دۆسیەی تایبەت بە پرسی کورد و یاسای نێودەوڵەتی

image

دۆسیەی تایبەت بە پرسی کورد و یاسای نێودەوڵەتی

شوێنی بڵاوکردنەوە: گۆڤاری زانستیی Civitas Europa، (گۆڤارێکی یاسایییە لەسەر پێشکەوتنی نەتەوە و دەوڵەت لە ئەوروپا)، فەرەنسا

نووسینی: کۆمەڵێك پسپۆر لە بواری یاسا و کوردستان

زمانی نووسین: فەڕەنسی

 

لە ژمارە ٣٤ی مانگی شەشی ساڵی ٢٠١٥، گۆڤاری زانستیی Civitas Europa، کە گۆڤارێکی یاسایییە لەسەر پێشکەوتنی نەتەوە و دەوڵەت لە ئەوروپا، دۆسیەیه‌کی تایبەتی لەسەر پرسی کورد و یاسای نێودەوڵەتی ئاماده‌ كرد. لە بنەڕەتدا، ئەم دۆسیەیە ساڵێك پێشتر، لە شێوەی کۆنفرانسێک لەلایەن "پەیمانگای لێکۆڵينەوە سەبارەت بە پێشکەوتنی نەتەوە و دەوڵەت IRENEE" و ئەنستیتیوتی کورد لە پاریس ئامادەکرابوو. ئەم دۆسیەیە پێکهاتبوو لە حەوت لێکۆڵینەوە و دوو وتار دەربارەی پرسە جیاوازەکانی کورد و، نزیکەی ١٥٦ لاپەڕەی ئەو گۆڤارەی بۆ تەرخانکرابوو. کۆنفرانسەکە لە لایەن زانکۆی لۆرێن، لە شاری نانسی، لە فەرەنسا میوانداری کرابوو.

لەم دۆسیە تایبەتییەدا، هەوڵدرابوو چەند تەوەرێکی گرنگ دەربارەی پرسە فرەڕەهەندەکانی کورد بخرێتە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوە. دوای دروستبوونی داعش، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە چاوێکی زۆر تایبەت تەماشای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ئەوروپییەکان ئەم ناوچەیە لە جیاتی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، بە "ڕۆژهەڵاتی نزیك" ناو دەبەن. كورد پێکهاتەی هەرە سەرەکییە لەم ناوچەیەدا. لەو گۆڕانکارییانەی کە لەم ناوچەیە ڕوودەدەن، چاوەڕێ دەکرێت ڕۆڵ و پێگەی کورد دووبارە دابڕێژرێتەوە. بەتایبەتی، تاکە هێزی سەر زەوی، کە سەرەتا دژی داعش سەرکەوتنی هێنا، هێزە کوردییەکان بوون لە عێراق و لە سووریا.

لە سەرەتای ئەم دۆسیەیە، پرۆفیسۆری ڕێزلێنراو Paul Tavernier، لە زانکۆی باشووری پاریس، لێکۆڵینەوەیەکی دەربارەی "پرسی کورد و یاسای نێودەوڵەتی، بە تێڕوانينێکی مێژوویییانە" پێشکەش کرد. لەم لێکۆڵینەوەیە، تا ڕادەیەك تێدەگەین، بۆچی کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دەوڵەتی نەبووە.

لە دووەم لێکۆڵینەوەدا، دکتۆر بڕیار بابان، مامۆستای میوان لە زانکۆی سەلاحەددین– هەولێرەوە، بابەتێکی نووسیوه‌ دەربارەی "هەرێمی کوردستان لە نێوان فیدراڵییەت و سەربەخۆییدا". لەم لێکۆڵێنەوەیه‌دا، لێکۆڵەر باسی تایبەتمەندیی سیاسی و یاساییی هەرێمی کوردستانی کردووە و، چۆن ئەم هەرێمە لە قۆناغی هەرێمێکی فیدراڵییەوە، خۆی بۆسەربەخۆیی ئامادە دەکات.

لە لێکۆڵینەوەی سێيەمدا، د. محەمەد سالح هيلالی، مامۆستا لە زانکۆی لۆرێن-فەرەنسا، بابەتێكی بە ناوی "پرسی کورد لە پێش دادگای ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ" ئامادەکردووه‌. لە بەرئەوەی تورکیا ئەندامە لەم دادگایەدا، بۆیە کوردانی باکوور، بە مەبەستی بە دەستهێنانی مافەکانی خۆیان، چەندین جار پەنایان بۆ بردووە.

بابەتی چوارەم لە لایەن د. ئەلتەیف عەبدولسەلام عەمارە نووسراوە، كه‌ پرۆفیسۆرە لە زانکۆی تەرابلووس لە لیبیا. لێکۆڵینەوەکەی بە ناوی "پرسی کورد و سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی"یە. لە ڕوانگەی ئەم لێکۆڵەرەوه‌، پرسی کورد یەكێکە لە کێشەکانی دەوڵەتانی عەرەبی. لە هەمان کاتدا، پێی وایە کە پرسی کورد لە هەندێك کات و شوێن چارەسەر کراوە، بەڵام لە هەندێك ماوەی تردا وڵاتانی عەرەبی لەم پرسەدا شکستیان هێناوە.

لە لێکۆڵینەوەی پێنجەمدا، دکتۆر Mélanie Dubuy، مامۆستا لە زانکۆی لۆرێن، بابەتێکی سەرنجڕاکێشی تاووتۆێ کردووە بە ناونيشانی "بەشداریی ئافرەتان لە داواکردنی مافی چارەی خۆنووسینی کورد". لێکۆڵەر هەوڵی داوە دوو پرسی جیاوازی مافی ئافرەت و مافی گەلی کورد، به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ بدات. لە ئەنجامدا، بۆی دەرکەوتووە کە ئافرەت ئامرازێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی کورد. بە پێچەوانەیشەوە، خەباتی دانەبڕاوی ئافرەتی کورد لە پێناوی مافە نەتەوەیییەکەی، وای کردووە کە ئافرەتی کورد مافەکانی خۆی - وەك هەر ئافرەتێکی تر لەسەر ئەم گۆی زەوییە- لەبير بکات.

لێکۆڵینەوەی شەشەم، تەرخانکراوە بۆ بابەتێکی تر سەبارەت بە "یەکێتیی گەلی کورد و یاسای نێودەوڵەتیی کەمایەتییەکان". ئەم لێکۆڵینەوەیە لە لایەن دکتۆر André Moine، مامۆستا لە زانکۆی لۆرێن-فەرەنسا نووسراوە. لێکۆڵەر، میللەتی کوردی وەك نەتەوە و وەك کەمایەتییەکیش پێناسه‌ كردووه‌.

شرۆڤەیەکی قووڵیكردووه‌ دەربارەی یەكێتییەکی ویستراو و یەکێتییەک کە لە جیاوازییەکانەوە دروست بووبێت وکاردانەوەی ئەم پرسە لەسەر پێگەی کورد لەناو خۆیان و لەو دەوڵەتانەی کە تیایدا دەژین.

لە بەشێکی تری ئەم دۆسیەیەدا، دوو وتار دەخوێنینەوە: یەکەمیان دەربارەی "کوردەکانی سووریا و بەرخودانی کۆبانێ"، لە لایەن پارێزەر Seve Aydin-Izouli ، پارێزەر لە پاریس، نووسراوە. هەروەها، سەرۆکی ئەنستیتیوتی کورد، کەنداڵ نەزان، دووەم  وتاری لەژێر ناونيشانی "بەرەو کوردستانی سەربەخۆ" نووسیووە.

لە کۆتاییدا، پرۆفیسۆری ناوداری فەرەنسی Jean-Denis Mouton، لە زانکۆی لۆرێن-فەرەنسا، دەرەنجامی کۆنفراسەکەی شیکردووه‌تەوە. ناونیشانی لێکۆڵینەوەکەی دەربارەی "داواکاریی نەتەوەی کورد و بنەمای مافی چارەی خۆنووسین"ە. لە ڕوانگەی ئەم لێکۆڵەرەوە، بە درێژاییی مێژوو، پەیوەندییەکی زۆر تایبەت لە نێوان گەلی کورد و مافی چارەی خۆنووسیندا هەیە. ئەم جەنگەی دژی داعش، بووه‌تە هۆکارێكی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییی بەشێک لە کوردستان، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا چەمکی مافی چارەی خۆنووسینی دەخاتەوە بەردەم تاقیکردنەوەیکی ڕاستەقینە. لە کۆتایییەکەدا، لە ڕوانگەی ئەم لێکۆلەرە، چالاکبوون و قوربانیدانی نەتەوەیەك – بۆ نموونە کورد -، پێوەرێکی شەرعين بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافە.