۆ وتووێژ و كۆبوونەوە دەست پێدەكاتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەباشی ئەوەی پیشانداوە كە بە دیدێكی تازە واقیعی سیاسیی ئێستای كوردستان بخوێندرێتەوە و بە زمانی دیالۆگ و یەكتری قبووڵكردن رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزرێتەوە، لە هەمانكاتدا وابڕیارە ئەم هەفتەیەش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە، بۆ ئەوەی قسە لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای كوردستان و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە تاوتوێ بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی سیاسیی ئێستای كوردستان و چەند پرسێكی دیكە، گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان:

 

هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و ئیمزاكردنی رێككەوتنی هەولێر و دهۆك بە سەرپەرشتی بەڕێزیان لە نێوان لایەنەكانی رۆژئاوا، هەمووی لە پێناوی ئەوە بوو ئەزموونە خراپەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە رۆژئاوا دووبارە نەبێتەوە

 

پەكەكە لەگەڵ هەموو لایەكە، بەڵام هەندێك لایەن وا مەزندەی دەكەن، ئەگەر پەكەكە لە دژی ئێمە بەكار بهێنن، ئەوا ئێمە زیاتر سەخڵەت دەبین

 

* سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی كوردستان، هەندێك دەڵێن هەتا ئێستاش ئەو چەقبەستووییە هەر بەردەوامە و هەندێكیش دەڵێن جۆرێك لە كرانەوە دروست بووە، ئایا لە نێوان ئەم بۆ دووچوونە جیاوازە ئێوە چی دەڵێن؟

- لەدوای ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی كە نوێنەری خۆی ناردۆتە لای لایەنە سیاسییەكان و هەتا ئێستاش كۆتایی نەهاتووە، ئەوا بە خوێندنەوەی ئێمە چەقبەستووییەكە بەرەو كرانەوە دەچێت، لەبەر ئەوەی جۆرە نەرمییەك لە هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا بەدی دەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئامادەباشی بۆ گفتوگۆ و یەكتربینین و كۆبوونەوە هەیە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزینەوە، تەنانەت رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڕیار بوو ئێمە و یەكێتی پێكەوە كۆببینەوە، بەڵام بەهۆی هەندێك پرسی تایبەت بە یەكێتی-یەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە كۆببینەوە، كەواتە ئەگەر واقیعییانە بارودۆخەكە بخوێنینەوە، ئەوا چەقبەستوویی بەرەو كرانەوە دەچێت، بەڵام هەندێك كادر لە ناو حزبەكان هەن، ئومێدیان ئەوەیە بارودۆخە زیاتر بەرەو چەقبەستوویی بچێت، هەر بۆیە كاتێك قسە دەكەن، ئەوە خوێندنەوەی خۆیانە و دەیانەوێت بەسەر واقیعەكەدا فەرزی بكەن، دیارە ئەو جۆرە خەڵكانەش بەتەنگ پرۆسەی سیاسی كوردستان و یەكڕیزیی نیوماڵی كورد نین بۆ ئەوەی كرانەوەیەك دروست بێت و بارودۆخەكە بەرەو قۆناخێكی دیكە هەنگاو هەڵبگرێت.

* ئایا ئەم ئامادەباشییە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە هەیە؟ 

- بەڵێ هەموو لایەنەكان ئامادەباشییان هەیە بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە.

* ئاماژەتان بەوە كرد كە دوای دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی ئەم زەمینەیە هاتۆتەئاراوە، ئایا ئەو دەستپێشخەرییە لەسەر چ بنەمایەك ئاراستەی حزبەكان كراوە؟ 

- ئەم دەستپێشخەرییە لە هەستكردنی سەرۆك بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەو فرسەتە مێژووییەی بۆ كوردستان هاتۆتەپێشەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیە سەرۆك بارزانی بە پێویستی دەزانێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەكان و قۆستنەوەی ئەم دەرفەتەی بۆ كورد هەڵكەوتووە، هەموو لایەنە سیاسییەكان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن، بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بتوانین كێشەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنین و بەرەو هێنانەدی ئامانجە نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان هەنگاوی یەكلاكەرەوە هەڵبگرین. بۆیە بۆ سوودوەرگرتن لەو دەرفەتەی هاتۆتە پێشەوە ئەگەر یەكگرتوو و یەكهەڵوێست و یەكگوتار نەبین، ئەوا لەوانەیە ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین و دەرفەتی لەمجۆرەش زۆر زەحمەتە لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆ كوردستان بێتە پێشەوە.

* بەڵام ئەو ئامانجە پێویستی بە میكانیزمێك هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت كێشەكانی پێ چارەسەر بكرێت، ئایا بەرنامەیەك هەیە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان؟ 

- ئێمە دەبێت ئەو راستییە فەرامۆش نەكەین، كە هەر حزبێكی سیاسی ئەجیندا و خوێندنەوە و بۆچوونی جیاوازی هەیە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام لە هەمانكاتدا لە نێوان هەموو حزبە سیاسییەكانیشدا كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش هەیە كە هەموومان پێكەوە كۆدەكاتەوە، هەر بۆیە بەرنامەی راست ئەوەیە حزبەكان دەست بكەن بە گفتوگۆ و كۆبوونەوە بكەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خاڵە هاوبەشەكان بكەین و دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی خاڵە جیاوازەكان بدۆزینەوە و بگەینە خاڵێك كە هەموومان لەسەری رێكبكەوین، كە گەیشتینە ئەم قۆناخە ئیدی ئەمە مانای ئەوەیە هەموولایەك گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت مەسەلەی یەكتری شكاندن لەخەیاڵی هەموو لایەك بێتە دەرەوەو تەنیا رێگە بریتییە لە دیالۆگ و لە یەكتری تێگەیشتن و رێككەوتن.

* ئەم بۆچوونەی ئێوە لە دیوێكەوە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە چاو بە داخوازییەكانی پێشانی خۆی بەرامبەر بزووتنەوەی گۆران بخشێنێتەوە؟ 

 

- جەنابی سەرۆك كە نوێنەری خۆی ناردۆتە لای حزبە سیاسییەكان، پێشنیاری ئەوەی كردووە حزبەكان پێكەوە كۆببنەوە و بەدیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئێمەش وەك پارتی لەم روانگەیەوە ئامادەین دابنیشین و گفتوگۆ بكەین و واقیعی ئێستای كوردستانیش وەك ئێستا دەخوێنینەوە، نەك وەك رابردوو، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێمە ئەگەر هەموو واقیعی ئێستا چڕبكەینەوە لەسەر 23ی حوزەیران و 19ی ئاب و 12ی ئۆكتۆبەری 2015، ئەوا لەبری ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەین، كێشەی دیكە بۆ خۆمان دروست دەكەین، راشكاوانەتر نابێت هیچ لایەكمان خۆی بكاتە دیلی پارچەیەك لەو رووداوانە، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان خۆمان ناكەینە دیلی بەشێك لەو شتانەی لە رابردوو روویانداوە و ئومێدەواریشین لایەنەكانی دیكەش هەروا بن و پێدانەگرن لەسەر هەڵوێستێك كە خۆیان پێیان وابووە دەبێت وابێت، یان مەزندەیان وا بووبێت ئەوەی ئەوان بیریان لیكردۆتەوە، دەبێت وەك خۆی بێتەدی، بۆیە ئەگەر هەموو لایەكمان بە ئەقڵییەت و بۆچوونێكی تازە گفتوگۆ بكەین، ئەوا دەتوانین چارەسەرێك بۆ كێشەكان بدۆزینەوە.

* ئەگەر راشكاوانەتر دەست بخەینە سەر كێشەكان، دیارە پێشتر گۆڕان داوای دەكرد بگەڕێنەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەر، ئێوەش داواتان دەكرد دەبێت سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕدرێت، ئایا لەم خاڵەدا ئێوە بژارەی دیكەتان دروستكردووە؟ 

 

- ئێمە كە گوتوومانە دەبێت هەندێك گۆڕانكاری لە پەرلەماندا بكرێت، لە روانگەی بەخەمەوەبوون بووە بۆ ئەم دامەزراوە گرنگەی كوردستان، ئێستاش ئێمە دەڵێین نەدەبوو پەرلەمانی كوردستان بكرێتە بەشێك لە كێشەی سیاسیی نێوان حزبەكان، سەرۆكی پەرلەمانیش دەیتوانی ئەو رۆڵە بگێڕێت و نەهێڵێت پەرلەمان ببێتە بەشێك لەو كێشەیە، بەڵام بەداخەوە سەرۆكی پەرلەمان نەك هەر ئەو رۆڵەی نەگێڕا، بەڵكو خۆی بووە فاكتەرێك و كێشەی نێوان حزبەكانی قووڵتر كردەوە. دیارە هەموولایەك ئاگادارن كە شەوی 18/19ی ئابی 2015، حزبە سیاسییەكان بە میانگیریی ئەمریكاو بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان هەتا كاتژمێر 7ی بەیانی 19ی ئاب كۆبوونەوە و گەیشتنە ئەو رێككەوتنەی دانیشتنی رۆژی 19ی ئابی 2015 پەرلەمان نەكرێت، بۆ ئەوەی بوارێكی زیاتر لەبەردەم حزبەكان هەبێت و بگەنە رێككەوتنێك، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند من هەر ئەو كۆبوونەوەیە دەكەم، ئەوە بوو هەوڵیدا كۆبوونەوەكە بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی نیسابی یاسایی بۆ تەواو نەبوو، شكستی هێنا، ئەم جۆرە بیركردنەوانە ئەگەر بیركردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بێت، ئەوا زیان بە شكۆی پەرلەمان و تەواوی حزبەكانیش دەگەیەنێت، بۆیە نابێت كەسی لەو جۆرە سەرۆكی پەرلەمان بێت، ئێمە لەم روانگەیەوە ئەم قسەیەمان كردووە و ئەگەرنا ئێمە هیچ شتێكمان لەسەر شەخسی یوسف محەمەد نییە.

 

* ئایا پارتی رازی دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان هەر لای گۆڕان بێت و كەسێكی دیكە لە جێگەی یوسف محەمەد دابنرێت؟ 

- كاك یوسف زیاتر ئەمڕۆ ئەجیندای بزووتنەوەی گۆڕانی جێبەجێ كردووە، چونكە ئەگەر وانەبوایە ئەوەندە پێداگری لەسەر هەندێ كۆبوونەوە و پڕۆژە نەدەكرد، بۆیە دەبێ تێڕوانینی گۆڕان بە شێوەیەكی گشتی بگۆڕدرێ بۆ بابەتە خیلافییەكان و هەوڵی رەفزی بەرامبەرەكەی نەدات، بۆیە ئەگەر ئەم برادەرەش بگۆڕدرێ و كەسێكی دیكەش لە جێی دابنرێت، بەڵام نەهجی بزووتنەوە بۆ چارەسەری كێشەكان وەكو ئەو رووداوانەی پێشوو بێت، هیچ لە مەسەلەكان ناگۆڕێت.

* ئایا تا ئێستا لە نێوان پارتی و گۆڕاندا هیچ كەناڵێكی گفتوگۆ و قسەكردنتان هەیە؟

- هەتا ئێستا گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەچوارچێوەی ئەو لیژنە سێ قۆڵییە هاوبەشە بووە كە لە كۆبوونەوەی 17 حزبەكە بڕیاری لێ درابوو.

* ئەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟

 

- لەگەڵ یەكێتی بەردەوام لەسەر خەتین، چ بە دانیشتن، یان بە تەلەفۆن.

* ئێوە وەك پارتی رەتتانكردەوە پێشوازی لە شاندی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی بكەن، ئێستاش باسی ئەوەت كرد، ئەم هەفتەیە لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە، ئایا ئەم وەرچەرخانە چۆن دروست بوو؟ 

- پارتی و یەكێتی لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی هاوپەیمانییەتێكمان هەیە، ماوەیەك پێش ئێستا بە فەرمی داوامان لە یەكێتی كرد كە بە ئێمە و خەڵكی كوردستانیش بڵێت، ئایا باوەڕتان بە رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی ماوە، ئەوە بوو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵامی دایەوە گوتی: بەڵێ، باوەڕمان پێیەتی و ئەو رێككەوتنە بە فەرمی كۆتایی نەهاتووە، راستە ئەو رێككەوتنە بۆ ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە و دووساڵ پێش ئێستاش هەردوولامان بڕیارمان داوە ئەو پێداچوونەوەیە بكەین، بەڵام تائێستا بەفەرمی كۆتایی پێنەهێنراوە، بۆیە ئێمە جیا لەو كێشانەی لەگەڵ گۆڕان هەمانە، بەڵام هەتا ئێستا پێوەندی دووقۆڵیمان لەگەڵ یەكێتی هەیە، هەربۆیە ئەگەر ئەم دوولایەنە ببنەوە یەكیش، ئەوا دیسان دەبێت لەسەر شێوازێكی تازە رێكبكەوین، بۆیە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كردووە، ئەوا ئێمەش هاوپەیمانیمان لەگەڵ یەكێتی هەیە، پێشتریش گۆڕان رەخنەی زۆر توندی لەسەر هاوپەیمانی ئێمە و یەكێتی هەبووە و چەندی توانیویەتی قسەی پێ گوتووە و ناشیرینی كردووە، بۆیە ئاساییە ئێمەش رەخنەمان هەبێت، رەخنەی ئێمەش قسەی سووك و ناشرینكردنی هاوپەیمانی نێوانیان نییە، بەڵكو ئێمە گوتوومانە ئەگەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان خۆتانە دەستخۆشیتان لێدەكەین، بەڵام ئەگەر بتانەوێت ئەم رێككەوتنە بكەنە نەخشەی رێگە بۆ هەموو كوردستان و بەسەر لایەنەكاندا فەرزی بكەن، ئەوا ئێمە رەتی دەكەینەوە.

* دیارە بۆ كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی پارتی و یەكێتی، هەردوولاتان بەرنامەیەكتان ئامادە كردووە، ئایا بە نیازن لەم كۆبوونەوەیە باسی چی بكەن؟ 

- بەنیازین باسی بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و پێوەندییەكانمان لەگەڵ دەوروبەر و جیهان بكەین .

 

* ئەمانە شتی گشتین، ئایا لەسەر دووبارە چالاككردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانتان قسە دەكەن؟ 

- لەسەر ئەمەش قسە دەكەین، هەروەها باس لەوە دەكەین چۆن پێكەوە ئەم قەیرانانە تێپەڕێنین، چۆن پێكەوە رایەڵەیەك لەنێوان هەموو حزبەكان دروست بكەینەوە، ئایا رۆڵی ئێمە و یەكێتی چۆن دەبێت لە شێوازی چارەسەركردنی كێشەكاندا.

* ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ كرۆكی كێشەكانی نێوان پارتی و گۆڕان، راشكاوانە بزووتنەوەی گۆڕان كێشەكە بەوجۆرە لە راگەیاندن دەخاتەڕوو كە سەرۆك بارزانی واز لە كورسییەكەی ناهێنێت و كێشەكە كورسییەكەی سەرۆكە، ئایا ئەمە كرۆكی كێشەكەیە، یان گۆڕان دەیەوێت بەمە پەردەپۆشی كێشە سەرەكییەكە بكات؟

 

- ئێمە بەردەوام كێشەمان لەگەڵ برادەرانی گۆڕان و هەندێك خەڵكی دیكە ئەوە بووە كە راستەوخۆ لەسەر كێشەكان قسە بكەین، نەك لە رێگەی هۆیەكانی راگەیاندنەوە قسەكانی خۆمان بكەین، ئێمە كە لەسەر چوار ساڵی ئارامی بۆ كوردستان رێككەوتین، لەسەر ئەو بنەمایە بوو مەبەستمان بوو راستەوخۆ لەسەر كێشەكان قسە بكەین، نەك لە هۆیەكانی راگەیاندنەوە قسە لەگەڵ یەكتری بكەین، ئێمە ئەو كاتیش دەمانزانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان خوێندنەوە و بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بەڵام پێمانوابوو كۆمەڵێك خاڵی هاوبەشیش پێكەوە كۆمان دەكاتەوە، بۆیە ئێمە پێمانوابوو لەبەر ئەوەی خاڵی هاوبەشمان هەیە دەتوانین گفتوگۆ لەسەر جیاوازییەكانیشمان بكەین و وردە وردە دەروازەیەك بدۆزینەوە بۆ چارەسەركردنیان، بەڵام بەداخەوە برایانی گۆڕان نەك نەیانتوانی چوار ساڵ پابەند بن، بەڵكو دووساڵیشیان تەواو نەكرد و نەیانتوانی ئەو ریككەوتنەی كردوومانە جێ بەجێی بكەن. كێشەی ئەمجارەشیان لەسەر سیستمی سیاسیی كوردستانە، ئەوان بۆچوونێكیان هەیە و ئێمەش بۆ چوونێك، بەڵام هیچ لایەك بۆی نییە بۆچوونی خۆی بەسەر لایەكەی دیكەدا فەرز بكات.

* مەسەلەی سیستمی سیاسی و یاسای سەرۆكایەتی ئەوە بۆ سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەوان دەڵێن كێشەكە ئەوەیە سەرۆك بارزانی واز لە پۆستەكەی ناهێنێت، ئایا ئەمە راستە، یان چەواشەكردنی گۆڕانە؟ 

 

- سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بانگهێشتی 17 حزبی كوردستانی كرد (ئەوانەی لە پەرلەمان و حكومەت بەشدارییان هەیە) ئێمەش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كۆبوونەوەیە ئامادەبووین، بەڵام كۆمەڵ و گۆڕان نەهاتن بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، لەو كۆبوونەوەیەدا جەنابی سەرۆك سێ پێشنیاری خستە بەردەمی هەموو حزبەكان و پێی گوتن:

1. ئێوە و هەموو ئەو حزبانەی كە لە كوردستاندا مۆڵەتی یاسایی كاركردنیان هەیە، پێكەوە لەسەر كەسێك رێكبكەون بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، منیش بۆ ماوەی 2-3 مانگ لە بەرەكانی شەڕ و پێوەندییەكانی كوردستان و دەرەوە هاوكاری دەكەم، بۆ ئەوەی بتوانێت ئیشەكانی بە سەركەوتوویی بەڕێوە بەرێت.

 

2. ئەگەر بەمەش رازی نابن، فەرموون با هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بكرێت و من خۆم كاندید ناكەم و هەر كەسێك متمانەی گەلی كوردستانی وەرگرت، ئەوا منیش وەك ئێوە پیرۆزبایی لێدەكەم.

3. ئەگەر لەسەر كەسێكیش رێكناكەون و ناشتوانن هەڵبژاردن بكەن، ئەوا لێگەڕێن تا هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو كارەكان بە باشی بەڕێوەبچن، تا هەڵبژاردن دەكرێت، ئەو كاتی با ئەم پرسە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە یەكلایی بكرێتەوە.

دوای ئەم سێ ریگەچارەیە سەرۆك بە هەموولایەكمانی گوت، ناكرێت شەڕێكی گەورەی وەك شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش یەخەی كوردستانی گرتبێت، ئەم پۆستە بە خاڵی بمێنێتەوە، هەروەها گوتی: جیا لەوەی من سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانم، بەڵام من وەك هاووڵاتییەكی ئەم كوردستانە چۆن رێگە دەدەم ئەو تیرۆریستانە هەوڵبدەن كوردستان داگیربكەن و من بەرسنگیان پێ نەگرم. لەمەش زیاتر پێی گوتین من دەستم بە كورسییەكەمەوە نەگرتووە، لەباری واقعیشدا جەنابی سەرۆك پێویستی بە پۆست و پلە نییە، ئەو مسعود بارزانی-یە و پێشمەرگەی كوردستانە و پێشمەرگایەتی لە هەموو پلە و پۆستێك لا گەورەترە و ئەوە كورسییەكەیە كە پێویستی بە جەنابیان هەیە.

* باشە ئەوا زانیمان پارتی و گۆڕان كێشە لەنێوانیان هەیە، بەڵام لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی چ كێشەیەكتان هەیە؟

- لە راستیدا تا ئێستاش تێنەگەیشتووین لەوەی كە كۆمەڵ بۆچی ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە، هەڵوێستێك كە وەك دەڵێن (كەوچك لە ئاگرەكە گەرمترە)، ئەگینا هیچ كێشەیەك لە نێوان ئێمە و كۆمەڵ رووی نەداوە، زۆر شتیش هەبووە، چاومان لێ پۆشیوە بۆ ئەوەی ئەوان بە خۆیاندا بچنەوە. تۆ سەیری تەلەفزیۆن و راگەیاندنەكانی كۆمەڵ بكەن بزانن لە رۆژی 16ی ئاب كە ساڵیادی دامەزراندنی پارتییە، لەبری ئەوەی پیرۆزبایی لە پارتی بكەن، چەند قسەی زبر و ناشیرینیان بە پارتی و سەرۆك بارزانی گوتووە، بۆیە ئێستاش نازانین كۆمەڵ بۆ وادەكات، بەڵام كەیفی خۆیانە، لەوانەیە ئەوان ئەمە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن بزانن و بە بۆچوونی خۆیان قازانج لەم ئاراستەیە دەكەن، با بزانین دەگەنە كوێ. بۆیە لەو كردەوە و هەڵوێستەیان تێناگەین، تەنیا ئەوەندە نەبێت كە دەزانین تووتی ئاسا ئەوەی گۆڕان دەیڵێت، ئەوان دووبارەی دەكەنەوە، هەر بۆ زانیاریتان دوای كۆبوونەوەی 17 حزبەكە ئەوە بوو لیژنەیەكی سێ قۆڵی لە پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو پێكهات بۆ ئەوەی سەردانی حزبەكان بكەین، ئێمە یەكەمجار چووینە بارەگای سەرەكیی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، پاشان چووین بۆ مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵ لە سلێمانی، سەیرمان كرد هەمان ئەو قسانەی لە گردی زەرگەتە گوێمان لێ بووە، ئەوانیش هەمان قسە دووبارە دەكەنەوە. ئێمە لە شاندەكە سەیری یەكتریمان كرد و وتمان بمانزانیایە نەدەهاتینە ئێرە لەبەر ئەوەی ئەو قسانەمان لە بارەگای گۆڕان گوێ لێ بووە.

* ئەی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی پێوەندیتان چۆنە؟ 

- لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی هیچ كێشەیەكمان نییە، دیدار و كۆبوونەوەمان هەبووە، ئێمە سەردانمان كردوون، ئەوانیش سەردانی ئێمەیان كردووە، بە راستیش یەكگرتوو لە خەمی ئەوەدایە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە، هەتا ئەو دەستپێشخەرییەی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بۆ ئەو مەبەستە بوو، بەڵام گۆڕان و كۆمەڵ شكستیان پێ هینا، بەتایبەتی كۆمەڵ كە لایەنی سەرەكی بوو لە شكستپێهێنانی ئەو دەستپێشخەرییە.

* كاتێك باسی كێشەی سیستمی سیاسی دەكرێت و دەڵێن پارتی و گۆڕان لەسەر ئەمە كێشەیانە، ئایا كێشەكە لەسەر چییە؟ ئایا ئەوەی گۆڕان دەڵێت دەبێت پەرلەمانی بێت، پارتی بڕوای بە سیستمی پەرلەمانی نییە؟ 

- ئێستا سیستمی سیاسیی وڵات لە پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان چۆن نووسراوەتەوە؟ بێگومان نووسراوە سیستمی سیاسی، سیستمێكی پەرلەمانی دیموكراتی و كۆمارییە، بەڵام كێشەكە لەسەر ئەوەیە، ئەوان دەڵێن ئەگەر سەرۆك راستەوخۆ هەڵبژێردرێت، ئەوا سیستمەكە پەرلەمانی نییە و دەبێت لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئێمەش دەڵێین هەڵبژادنی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە سیستمەكە ناگۆڕێت، چەندین نموونەشمان هەیە، لە وڵاتانی نەمسا، ئیرلەندا و چەندین وڵاتی دیكە سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام سیستمەكە پەرلەمانییە، هەر بۆ زیاتر روونكردنەوە لەسەر ئەم پرسە ئێمە بۆ ئەوەی ئەم پرسە نەبێتە كێشە گوتوومانە، ئەم جیاوازییە بخەینە راپرسییەوە و خەڵكی كوردستان كامیانی پەسەند كرد، با خەڵك یەكلایی بكاتەوە، زیاد لەمەش لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكاندا ئەو پێشنیارەشمان كرد، با پەرلەمانی داهاتوو ئەم پرسە چارەسەر بكات، بەڵام بە مەرجێ لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بە خەڵكی كوردستان دەڵێین پەرلەمانی كوردستان جیا لە سێ ئەركە سەرەكییەكەی خۆی (یاسادانان، متمانەدان بەحكومەت، چاودێریكردن) ئەم ئەركەشی دەبێت و ئەم پرسەش پەرلەمان یەكلایی دەكاتەوە، بەڵام گۆڕان سوورە لەسەر رای خۆی و دەیەوێت فەرزی بكات، ئەو زەمەنەش بەسەرچووە هیچ لایەك بتوانێت شتی خۆی بەسەر بەرامبەركەیدا فەرز بكات.

* باشە خۆ پارتی 60 كورسی پەرلەمانی نییە، پارتی 38 كورسی هەیە، بۆچی بەمجۆرە پێداگیری لەسەر هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك بكات، بەپێچەوانەوە پارتی هەموو كاتێك دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، ئایا بۆ پارتی باشتر نییە سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت؟ 

- ئەمە كرۆكی پرسەكەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پارتی هێندەی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانی لا مەبەستە بەرژەوەندی خۆی لا مەبەست نییە، هەروەها مەسەلەكەش پەیوەست نییە بە سەرۆك بارزانی كە ئێستا لەو پۆستەیە، بەڵكو مەسەلەكە سەرۆكی داهاتووی هەرێمە، ئاشكراش نییە كە گەلی كوردستان متمانەی خۆی بە كێ دەدات، چونكە وەك ئێوەش ئاماژەتان پێكرد، هیچ حزبێك لە كوردستان زۆرینەی رەهای دەنگەكانی بەدەست نەهێناوە، بۆیە سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان هەر كەسێك بێت، ئەوا بۆچوونی پارتی ئەوەیە كە دەبێت خەڵكی كوردستان راستەوخۆ متمانەی پێ بدات.

* ئەمە لەوە دەچێت پارتی بە مسۆگەری بزانێت ئەو پۆستە دەباتەوە و لایەنەكانی دیكە بزانن دەیدۆڕێنن، ئایا متمانەی پارتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ 

- متمانەی پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی لە ئیرادەی خەڵكی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوجا ئەو ئیرادەیە هەر بڕیارێك بدات، ئێمە بە شانازییەوە جێبەجێی دەكەین. من دووبارەی دەكەمەوە لە پرۆسەی دیموكراتیدا پۆستەكان بۆ هیچ لایەك مسۆگەر نین، هەتا ئەو كاتەی سندوقەكانی دەنگدان دەكرێنەوە، بەڵام بۆچوونی پارتی ئەوەیە ئەگەر سەرۆك راستەوخۆ متمانە لە گەلەوە وەربگرێت، هاوسەنگیی سیستمە سیاسییەكە رادەگرێت و پرۆسەی دیموكراتی باشتر لە وڵاتدا رەگ دادەكوتێت. بۆیە ئەوەندەی ئایندەی سیستمە سیاسییەكە لای پارتی گرنگە، ئەوەندە پۆستەكە گرنگ نییە، لەمەش زیاتر لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی دیموكراتی بریتییە لە زۆرینە و كەمینە، بەڵام ئێمە و یەكێتیش قەناعەتمان وایە و ئەمەشمان ئیقرار كردووە، نە ئێمەش و نە یەكێتیش هەتا ئەگەر بە تەنیاش بتوانین حكومەت دروست بكەین، ئەوا بەبێ هاوبەشی پارتی و یەكێتی ئەو ئەزموونە سەركەوتوو نابێت، گۆڕان خۆی تاقیكردەوە بە زۆرینە و كەمینە ئەم پرسە یەكلایی بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی شكستیشی هێنا، بەڵام كێشەیەكی گەورەشی بەدوای خۆیدا دروستكرد.

* لایەنێكی دیكە كە خەڵك چاوەڕێی دەكات مەسەلەی ئەو پرۆسەی چاكسازییەی سەرۆكە كە بەشێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێتەوە، ئایا تاچەند لە ناو پارتی ئەم چاكسازییانە بەرەو پێشەوە چوون؟ 

- پارتی دیموكراتی كوردستان چەند ساڵێك جارێك كۆنگرەی خۆی گرێدەدات، پێش گرێدانی كۆنگرە كۆمەڵێك دیراسات دەكات بۆ ئەوەی لە كۆنگرە گەنگەشەی بكات و بڕیاری لەسەر بدات، دواتر دەبێتە ئاراستەیەك بۆ چۆنیەتی ئیشكردن لەسەریان، سەبارەت مەسەلەی گەندەڵی، ئەم پرسە بەوجۆرە نییە كە خەڵك باسی دەكات، پارتی خۆ پڕۆژەی جێبەجێ نەكردووە.

* بە راشكاوی خەڵك باسی بەرپرسە گەندەڵەكان دەكات، لەناو پارتیشدا لەو جۆرە بەرپرسانە بوونیان هەیە؟ 

- دیارە یاسا بەرپرسە لەوەی بڕیاربدات كێ گەندەڵە و كێ گەندەڵ نیە، وەك وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتریش ئەوەم گوتووە، ئێمە وەك پارتی نەك بەرگری لە كەسێك ناكەین كە لە گەندەڵی تێوەگلابێت، بەڵكو چەندی پێمان بكرێت پاڵپشتی یاسا دەبین و لە چوارچێوەی رێنماییەكانی سەرۆكدا هاوكاری دادگا دەكەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی دەریكردووە جێبەجێ بكرێت.

* دیارە لە چەند رۆژی رابردوو گەنجێك لە دهۆك كوژراوە، ئەمەش دەرگای كردەوە بۆ ئەوەی هەندێك لایەن بەتایبەتیش پەكەكە دەستی تۆمەت بۆ پارتی درێژبكات، ئایا ئێوە وەك پارتی هەڵوێستتان لەسەر كوشتنی ئەو گەنجە چییە؟ 

- پێش هەموو شت دەمەوێت ئەوە بڵێم، هەر شتێك لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك و ناوچە كوردستانییەكانی نەینەوا و بەشێكی پارێزگای كەركووك رووبدات، لەبەر ئەوەی پارتی باڵادەستە لەو شوێنانە، ئەوا بمانەوێت، یان نەمانەوێت دەڵێن پارتی بەرپرسیارە و راشكاوانەتر كاریگەری لەسەر ئیدارەی ئەو ناوچانە دەكات كە پارتی تیایدا باڵادەستە. پرسیاری من ئەوەیە ئایا دەكرێت باڵادەستی خۆمان بەكاربهێنین بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگی خۆمان ناشیرین بكەین؟ بۆیە هەر كەس و لایەنێك ئەم كارەی كردبێت، ئەوجا پێش ئەوەی بپرسین بۆچی و لەبەرچی و بۆ چ ئامانجێك كردوویەتی، ئێمە ئیدانەی دەكەین و وەك پارتی دژی ئەو كردەوانەین، پاشانیش هەموولایەك هەڵوێستی جەنابی سەرۆكی بینی و حكومەتیش هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە، پاشانیش ئەنجامدەری ئەو تاوانە دەدۆزرێتەوە.

* بەڵام پەكەكە ئەمەی قۆستەوە بۆ دژایەتی پارتی، ئایا كێشەی پەكەكە لەگەڵ ئێوە چییە؟ 

- بەداخەوە پەكەكە ئەو ئاڵایەی بەرزكردۆتەوە كە دژایەتی نەك تەنیا پارتی، بەڵكو هەموو حزبەكانی كوردستانی بكات، هەتا ئێستاش ددان بە كیانی هەرێمی كوردستان و یاساكانی و پەرلەمان وحكومەتی كوردستاندا نانێت، هەروەها پەكەكە بڕوای بە سەربەخۆیی كوردستان نییە و بە ئاشكرا بەرگری لە یەكپارچەیی عێراق دەكات، بۆیە كێشەی پەكەكە لەگەڵ هەموو لایەكە، بەڵام هەندێك لایەن وا مەزندەی دەكەن، ئەگەر پەكەكە لە دژی ئێمە بەكار بهێنن، ئەوا ئێمە زیاتر سەخڵەت دەبین، بەڵام وا نییە، پەكەكە چۆن دژایەتی ئێمە دەكات، دژایەتی ئەوانیش دەكات، خۆ لە ساڵی 1992 پەكەكە شەڕی لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند و پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان پێكەوە رووبەڕووی هەرەشەكانی پەكەكە بووینەوە.

* دیارە ئێستا لە رۆژئاواش پەیەدە دەیەوێت هەژموونی دیكتاتۆرییانەی خۆی بەسەر هەموو لایەنەكانی دیكەدا فەرز بكات، پێشتر سەرۆك بارزانی زۆر هەوڵیدا ئەمە روونەدات، چەند جارێكیش بە سەرپەرشتی سەرۆك هەموو لایەنەكانی رۆژئاوا كۆبوونەوە و رێككەوتنی هەولێر و دهۆك لە نێوانیان ئیمزا كرا، ئێستا پەیەدە بۆ وادەكات و هەڵویستی پارتی لەسەر ئەم پرسە چییە؟ 

هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و ئیمزاكردنی رێككەوتنی هەولێر و دهۆك بە سەرپەرشتی بەڕێزیان لە نێوان لایەنەكانی رۆژئاوا، هەمووی لە پێناوی ئەوە بوو ئەزموونە خراپەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە رۆژئاوا دووبارە نەبێتەوە، بۆ ئەوە بوو هەموو لایەنەكان بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دەستكەوتەكانیان بچەسپێنن و پێكەوە بەرەنگاری دوژمنەكانیان ببنەوە، بەڵام پەكەكە ناهێڵێت ئەم یەكگوتاری و یەكڕیزییە دروست بێت، بۆیە لەو چەوت تێڕوانینەی خۆیانەوە وا هەست دەكەن ئەوان دامەزرێنەری كوردایەتین، ئەوەیان لە بیر خۆیان بردۆتەوە كە لە باشووری كوردستان لە بیستەكانی سەدەی رابردووەوە شۆڕش هەبووە و لە دەستووری 1958ی عێراقدا كورد وەك هاوبەش لە عێراقدا ددانی پێدانراوە، لە ساڵی 1970 رێككەوتننامەی ئادار ئیمزا كراوە، كە ددان بە مافەكانی كورددا دەنێت، بەڵام پەكەكە لە هەر پارچەیەكی كوردستان حزبێكی دروستكردووە، بۆ نموونە لە باشوور پارتی چارەسەر (دوای ئەوەی شكستی هێنا، ناوەكەیان گۆڕی)، لە رۆژهەڵات پژاك، لە رۆژئاوا پەیەدە، دەیەوێت بەزۆر هەژموونی خۆی بسەپێنێت، سەبارەت بە رۆژئاوا دیارە پەیەدەش وەك پەكەكە بیردەكاتەوە، بۆیە لەچەند رۆژی رابردوو دەستیان كردووە بە گرتن و زیندانیكردنی ئەوانەی كە سەر بە لایەنەكانی دیكەن، تەنانەت ئیبراهیم برۆیان دەركردووە لەسەر ئەوەی وەك ئەوان بیرناكاتەوە، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان دژی خۆسەپێنی و تاكڕەوین و دەمانەوێت كۆتایی بەم رەفتارانە بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ زمانی دیالۆگ و یەكتری قبووڵكردن، لەبەر ئەوەی خۆسەپێنی و تاكڕەوی زیان لە پرۆسەی سیاسی دەدات و هۆكاریكە بۆ ئەوەی دستكەوتەكان بخاتە مەترسییەوە.