ئامادەیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان؛ تەیموری رۆژهەڵات بە نموونە

image

ئامادەیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان؛ تەیموری رۆژهەڵات بە نموونە

عەمید خالید عەباس

سەربەخۆییی کوردستان لە یەکە ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستاندا کە حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکە دەگرێتەوە، ئامادەییی پێشوەختەیان هەیە بۆ پێشوازیکردن لە سەربەخۆییی کوردستان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم رووداوە مێژووییە کە لەکاتی جاڕدانیدا دەبێتە رووداوێکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوین، کە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا کە ئێمەی کوردین دەبین بە خاوەن دەوڵەت و، شوناسی نەتەوە و پێکهاتە و ئاینزاکان لە چوارچێوەی ناوێکی پیرۆز کە پێیدەگوترێ دەوڵەتی کوردستان یان کۆماری کوردستان، رەسمی ئیداری بۆ کێشراوە و وڵاتگەلێکی زۆریش بۆ ئەم مافەی گەلی کورد دەرگایان واڵا کردووە بەمەبەستی پشتیوانیکردن لێمان.

ئەزموونی وڵاتان زۆری لێ دەخوێندرێتەوە کە ده‌توانین بڵێین بەڵێ ئەو ئامادەییەش لە ئیمەی کوردیشدا هەیە، چونکە خاوەنی گەلێکی کۆڵنەدەر بۆ پێشوازی سەربەخۆیی بوونی هەیە و خاکێکی دیاریکراویش کە پێشمەرگە قارەمانەکان سنووریان کێشاوەتەوە و جەستەی سایکس-پیکۆیان لەت کردووە و، سەرۆکێکی خاکییش کە سەرۆک بارزانییە لەگەڵ حەزێکی سروشتی لە کۆمەڵگادا بۆ سەربەخۆیی بوونی هەیە، ئەمە پێمان دەڵێ کە بەڵی جاڕدانی سەربەخۆییی کوردستان بۆ گەلی کورد بووەتە ئەمری واقیع و ئیدی کۆمەڵگای دەولیش بەشیوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێشوەختە ئاماژەی داننان بە سەربەخۆییی کوردستانی داوە.

سەربەخۆیی لە ئیدارەیشدا کە مەبەستمان یەکە ئیدارییەکانی حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکەیە ئەزموونێکی باشیان وەرگرتووە بۆ چۆنیەتیی ئیدارەدانی سەربەخۆیی و مامەڵەکردن بۆ قۆناغی گواستنەوەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی.
ئەگەر سەیری ئەزموونی وڵاتانی دونیا بکەین، بە نموونە کۆسۆڤا و باشووری سوودان و تەیموری رۆژهەڵات بەهەمان رێگەی تێکۆشان بوون بە دەوڵەت. تەیموری رۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٩٩ کە جاڕی دەوڵەتبوونی دا، نموونەیەکی روونە کە دوای ئەوەی  ٧٨ لەسەدی هاووڵاتیانی تەیموری رۆژهەڵات دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، لەلایەن یوئینەوە هەنگاو بەهەنگاو خه‌ونی سەربەخۆییان بوو بە دیفاکتۆ.

تەیموری رۆژهەڵات یەکێک لەو دەوڵەتانە بوو کە ژێردەستەی دەوڵەتی پرتوگال بوو و دواتریش ئەندەنووسیا داگیری کرد.
دوای ئەوەی کە هەریەک لە ئەمەریکا و پرتوگال و ئەندەنووسیا رێک کەوتن لەسەر ئەوەی کە بەڵی دەبێ راپرسی بکرێ بۆ مانەوەی تەیموری رۆژهەڵات لەگەڵ ئەندەنووسیا یان جیابوونەوەی، خەڵکی تەیموری رۆژهەڵات کە ئیدارەیەکی وەک ئێمەیشیان نەبوو بە جورئەتەوە بڕیاری جیابوونەوەیان دا و، بەرگەی هەموو قەیرانێکیان گرت لەپێناو سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەتدا.

لە پرسی تەیموری رۆژهەڵاتدا، ئوسترالیا پاڵپشتی بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئەو دەوڵەته‌ی کرد و پشتی گرت، لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکایش پشتی گرت، ئیدی لەکاتی جاڕدانی پێکدادان و بارگرژی دروست بوو، بەڵام هێزی پارێزەری ئاشتیی جیهان لە ڕێگەی ئوسترالیاوه‌ گەیشتە تەیموری رۆژهەڵات و کۆمەڵگەی دەولی پارێزگاری لێ کرد بۆ ئەوەی دەوڵەتی تەیموری رۆژهەڵاتی ناوین دروست بێ و ئیدی وەک ئەمڕۆ دەیبینن دەوڵەتە. بەڵام دۆستەکانی ئێمەی کورد زۆر زیاترن لە ئێستادا لە تەیموری رۆژهەڵات، کورد کۆمەڵگای دەولی پشتگیریی دەکات، وەک هێزی ناتۆ و وڵاتانی ئەورووپا و تەنانەت زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی هەرێمایەتیش.
ژێرخانی تەیموری رۆژهەڵات، ٧٠ لەسەدی داڕمابوو بەهۆی کاریگەریی جەنگی ناوخۆیەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان ژێرخانی ئابوورییەکەی لەبارە کە ٥٠٠ ترلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە و، جگە لە نەوت کە سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتی هەرێمی کوردستانە، دەکرێ کەڵک وەربگیرێ لە سێکتەرەکای دیکەیش وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و زۆر بواری دیکە و ژینگەی هەرێم لەبارە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوووری.

لە تەیموری رۆژهەڵاتدا یەکە ئیدارییەکان ماوەیەکی زۆریان پێویست بوو لە تەشکیلەی هەیکەلی ئیداری و حوکمڕانیدا، بەڵام هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا وەک دەوڵەت لە زۆر بواردا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، پێشوەختە هونەری ئیدارەدانی سەربەخۆیی لە یەکەی ئیداریدا بۆ دروست بووە و لە ماوەیەکی کورتدا یەکە ئیدارییەکان دەتوانن ئیدارەی دەوڵەتبوون بدەن.

لە ته‌یمووری رۆژهەڵاتدا نەتەوە یەکگرتووەکان هاندەر بوون لە قۆناغی ئینتقالیی حوکمڕانی دوای جاڕدان تاوەکوو لە ٢٠٠٢ نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دانی نا بە دەوڵەتی تەیموری رۆژهەڵاتدا و، دوای بەردەوامیی خەڵکەکە لە دانبەخۆداگرتن لە ٣ ساڵدا بوون بە خاوەنی دەوڵەت. بۆ ئێمەی گەلی کورد کە بەدرێژاییی مێژوو دانمان بەخۆدا گرتووە و ئۆقرەگرتنی ئارامیمان لا دروست بووە، لەکاتی جاڕدان و ئیدارەدانی سەربەخۆییدا ئەزوونێکی زیاترمان لە باشووری سودان و کۆسۆڤا و تەیموری رۆژهەڵات هەیە، هەروەها دەوڵەت کە خەزێنەی نیشتمانی گەلە، یەکە ئیدارییەکانیش هەمیشە وەک پارێزگاریکردن لە کوردستانیبوونی ئیدارەدا بەرگری لەم سەروەتە دەکەن کە سەربەخۆییە و ئامادەن بۆ ئەم رۆژە پیرۆزە.
لێرەوە دەکرێ بڵێین کە یەکە ئیدارییەکانی هەرێم تەواو لە ئامادەباشیدان بۆ سەربەخۆیی و پاڵپشتیکردن لە بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان.