راپۆرتی هاوبەشی سندوقی ئاشتی و گۆڤاری فۆرین پۆلیسی:تەنها رێگە چارە  دامەزراندنی یەكێتی دەوڵەتەكانی عێراقە

image

راپۆرتی هاوبەشی سندوقی ئاشتی و گۆڤاری فۆرین پۆلیسی:
تەنها رێگە چارە : دامەزراندنی یەكێتی دەوڵەتەكانی عێراقە
كاری هاوبەشی ریكخراوی سندوقی ئاشتی و گۆڤاری بەناوبانگی فۆرین پۆلیسی ،ئەنجامدانی راپۆرتێكی ساڵانەیە لەسەر ئاماری دەوڵەتە فاشیل و شكستخواردووەكان، بەپێی ئامارەكانی ساڵانی 2003- 2007 ، عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی دەوڵەتە فاشیلەكان بووە، بۆیە ئەم دوو دەزگا گرنگە لە ساڵی 2007 دیراسەتێكی هاوبەشی 148 لاپەرەییان بۆ ئایندەی عێراق بڵاوكردەوە و لەم دیراسەتە زۆر بەووردی جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە دەبێت مامەڵەیەكی واقیعیانە لەگەڵ دابەشبوونی ئەمری واقیعی عێراق بكرێت.
لە ئێستادا و دوای تیپەربوونی زیاتر لە 8 ساڵ بەسەر ئەم دیراسەتەدا ، پێدەچێت ئیدارەی ئەمریكا گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە تەنها رێگە چارە بۆ عیراقی دوای داعش ئەوەیە كە ناو عیراقدا 3 دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بكرێت و ئەم سێ دەوڵەتە لەرووی سیاسیەوە سەربەخۆ بن و لەرووی ئابوریەوە پێكەوە گرێبدرێنەوە، ئەمەش ناوەرۆكی راپۆرتەكەیە :
(("له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ كات بۆ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ دره‌نگیش بێت، به‌ڵام ته‌نیا رێگه‌یه‌ك كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌و پێشنیاره‌ی پڕۆفیسۆر لیسلی گلب-ـه‌ كه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كورت دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی عێراق له‌ ساڵی 2003 پێشنیاری كرد عێراق دابه‌ش بكرێت، به‌ڵام له‌ساڵی 2006 جۆزیف بایدن (ئه‌وكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی سه‌نات بوو) پێشنیاری دابه‌شكردنی نه‌رم ( Soft Partition)ی كرد، به‌ڵام سندوقی ئاشتی ( The Fund for Peace) هه‌ر له‌ ساڵی 2006 داوای كرد مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنه‌( Managed Partition) بكرێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی عێراق، ئه‌وه‌یه‌ گروپه‌ ئیتنی و ئایینییه‌ گه‌روه‌كان لێك جودابكرێنه‌وه‌، كه‌ له‌ ئێستا وه‌ك حاڵه‌تێكی قورس سه‌یرده‌كرێت كه‌ مه‌به‌ستمان جیابكرێنه‌وه‌ بۆ سێ ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واو، له‌به‌رامبه‌ر دابه‌شكردنی نه‌رم له‌ چوارچێوه‌ی فیدڕاڵیه‌تێكی فشۆڵدا، ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن به‌ وردی و هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دابه‌شكردنه‌ ده‌كرێت، ئه‌م دابه‌شكردنه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی توندوتیژیی مه‌زهه‌بی كه‌م ببێته‌وه‌ و هێزی بیانیش له‌ عێراق كه‌م بكرێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ شێوازه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دابه‌شكردن شێوازی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێتی ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق ( Union of Iraqi States) له‌م شێوازه‌دا هه‌ر سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق (كوردو شیعه‌و سوننه‌) سه‌ربه‌خۆیی سیاسی ته‌واویان ده‌بێت، به‌ڵام له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ پێوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌بێت، وه‌ك یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گه‌ره‌نتی بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌و 3 ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا نه‌بێت و هه‌ر ده‌وڵه‌تێكیش حكومه‌ت و هێزی ئاسایش و به‌رگری تایبه‌تی خۆی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی ئابووریی گه‌وره‌ كۆیان بكاته‌وه‌، ئه‌وا ژینگه‌یه‌ك له‌ بارزگانی ئازاد و گومرگ دروست ده‌بێت و ده‌بێته‌ شوێنێكی سه‌رنجراكێش بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنانی نێوده‌وڵه‌تی، كۆمه‌ڵێك پرانسیپی هاوبه‌شیش له‌ نێوانیاندا ده‌بێت بۆ پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان و هاتۆچوی كریكاران و كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا پرسیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی داهاتی نه‌وت ده‌بێت كه‌ ئێستا ئه‌م كێشه‌یه‌ وڵاتی دابه‌شكردووه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ش ته‌نیا له‌ رێگه‌ی وتوێژی نێوان پێكهاته‌كان و به‌ هاندانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پشكی نه‌وت بۆ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك دیاری بكات و گه‌ره‌نتی داهات له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی پێویست بێت.
دراوسێكانی عێراق و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بێت ببنه‌ به‌شێك له‌م چاره‌سه‌ره‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی پشگیری دارایی و ئاسایشی سنووره‌كان، رێككه‌وتنه‌كانی هێرشی سه‌ربازی (هه‌روه‌ها رێگرتن له‌ چالاكیی یاخیبووان) و ددانپێدانانی دیپلۆماتی، به‌مجۆره‌ هه‌موو لایه‌ك له‌م رێكخستنه‌وه‌یه‌ سوودمه‌ند ده‌بن.. ئێرانیش له‌م چاره‌سه‌ره‌ سوودمه‌ند ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوای ئه‌م دابه‌شكردنه‌ ئیدی هه‌رگیز عێراق نابێته‌وه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا بكات، هه‌روه‌ها توركیا سوودمه‌ند ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ سنووره‌كانی نه‌به‌زێنێت، سووریا و ئه‌رده‌ن سوودمه‌ند ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی عێراقی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رماڵ و حاڵی خۆیان.. ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا دۆڕاو ده‌بێت، تیرۆریستانی بیانی ده‌بن كه‌ دوای ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ مانه‌وه‌یان كۆتایی دێت و جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌ خۆیان دژی تیرۆریستان راده‌وه‌ستنه‌وه‌، به‌مه‌ش كێشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كرێن."

ئەمەش لینكی دیراسەتەكەیە:
https://www.files.ethz.ch/isn/44457/iraq-report_07.pdf