نوشیروان مسته‌فا‌ قسه‌ی خۆی کردووه‌

image

ئازا حەسیب قەرەداخی ؛

که‌م نین ئه‌وانه‌ی ده‌پرسن نه‌وشیروان مسته‌فا، رێکخه‌ری گشتی حه‌ره‌که‌ی گۆڕان بۆ له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆز و سه‌خته‌دا، که‌ حه‌ره‌که‌که‌ی خۆی یه‌کێکه‌ له‌ جه‌مسه‌ره‌کانی، هیچ ناڵێ و بێ ده‌نگه‌. من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌م پرسیاره‌ دروست نییه‌، چونکه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا دوا قسه‌ی خۆی کردووه‌ و چاوه‌ڕوان زنجیره‌ی جێبه‌جێکردنی فه‌رمایشته‌کانییه‌تی. 

ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی بڕوات و وڵات جێهێڵێ وتی:

١- په‌رله‌مان وه‌ها سووک وچروک ده‌که‌م و پڕی ده‌که‌م له‌ عه‌بدوڵای مه‌لا نورییه‌کان که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌‌ت له‌ روویان نه‌یه‌ت بچنه‌ په‌رله‌مان. ئه‌مه‌یان بۆ جێبه‌جێ کرد.

٢- ئه‌من و ئاسایشی کوردستان تێکده‌ده‌م. بۆیان جێبه‌جێ کرد و ئاژاوه‌یان نایه‌وه‌، خه‌ڵکیان کوشت، مێردمنداڵ و چه‌قۆکێشیان هێنایه‌وه‌ سه‌ر جاده‌کان و په‌لاماری باره‌گاکانی پارتییان دایه‌وه‌ و سووتاندیانن و تاڵانیان کرد.

٣- شڵه‌ژانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپا ده‌که‌م، بۆیان کرد. به‌ لێشاو درۆ و ده‌له‌سه‌ و پڕوپاگه‌نده‌یان بڵاو کرده‌وه‌. په‌رله‌مانتاره‌کانی خۆیان و به‌هاوکاری هه‌ندێکی تر له‌ حزبه‌کانی تر ئه‌وه‌نده‌ ژماره‌ی درۆ و چاواشه‌کارانه‌یان بڵاو کرده‌وه‌، به‌و ڕێیه‌وه‌ بازاڕیان شڵه‌ژاند و و جووڵه‌ی کار و کاسبی رووی له‌ کزی کرد. 

٤- داوای کردبوو ته‌قه‌ له‌ کونسوڵخانه‌کان بکه‌ن و ئه‌ندازیارانی کۆمپانیاکانی نه‌وت بفڕێنن. گۆڕانخوازه‌کان وه‌عدیان پێ دابوو ئه‌مه‌یشی بۆ بکه‌ن، بۆیه‌ چه‌کیان کڕی و یه‌کینه‌ی چه‌کداریان دروست کرد و دوێنێ شه‌و بۆرییه‌کی گازیان ته‌قانده‌وه‌. 

که‌واته‌ که‌س نه‌ڵێ نه‌وشیروان بۆ قسه‌ ناکات. ئه‌و قسه‌ی خۆی کرد و رۆیشت. له‌وێوه‌ سه‌یری جۆر و راده‌ی جێبه‌جێکردنی قسه‌کانی ده‌کات. 

لێره‌ حکومه‌ت و حزبه‌کانی کوردستان، به‌ گشتی و یه‌کێتی و پارتی قسه‌ی خۆیان نه‌کردووه‌. چۆن رێکاریی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌ فاشییانه‌ی گۆڕان ناکه‌ن؟!

ئه‌وه‌ی بۆرییه‌که‌ی گازی ته‌قاندۆته‌وه‌ ناسراوه‌ و شوێن و جێی و چه‌کداره‌کانی دیارن.... ئه‌وانه‌ی ئاگایان له‌م پیلانه‌ هه‌یه‌ و له‌ دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژه‌یان پێکرد و وتیان نابێ گازی کوردستان بڕوات، ناسراون و قسه‌کانیان به‌به‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌.... بۆ ئیجرائی یاساییان له‌گه‌ڵ ناکرێ؟!

که‌واته‌ پرسیاری دروست ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ بۆ نه‌وشیروان قسه‌ ناکات، به‌ڵکو پرسیاره‌که‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ حکومه‌ت بۆ ئیجرائات ناکات؟!