لێبورده‌یی ئێمه‌ به‌ مانای لێخۆشبوونمان له‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی نیه‌

image

نه‌زهه‌ت حالی ؛

لێبورده‌ی و مرۆڤ دۆستی له‌ گه‌ڵ عه‌قڵگه‌رای و گه‌ڕان به‌ دوای هۆكاره‌ فیزیكی و مادییه‌كانی ڕوداو و نه‌خۆشییه‌كان بنه‌مای ڕۆشه‌نگه‌ری بوون، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین هێشتا ئاسۆیه‌كی ڕون به‌ دی ناكرێت بۆ به‌رجه‌سته‌ بوون و پیاده‌ كردنی ئه‌و بنه‌مایانه‌ له‌ نێو وڵات و كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌و ناوچه‌یه‌، تاكو ئه‌و بنه‌مایانه‌ش پیاده‌ نه‌كرێن نه‌ك ته‌نیا ده‌رباز بوون له‌ خوڕافات و له‌ ژیان به‌ پێوه‌ره‌ كۆنه‌كان ئاسان نیه‌ به‌ڵكو هه‌وڵێكی به‌رده‌وامیش ده‌درێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژیانی ڕابڕدوو كه‌ هه‌ندێ جار ئه‌و هه‌وڵانه‌ بیر و كرده‌وه‌ی توندڕه‌ویش به‌رهه‌م ده‌هێنن و مافی نه‌ته‌وه‌كانیش پێشێل ده‌كرێن.

گه‌لی كوردستانی باشور به‌و لێبورده‌ی خۆی ده‌رفه‌تێكی زێڕینی له‌ ده‌ست دایه‌ كه‌ بتوانێت پاراستنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ توكمه‌تر بكات و به‌ گرنگی دان به‌ سه‌رمایه‌ی عه‌قلی و زانستی له‌ داهاتوویه‌كی نه‌ چه‌ندان دور به‌ پێش وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ بكه‌وێت ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ندن به‌ كاڕی ئێستامان و دوا نه‌كه‌وتنمان له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ .

ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانین بنه‌ماكانی ڕۆشه‌نگه‌ری به‌ دروستی پیاده‌ بكه‌ین هه‌روه‌ها خۆمان له‌ گه‌ڵ سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆژیایی زانیاری و سه‌رده‌می ته‌كنۆترۆنیك بگونجێنین و ژیانێكی شایسته‌ی پڕ له‌ ته‌ناهی بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو فه‌راهه‌م بكه‌ین، ئه‌و كات به‌ كرده‌ی ده‌توانین ببین به‌ نمونه‌یه‌كی جوانتری پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌ی و ئایینی له‌ سایه‌ی سیستمێكی دیموكراسی و ئابوریه‌كی به‌ هێز كه‌ تیایدا سه‌رمایه‌ی مرۆیی سه‌رمایه‌ی سه‌ره‌كی بێت و ئه‌و سه‌رمایه‌ مرۆییه‌ چه‌كدار بێت به‌ چه‌كی زانست و مه‌عرفه‌ و ماندو نه‌ناس و به‌رهه‌مهێنه‌ر بێت، هه‌مووانیش ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن كه‌ لێبورده‌یی ئێمه‌ به‌ مانای لێخۆشبوونمان له‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی نیه‌.