هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بووەتە دیفاکتۆ

image

 پسپۆڕێکی ئابووری پێوەست بە داهاتی هەرێمی کوردستان و نەوت بۆچوونی وایە کە ئەگەر رۆژانە بتوانرێ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێ ئەوا کێشەی مووچە لە هەرێم نامێنێ..دەیشڵێ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بووەتە دیفاکتۆ.

دكتۆر(سەباح خۆشناو) پسپۆڕی ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، تاكە سەرچاوەی داهاتی هەرێم نەوتە و داهاتەكانی كەرتەكانی دیكە بەوشێوەیە نییە، راستە حكوومەت باجە گومرگییەکانی بەرزكردووتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی خواست كەمبووتەوە لەسەر كەل و پەل و، كاریگەری كردووتە سەر هاوردەكردنیش لە دەرەوە، ئەوەش وایكردووە پرۆسەی بازرگانی روو لە سستبوون بكات؛ جا كە بازرگانی دابەزی بێگومان داهاتیش كەم دەكات، لەبەر ئەوەش تەنیا رێگە لەبەردەم هەرێمی كوردستان زیادكردنی بڕی بەرهەم هێنانی نەوت و نرخەكەیەتی، نرخیش لەلایەن بازاڕی جیهانیەوە دیاری دەكرێت لە دەستەڵاتی هەرێمی كوردستاندا نییە، ئەوەی چارەسەری قەیرانی دارایی دەكات زیادكرن و هەناردەكرنی بڕی ئەو نەوتەیە كە بۆ بازاڕەكانی جیهان دەنێردرێ.
دكتۆر سەباح ئاماژەی بەچارەكردنی قەیرانی دارایی هەرێم كرد و دەڵێ" هەرچەند هەرێمی كوردستان رێژەی هەناردەكردنی نەوتی خۆی زیاد بكات، ئەوەندە دەتوانێ كێشە داراییەكانی چارەبكات و لەگەڵ زیادبوونی رێژەی هەناردەكردنی نەوت كێشە داراییەكان بەرەو كزی دەچن، ئەگەر پلانی پێشتری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ زیادكردنی رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ یەك ملیۆن بەرمیل، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانرێ مووچەی فەرمانبەران وەك خۆی بەبێ پاشەكەوت خەرج بكرێت.

لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووكەوە ئەو پسپۆرە دەڵێ" وا باشتربوو هەرێمی كوردستان بەتەنیا نەوتی كەركووك هەناردەی دەرەوە بكات و پێشتریش هەرێم نەوتی كەركووكی هەناردە كردووە، بەڵام دوای سەركەوتنی سوپای عێراق لەهەندێ ناوچەی عێراق بەسەر چەكدارانی داعشدا، ئێستا عێراق نیەتی ئەوەی هەیە دەرامەتەكان بگەڕێنێتەوە ژێر ركێفی خۆی، ئێستا بەپێی رێكەوتنی نێوان هەردوو حكوومەت داهاتەكەی دابەش دەكرێت و نیوەی داهاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.
دكتۆر سەباح گۆتیشی" دوور نییە دوای نەمانی گروپی تیرۆرستی داعش و گرتنەوەی مووسڵ، گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتی حكوومەتی عێراقدا بێت، پێویستە هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی نوێی بۆ رەوشەكە هەبێت و لەگەل سەركەوتنی سەربازی گۆڕانكاری سەربازی و سیاسی روودەدەن، بێگومان لەڕووی ئابووریشەوە گۆڕانكاری دەكرێت، هەتا ئێمە لەچوارچێوەی عێراقدا ماوین، ئاساییە رێککەوتنی لەگەڵدا بکەین و دەبێ ئەوەش بزانرێ کە ئێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بووەتە دیفاکتۆ.