بمانبوورە ئێمە زوو شت لەبیر دەکەین

image

حسن دانشفر

با زۆر دوور نەڕۆین، پازدە ساڵ لەمەوبەر، هەر ئەو شێرەکوڕانەی کە ئەمڕۆ خۆیان بە سەرقافڵەی رۆشنبیری دەزانن و بەتەمابوون بیگۆڕن، هەولێریان بە گوندێکی گەورە ناوزەد دەکرد و گاڵتەیان بە خەڵک و شێوەزار و شارەکە دەکرد. ئەوان ئێستاش بەردەوامن لە بەکەمسەیرکردنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو شارە، چونکە پێیانوایە یەکێک لە مەرجەکانی رۆشنبیربوون سووکایەتیکردنە بە پیرۆزییەکانی خەڵک و لەباربردنی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بە درێژایی مێژوو خوێنی لەپێناودا بەخت کراوە.

ئاخر ئەوان بێئاگان لەوەی کە ڕەسەنایەتی و وڵاتپارێزی لە ناخی خەڵکی بەشەرەفی ئەو شارەدا بە چەشنێک ڕەگی داکوتاوە، کە هیچ ڕەشەبایەک نایلەرێنیتەوە.

هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونییەکانت وای کرد، کە هەر ئەوان ئێرەیی بە جوانیی شەقام و پارک و بەرزەپرد و شوینە گەشتیارییەکانی هەولێر ببەن، هەر ئەو ئێرەیی پێبردنەش بوو، کە وای لێ کردن لە وەلینیعمەتی چەندین ساڵەیان هەڵگەڕێنەوە.

مەودای بیرکردنەوەت ئەوەندە فراوان بوو، دەتزانی رۆژێک دادێ، بەغدا بە هەربیانوویەک بێت، بیر لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە، بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە دەتزانی سەرئێشەیەکی زۆری بەدواوەیە، هەوڵت بۆ هەناردەکردنی نەوت و سەربەخۆیی ئابووری دا و، دواجاریش تێیدا سەرکەوتی.

ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبات لە چوار کاتژمێرەوە بۆ بیست‌ودوو کاتژمێر بەرز کردەوە و ڕووناکیت خستە نێو شار و شارۆچکە و هەموو ماڵێکی کوردستانەوە.

بە سەدان قوتابخانە و مزگەوت و کەنیسە و نەخۆشخانەت بنیاد نا و، بە هەزاران نەخۆشی کەمدرامەتت بە مەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرد و... هتد.

هەتادوێنێش دواقسەی هەموومیوانە بیانییەکان ئەوەبوو کەدەیانگوت :سەرسامین

بەپێشکەوتنەکانی کوردستان.

هەموومان دەزانین، کە نزیکەی دوو ساڵە، بەغدا هیچ میزانییەیەکی بۆ کوردستان نەناردووە و لە هەمان کاتدا، وڵات تووشی پەلاماری دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی بووەتەوە، کە چەندین ملیۆن دۆلار تێچووی ئەو شەڕە بووە و، نزیک بە یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار مرۆڤی ئاوارە و لێقەوماویش بوونەتە سەرباری حکومەتەکەت.

دەزانین کە نرخی نەوت لە سەدوبیست دۆلارەوە، هاتووەتە سەر بیست دۆلار، ئەوەش نەک ئێمە، بگرە هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی قەیران و شپرزەیی کردووە.

ئێستا، کە حکومەتەکەت تووشی قەیرانی دارایی بووەتەوە و باری سەرشانت قورس بووە، نەک هەر شەریکەکانت لە حکوومەتدا، بگرە بەشێک لەوانەش کە لەبەر گیرفانکونی، چەند جار هانایان بۆ دڵە گەورەکەت هێناوە، پەنجەی کەمتەرخەمیت بۆ ڕادەدێرن.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا، نە کەڕ بووین و نە کوێر، بەڵام بمانبوورە، ئێمە زوو شت لەبیر دەکەین.