پێش 24 ساڵ مامۆستاکەی ئەردۆگان پێشبینی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کردووە

image

ڕابەری بزووتنەوەی هزری میللی ئیسلامی کە هاوکات بە مامۆستای سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیاش لە قەڵەم دەدرێت، لە ساڵی 1992دا پێشبینی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کردووە.

 

بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی ، لە ساڵی 1992دا و لە دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیا، نەجمەدین ئەربەکان، ڕابەری بزووتنەوەی هزری میللی (ئیسلامی) و مامۆستای هزریی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، سەبارەت بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، گفتوگۆی ڕۆژنامەنووسێک و بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی گێڕاوەتەوە و ئاشکرای کردووە کە دوای ساڵانێک، بە پشتیوانیی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی دونیا، دەوڵەتی کوردی دروست دەبێت.

 

ئەربەکان لە قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ڕۆژگارێک دێت، کوردەکانی کوردستانی باشوور دەبنە خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و هێزی چەکداریی بەهێز. دەشڵێت: ”ڕۆژێک دێت کە سەددام حوسێن دەڕووخێت و بۆشایی دەسەڵات لە ناوچەکە دروست دەبێت، کوردەکان دەوڵەت دروست دەکەن و ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە“.

 

سەرەڕای ئەوەی ئەربەکان لە قسەکانیدا دژایەتیی ئەو دەوڵەتە کوردییەی کردووە و داوای کردووە لە تورکیا پلانێکی نیشتمانی دژی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی ئەمریکا هەبێت، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆر لەو قسانەی ئەربەکان لە پەرلەمانی تورکیا کردوویەتی، هاتووەتە دی و بەشێکی کەمی ماوە کە ئەویش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردییە.

 

ئەمە دەقی قسەکانی نەجمەدین ئەربەکانە:

 

لە ڕیاز، عەقیدێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەنووسێکمانی گوتووە، بە دەستەکانیشی لەسەر نەخشە هێمای بۆ کردووە و گوتوویەتی: ”لێرە دەوڵەتی کوردی پێکدەهێندرێت“. شەڕ کۆتایی دێت و سەددامیش دەڕووخێت، ئەو قسانە لە کاتێک دایە کە هێشتا جەنگی کەنداو تەواو نەببوو.

 

پێش جەنگەکە پیاوەکە دەیگوت، سەدام دەڕووخێت و دەوڵەتێک لەو ناوچەیە نامێنێت. بۆشاییەک لە دایک دەبێت بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت. کوردەکان دەوڵەتێک دروست دەکەن و ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە.

 

ئەگەر داوای خاکی تورکیایان کرد، ئێمە بە ئاشکرا دەڵێین تورکیا ئەمە قەبوڵ ناکات. لێرەدا پێکدادان ڕوو دەدات.

 

کاتێک ڕۆژنامەنووسەکە جارێکی دیکە پێی گوت کە تورکیا سوپایەکی ڕێک و چەکی (تۆپ، زرێ، تانک، فڕۆکە و مووشەک)ی هەیە، چۆن ڕووبەڕووی ئەو هێزە گەورەیە دەبنەوە؟ جگە لەوەی ئێران و سووریا هەڵوێستیان چی دەبێت؟ سەبارەت بە دابەشکردنی خاکی عێراق، چۆن بەرگە دەگرن ئەوان چاوەکانیان بەرامبەر بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لێڵ بکەن؟

 

لە بەرامبەردا عەقیدە ئەمریکییەکە وەڵامی دایەوە: کوردەکان لە باکووری عێراقدان، ئەوان لە نزیک چەکێکی زۆر دەبن، ئەو چەکانەی کە سەددام بەجێیان دەهێڵێت، بۆ ئەوانە، ڕەنگە چەکێکیان هەبێت کە لە چەکەکانی ئێوە پێشکەوتووتر بێت، (فڕۆکە، تانک، زرێپۆش، هەلیکۆپتەر، مووشەک، فڕۆکەخانە و هی دیکەش)، کەی ئەم قسانەی کرد؟ لە سەرەتای جەنگی کەنداو کە هێشتا جەنگەکە تەواو نەببوو.

 

ئەندامانی بەڕێزی ئەنجومەن

ڕۆڵەکانی نەتەوە ئازیزەکەمان

ئەو بەڵگانەی کە من خوێندمەوە چی دەردەخات؟

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزەکانی دەرەکی و ئیسڕائیل، بەو ڕووداوانە هەڵدەستن بەپێی پلانێکی داڕێژراو، ئەوان پلانێکی درێژخایەنیان هەیە. بریکارە دەرەکییەکان ڕمەکانیان هەڵدەدەن، ئەوانە پلانێکی درێژخایەنیان هەیە.

 

بۆیە کوا پلانی نیشتمانیی کورتخایەن، مامناوەندی و درێژخایەنی ئێمە؟ کوا؟

کێ هەڵدەستێت بە داڕشتنی ئەو پلانە؟

 

لەکاتێک ئەوانەی کە پێویستە لەسەریان پلانێک دابڕێژن، پلانێکیان نەبێت، دەبن بە ئامرازێک بۆ پلانی ئەوانی دیکە.

 

سەیری ئەوانە بکە، بەڵام هیچ هاریکارییەک لەنێوان وڵاتانی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە. دەیانەوێت پێکدادان لە نێوان تورکیا و سووریا، تورکیا و عێراق، تورکیا و ئێران ڕوو بدات. ئەوەش دەکەن.

 

بۆیە لەسەرمانە پلانی ئیمپریالیست و سەهیۆنییەکان بەتاڵ بکەینەوە، 

 ڤیدیۆ