دیسان لەگەڵ ئێوەمە! داوای لامەركەزی لەچ مەركەزێك دەكەن؟

image

جه‌مال عه‌بدوڵڵا

• دیسان لەگەڵ هەمووتانمە ئەی ئەوانەی كە دابینكردنی پێویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان، یان چارەسەركردنی گیروگرفتەكانیان لە لامەركەزیدا دەبیننەوە ! واتە كاتێك مووچەخۆر دەڵێت كوا مووچە ؟ ئێوەش دەڵێن پەلە مەكەن با لامەركەزی بێت ئیتر مووچەش دێت ! كاتێك هاووڵاتیان دەڵێن كوا بڕی پێویست لەئاوی پاكی خواردنەوە، ئێوە پێیاندەڵێن پەلە مەكەن با لامەركەزی بێت ئیتر بڕی ئاوی پێویست بۆ خواردنەوەش دەبێت ! كاتێك هاووڵاتیان دەڵێن ئەی كوا كارەبا ؟ 

دیسان وەڵامتان هەر ئەوەیە، ئەی نەمانگوت لامەركەزی و هەركات لامەركەزی هەبوو ئیتر كارەباش دەبێت ؟! 

لەگەڵ ئێوەمە ئەی هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لامەركەزیتان كردووە بەناونیشان و سەردێڕی هەواڵە شەخسی و حزبییەكانتان، ئێوە ئەگەر دەتانەوێت لەگەڵ خۆتان و ئینجاش لەگەڵ خەڵكدا ڕاستگۆبن و، ئەگەر ناتانەوێت خەڵك لەخشتەبەرن و ئینجا لەناو یەكدا بیانكەن بەگژ یەكدا و دواییش ئەگەر خوانەخواستە توندوتیژی دروستبوو و قوربانیی لێكەوتەوە، ئینجا ماوەیەك نان و پیاز بەمەشەوە بخۆن و بڵێن ئەمانە شەهیدی لامەركەزین ! وەرن ڕاشكاوانە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە و، پرسیارەكانیش ئەمانەن :-

1:- ئێوە، داوای لامەركەزی لەچ مەركەزێك دەكەن ؟ 

2:- ئێوە، ئەگەر مەبەستتان لە مەركەز هەولێرە و داوای لامەركەزی لە مەركەزی هەولێر دەكەن، ئایا ئێوە هەست بەخۆتان ناكەن لەمڕووەوە تووشی چ هەڵە و سەرلێشێوانێك بوون ؟ ئەویش لەبەر ئەوەی مەركەز بە پایتەختی دەوڵەت دەگوترێت و جارێ دەوڵەتیشمان نییە هەتا هەولێر مەركەز و پایتەختی ئەو دەوڵەتە بێت ! جا كە تۆ جارێ مەركەزی دەوڵەتێكی سەربەخۆت نەبێت، ئیتر داوای لامەركەزی لەكام مەركەزە دەكەن ؟ جارێ هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە نەك پایتەختی دەوڵەتی كوردستان و، هەتا نەشبێتە پایتەختی ئەو دەوڵەتە، لانیكەم لەڕووی ئەكادیمییەوە هەڵەیە بەهەولێر بگوترێت مەركەز . جا ئەگەر جارێ تۆ مەركەزت نەبێت ئیتر داوای لامەركەزی لەكام مەركەزە دەكەن، ئەی مەعشەری سەرلێشێواوان و ئەی مەعشەری شەڕفرۆشان و ئەی كونەفیتنەكان ؟! 

3:- ئەگەر ئێوە دابینكردنی پێداویستییەكانی خەڵكتان بەستۆتەوە بە دابینكردنی لامەركەزییەوە، ئەی باشە دابینكردنی تا ڕادەیەك باشی پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك لە دە دوازدە ساڵی ڕابردوودا، ئەی ئەمەیان چۆن و بەچی بووە ؟ خۆ وەك خۆتان دەڵێن جارێ لامەركەزی نییە، ئەی باشە ئەوانە چۆن و بەچی كران ؟ 

4:- لەگەڵ ئێوەمە ئەی مەعشەری لامەركەزیخوازان ! لەگەڵ ئێوەمە ئەی بیركۆڵان و ئەی هەموو ئەوانەی تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە بوون و باخ و باخاتی مێرگەپان وڕی كردوون ! ئایا ئێوە بیرتان چۆتەوە كە نزیكەی دوو ملیار دینار پارەی تەرخانكراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی لە سلێمانی، لە هەولێرەوە تەرخانكرا، بەڵام لەسلێمانی ئەوە بەسەر ئەو دووملیار دینارە هات كە بەسەری هات ؟ و ئەوەش لە سەردەمی دانای پارێزگارەكەی گۆڕان بوو، ئینجا، ئه‌رێ ئەو دوو ملیار دینارەی سلێمانی، مەركەز وایلێكرد یان لامەركەز ؟! كوا وەڵام ئەی مەعشەری خۆگێلكەران !