جۆن مایكڵ: سەركەوتنی ترامپ ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەكات

image

جۆن مایكڵ كاری پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان:

* هیچ كاتێك لە پرۆسەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا، وەك ئەمجارە كاندیدەكان بیروبۆچوونیان لە یەكتری جیاوا نەبووە، بەتایبەتی دۆناڵد ترامپ كە بە ئاشكرا دروشمی دژ بە جیهانی بوون و ناتۆی بەرزكردۆتەوە و بانگەشە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ رووسیادا دەكات، لەمەش زیاتری بانگەشەی ئەوە دەكات كە ددان بە لكاندنی كریمیا دەنێت بۆ رووسیا، ئایا تا چەند سەركەوتنی ترامپ دەبێتە سەرەتایەك بۆ كۆتایی ئەو سیستمە نوێیەی جیهان كە دوای رووخانی دیواری بەرلین راگەیەندرا؟

- ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە و من هاوڕام لەگەڵ هەموو ئەوەی كە ئاماژەتان پێكرد، چونكە ئەوە بە درێژایی سەدەیەكە كە كاندیدێكی وەك دۆناڵد ترامپ-مان نەبینیوە. من لەو باوەڕەدا نیم كە ئەو تێڕوانینێكی تۆكمەی هەبێت بۆ سیستمێكی نوێی جیهانی دیكە. ئەگەر بە راشكاوی بدوێم ئەوا ئەو –ترامپ- كەسێكە بە بێ زانیاری قسە دەكات و گرنگییەكی زۆریش بە ئاكام و دەرهاویشتەی قسە و لێدوانەكانی نادات. واتە لە بنەڕەتدا زۆرێك لە قسەكانی لێدوانی هەڕەمەكین، لە بری ئەوەی رەنگدانەوەی بوونی فەلسەفەیەكی تۆكمە بن.

* وەك لە كۆنگرەی پارتی دیموكراتەكانی ئەمەریكا بینیمان، دیموكراتەكان سەبارەت بە بانگەشەكانی ترامپ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دروشمەكانی ترامپ پێشێلكردنی دەستووری ئەمەریكایە، هەروەها ژمارەیەكی بەرچاوی سیناتۆری كۆمارییەكان تووڕەن لە دروشمەكانی ترامپ، ئایا لەسەر چ بنەمایەك كۆمارییەكان ترامپیان بۆ سەرۆكایەتی كاندید كردووە، لە كاتێكدا زۆر لە چاودێران دەڵێن ئەم كەسایەتییە شایستەی ئەوە نییە سەرۆك كۆماری ئەمەریكا بێت؟

- ئەوەی پێی دەڵێین دامەزراوەی سیاسەتی دەرەكی لە نێو پارتی كۆمارییەكاندا بە راددەیەكی گەورە دروشمەكانی ئەویان رەتكردەوە. هەروەها خودی كاندیدبوونی- ترامپ- خۆی لە خۆیدا مایەی سەرسوڕمانێكی گەورە بوو بەلای زۆر كەسەوە لە ئەمەریكا، بەتایبەتی بە لای زۆرێك لە كەسانی شارەزای سیاسەتی دەرەوە و كەسانی ئەكادیمی – كە من خۆم یەكێكم لەوانە-. هۆكاری بەدەستهێنانی پشتیوانییەكەشی بۆ ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوە دەگەڕێتەوە كە لە ئاست نوخبەی واشنتۆن و لە نێو هاووڵاتیانی ئەمەریكادا بەدی دەكرێت. چونكە نائومێدییەكی گەورە هەیە لە نێو ئەمەریكادا لە ئاست ئەو سیاسەتمەدارانەی پێیان ئاشنان، ترامپ سوودی لەم دۆخە وەرگرت. بەڵام هەرگیز ترامپ گوزارشتی لە سیاسەتێكی تۆكمە نەكردووە، ئیدی لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێت، یان سیاسەتی دەرەكی بێت. جار بە جار لێدوانێك دەدات لەبارەی سیاسەتی دەرەكی و لەبارەی ئامادەییەوە بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی، یاخود لەبارەی ئەو هاوپەیمانێتییانەی خوازیاری پێكهێنانیانە، یان ئەو هاوپەیمانێتیانەی دەیەوێت هەڵیانبوەشێنێتەوە، بەڵام دوای چەند رۆژێك، یان چەند هەفتەیەك دێت و لێدوانی پێچەوانە دەداتەوە. لەبەر ئەوە من پێموایە لێدوانەكانی ترامپ شایستەی ئەوە نین كە كات و كۆششی خۆمانی بۆ تەرخان بكەین بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین كە ئایا ئەو خوازیارە چی بكات و دەیەوێت چی بكات. ئەوەی ترامپ دەیكات، تەنیا بەرهەڵستی كردنی سیاسییەكانە و جگە لەوە هیچ پلانێكی تۆكمەی نییە. لەبەر ئەوە پێموانیە دۆناڵد ترامپ سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە هەڵبژاردنەكاندا و پێشبینی دەكەم دووچاری دۆڕان ببێت.

* لایەنێكی دیكەی ئەم هەڵمەتانەی هەڵبژاردنی ئەمەریكا مەسەلەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دیارە ئەگەر كۆمارییەكان بێنە سەر دەسەڵات و ترامپ ببێتە سەرۆك كۆماری ئەمەریكا وەك خۆی رایگەیاندووە رێككەوتنی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دۆسێی نیوكلیاری هەڵدەوەشێنێتەوە و دژایەتییەكی توندی ئیسلام دەكات و هاوپەیمانییەكی نزیك لەگەڵ ئیسرائیل گرێدەدات، ئەمەش مانای ئەوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەردوو جەمسەری ئیسلامی سیاسی توندڕەوی شیعە و سوننە دژی ئەمەریكا دەبن، ئایا ئەمە نابێتەهۆكاری ئەوەی كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یەك دوو دەیەی دیكەش هەروا ئاڵۆز و ناسەقامگیر بێت؟
- من ترسێكی گەورە دایگرتووم كە ئەگەر دۆناڵد ترامپ ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا، ئەوا ناسەقامگیری نەك تەنیا لە ناوچەكەی ئێوەدا زیاد دەبێت، بەڵكو لە زۆر ناوچەی دیكەی جیهانیش هەڵدەكشێت- ئەگەرچی من باوەڕم وانییە كە سەركەوتن بەدەست بێنێت لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكاندا و ببێتە سەرۆك-.

* ئەوەی لە هەڵمەتی پارتی دیموكراتەكان تێبینی دەكەین بە تایبەتی كە سەرۆك ئۆباما و جۆزێف بایدن-یش بوونە بەشێك لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بۆ هیلاری كلینتۆن، پێدەچێت كە مەترسی دۆڕاندنی دیموكراتەكان نزیك بێت و چانسیان لەم هەڵبژاردنە سنووردار بێت، ئایا دۆڕاندنی دیموكراتەكان تا چەند دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە سیستمی ئەمەریكا لە سەر دەستی ترامپ گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا بێت؟
- لە راستیدا پرسی چارەنووسی سیستمی حزبایەتی لە وڵاتی ئێمەدا وەك پرسێكی كراوە دەمێنێتەوە. كاتێك لە بارودۆخەكە دەڕوانین ئەوا دوو سیناریۆ بەدی دەكەین، یەكەمیان ئەوەیە كە تاوەكو زیاتر لە هەڵبژاردنەكان نزیك ببینەوە – كە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەكرێن- ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە ترامپ ناتوانێت سەركەوتن بەدەست بێنێت، لەم كاتەدا ئەو كەسانەی كە لەگەڵ ترامپدا نین و ناشیانەوێت دەنگ بە هیلاری بدەن، پاڵنەری زیاتریان دەبێت بۆ دەنگدان بۆ كاندیدەكانی كۆماری بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران، چونكە پێیانوایە مسۆگەركردنی زۆرینەی نێو ئەم دوو ئەنجومەنە لەلایەن كۆمارییەكانەوە پارسەنگێك دروست دەكات لەبەرامبەر هیلاری كلینتۆندا كاتێك كە دەبێتە سەرۆك. سیناریۆی دووەم ئەوەیە كە ئەگەر سەركردە كۆمارییەكان لە كۆنگرێسدا وەك پاوڵ رایان و ....نەتوانن خۆیان لە ترامپ دووربخەنەوە، ئەوا هیلاری كلینتۆن دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر كۆمارییەكان لە كۆنگریسدا. كەواتە شتێكی جێی سەرنج كە لە مانگەكانی داهاتوودا بایەخی پێبدەین بریتییە لەو مانۆڕەی كە كاندیدە كۆمارییەكان ئەنجامی دەدەن بۆ خۆدوورخستنەوەیان لە دۆناڵد ترامپ، خۆ ئەگەر هاتوو سەركەوتووانە ئەم كارەیان كرد، ئەوا رەنگە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا حكومەتێكت هەبێت كە بە دەست دابەشبوونەوە بناڵێنێت، واتە سەرۆك لە دیموكراتەكان بێت و كۆمارییەكانیش زاڵبن بەسەر كۆنگرێسدا، بە چەشنی ئەوەی لە ماوەی شەش بۆ حەوت ساڵی رابردودا بینیمان. بەڵام ئەگەر هاتوو پۆڵ رایان و .. ئەمەیان نەكرد، ئەوا هەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ دروست دەكەن و رێی تێدەچێت دیموكراتەكان بتوانن زۆرینە لە نێو ئەنجومەنی پیراندا مسۆگەر بكەن و بگرە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش- ئەگەرچی ئەمەی دواییان زۆر رێی تێناچێت-، ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوا حكومەتێكی یەكگرتوومان دەبێت- ئەو حكومەتە یەكگرتووەی لە دوای ساڵانی سەرەتای سەرۆكایەتی ئۆباماوە بەدیمان نەكردووە.
* كاتێك ترامپ دەڵێت من واز لە بەجیهانی بوون دەهێنم و بە دوای ئەمەریكانیزم دەگەڕێم و دەمەوێت شكۆ بۆ ئەمەریكا بگەڕێنمەوە، مانای ئەوەیە ئیدی ئەمەریكا خۆی سەرقاڵ و تێكەڵی كێشەكانی جیهان ناكات، ئایا گێڕانەوەی شكۆی ئەمەریكا بە گۆشەگیركردنی ئەمەریكا دروست دەبێت؟

- لە راستیدا ئەوە روون نییە، چونكە هەندێجار دۆناڵد ترامپ لێدوانگەلێك دەدات كە ئەوەندە بۆنی گۆشەگیری لێدێت، رەنگە لە دوای ساڵانی سییەكانەوە لێدوانی لەم چەشنەمان بەدی نەكردبێت، بەڵام رۆژی دواتر دێت و لێدوانێكی دیكە دەدات و رایدەگەیەنێت كە پتر لە ئۆباما یان كلینتۆن ئامادەیی تێدایە بۆ بڵاوكردنەوە و جێگیركردنی هێز لە دەرەوەی ئەمەریكا. واتە رۆژێك دەڵێت پێویستە ئەمەریكا خۆی لە كاروبارەكانی جیهان دووربخاتەوە و رۆژی دواتر رادەگەیەنێت پێویستە سبەینێ سوپای ئەمەریكا سووریا داگیر بكات. ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ئەو فەلسەفەیەكی یەكگرتوو یان تۆكمەی نییە، واتە كارێكی بێهودەیە خۆت خەریك بكەیت بە شیكردنەوەی لێدوانەكانی، چونكە هەر كاتێك كە شتێك دەڵێت، رۆژی دواتر دێت و پێچەوانەوەكەی دەڵێتەوە. لەبەر ئەوە من نازانم ئەو چی دەكات. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە من متمانەیەكی زۆرم هەیە كە ئەو نابێتە سەرۆك.

* وەك بینیمان ماوەیەك پێش ئێستا بەریتانیا لە ریفراندۆمێكدا بڕیاریدا لە یەكێتی ئەوروپا بێتەدەرەوە، ئێستاش ترامپ داوادەكات ئەمەریكا لە گڵوباڵیزەش بێتەدەرەوە، لەم حاڵەتەدا ئەگەر ترامپ سەركەوتوو بێت، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە دەوڵەتانی ئینگلیزی زمان بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا و بەریتانیا و ئوسترالیا و كەنەدا هاوپەیمانێتیەكی تازەی جیهانی دروست دەكەن؟
- ئەگەر مەبەستتان لە ناتۆ بێت، ئەوا من پێموایە ئەمەریكا پابەندبوونێكی بەهێزی دەبێت بە هێشتنەوەی ناتۆوە. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر هەندێ لە لێدوانەكانی ترامپ لەبەرچاو بگریت، ئەوا دەبینیت كە ئەوا لێدوانانە بە رەنگدانەوەی ئەو مەسەلانە نین كە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریكا، یان خەڵكی ئەمەریكا باوەڕیان پێیەتی.