ئه‌نواعى گه‌مژه‌یى..

image

سامى ئه‌رگۆشى

ئه‌م كوردستانه‌ى خۆمان دنيايه‌ك مه‌سائيلى سه‌یر و عه‌نتیكه‌ و عه‌جايه‌بى تێدايه!‌. عه‌نتيكه‌ و عاجباته‌كانى له‌مه‌ڕ خۆمان هێنده‌ سه‌يرن، باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ هيچ كونج و شوێنێكى ديكه‌ى ئه‌م سه‌رزه‌مينه، هاوشێوه‌يان هه‌بێت!. لێره‌دا "پێمخۆشه‌ و حه‌زم لێيه‌" هه‌ندێ له‌و شته‌ عه‌نتیكانه‌ كه‌ ئه‌م ماوانه‌ زوو زوو دووباره‌ ده‌بنه‌وه،‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانى ئازیزدا به‌ش بكه‌م، ئه‌ویش گه‌مژه‌یى و ئه‌نواعى گه‌مژه‌یییه‌!. ئاخر چۆن ئه‌نواعى گا و گامێشى ڕه‌ش و بۆر و به‌ڵه‌ك هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌نواعى گه‌مژه‌ییش هه‌یه!‌. لۆيێ ئه‌وه‌نده‌ى عیلممان پێڕاده‌گات، باسى ئه‌و ئه‌نواعى گه‌مژه‌یییانه‌ ده‌كه‌ین!.

بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ گه‌مژه‌یییه‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان بیت و له‌م سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتووه و عه‌سرى پۆست مۆدێرنیته‌دا، پێت وابێت هه‌روا سووك و ئاسان ده‌توانیت به‌ ناوى ‌دیپلۆماتكارێكى پێشووترى وڵاتێكى زلهێزى جیهانه‌وه‌، بێ شه‌رم و حه‌یا درۆ بكه‌یت و بڵێیت "وه‌ڵڵا فڵان دیپلۆماتكاره‌ى فڵانه‌ ده‌وڵه‌ت خه‌ریكه‌ به‌ڵگه‌ى هه‌بوونى پاره‌ى زه‌به‌للاحى حیزبه‌كانى كوردستانم بۆ ده‌نێرێت بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونى بۆ بكه‌ین".! ئه‌وه‌ گه‌مژه‌یییه‌ له‌و پۆسته‌دا بیت و بایى ئه‌وه‌نده‌ نه‌زانیت كه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ بتوانیت ئه‌م درۆ گه‌وره‌یه‌ بكه‌یت و لێت ئاشكرا نه‌بێت!.

نموونه‌یه‌كى دیكه‌ى گه‌مژه‌یى ئه‌وه‌یه‌ خۆت به‌ سه‌ركرده‌ و ئه‌هلى سوڵح و مه‌سڵه‌حه‌ت بزانیت و "شه‌و و ڕۆژ ـ له‌يل و نه‌هار" لافى كوردایه‌تى و نیشتمانپه‌روه‌رى به‌سه‌ر خه‌ڵك و جمووعى موئمینین و ئه‌هلى سوننه‌ و جه‌ماعه‌تدا لێبده‌یت، كه‌چى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ڕاوێژكارێك له‌ فلانه‌ ده‌وڵه‌تى ناوچه‌كه‌ پێى وایه‌ ده‌وڵه‌تى كوردستان هه‌ر خه‌ون بووه‌ و به‌ خه‌ون ده‌مێنێته‌وه، تۆش به‌م چله‌ى زستانه‌ حه‌ماوه‌ت هه‌ڵسێت، شه‌رم نه‌كه‌یت و حه‌یا نه‌تگرێ، زۆر به‌ ڕووقاییمى بڵێیت "وه‌ڵلا به‌ ئیزنى خودا كاتى ڕیفراندۆم و ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیى نییه ئینشائه‌ڵلا‌"!. ئه‌وه‌ گه‌مژه‌یییه‌ پێت وا بێت خه‌ڵك نازانێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ت له‌ كوێوه‌ هاتووه‌ و فه‌رمانى ئاغاى ڕاوێژكار و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ى نییه‌!.

حكوومه‌ت هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ زۆرترین ڕێژه‌ى به‌ڵێنه‌كانى جێبه‌جێ بكات تاكوو دڵى هاووڵاتیان بباته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووشدا ده‌نگ و متمانه‌یان به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌، ئیتر ئه‌وه‌ نه‌وعێكى زۆر فاخیرى گه‌مژه‌یییه‌ خۆت به‌ ژیر و عاقل و زانا و ته‌نانه‌ت خۆت به‌ سه‌ركردەى سیاسى و كۆمه‌ڵێك له‌و ناوه‌ عه‌جایه‌بانه‌ بزانیت، كه‌چى به‌ هه‌موو عه‌قلى خۆت پێت وابێت و هه‌وڵ بده‌یت خه‌ڵكیش وا تێبگه‌یه‌نیت كه‌ گوایه‌ حكوومه‌ت پاره‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ئه‌نقه‌ست هاووڵاتیان له‌ خۆى تووڕه‌ ده‌كات و پاره‌ نادات!!. ئاخر كاتێك وڵات له‌ لێوارى ڕووخاندا بێت، حكوومه‌ت پاره‌ى بۆ ڕازیكردنى خه‌ڵك نه‌بێت، بۆ چییه‌تى؟!.

وه‌خیتامه‌ن، نه‌وعى ئه‌خیریش له‌ گه‌مژه‌ییى ده‌ره‌جه‌ یه‌ك ئه‌وه‌یه‌ خۆت به‌ ڕۆشنبیر و خاوه‌نى فیكر و قه‌ڵه‌مى ئازاد و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و پێشه‌نگى ئازادیخوازان و ئه‌نواعى ئه‌و تایتڵانه‌ بزانیت، كه‌چى بێهووده‌ بيست و چوار سه‌عاته‌ هه‌ر خه‌ریكى وه‌عز و خیتاب و ته‌نزیر بیت بۆ ڕاپه‌ڕینى گوایه‌ سه‌رتاسه‌رى، له‌ كاتێكدا پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانى كوردستان له‌ سه‌نگه‌رى به‌رگریدا ڕۆژانه‌ شه‌هید ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى جه‌نابت بتوانیت هه‌موو ئێواره‌یه‌ك پێڕى هاوڕێ و هاوبیرانت داوه‌تى باڕێكى "شار" بكه‌یت و به‌رى به‌یان به‌ سه‌رخۆشى بگه‌ڕێیته‌وه‌ ماڵه‌وه‌!. ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى گه‌مژه‌یییه‌ پێت وابێت گوێت لێده‌گیرێت و هاكا جه‌ماوه‌ر ڕاپه‌ڕى!.