گەوجاندن بەردەوامە !

image

نورەدین سەعید وەیسی؛

برادەرانی دژە پارتی لە دەڤەری سلێمانی ، ھەر خەریکی حیساب وکیتابی گەندەڵییەکانی دەڤەری زەردن . وەک بڵێی گەندەڵی ھەر ھەتا سنووری دێگەڵە ھاتووە و ، دەڤەری سەوز و نیلی بەشێکە لە سویسرا ! ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گەوجاندنی خەڵک کە خۆیان بەردەوام رەخنەی لێدەگرن: 

- باسی سەری رەش و خانووی نێچیرڤان بارزانی دەکەن ، بەڵام چاویان لە دەباشان وقەڵاچوالان و دوکان و گردی زەرگەتە دەنووقێنن !

- کۆڕەک و کارگرووپ دەدەنە بەر رێژنەی رەخنە، بەڵام ھیچ باسێک لە ئاسیا سێل وقەیوان و نۆکان و گوندی ئەڵمانی و چاڤیلاند نییە !

- حیساب و کیتاب بۆ تەلەڤزیۆنەکانی ھەولێر دەکەن و بە ئارەزووی خۆیان، ژمارە فڕێ دەدەن و دەڵێن فلان سەتەلایتی پارتی، ئەوەندە پارەی تێچووە ، بەڵام ناشپرسن: ئەدی سەتەلایتەکانی سلیمانی چی ؟ خۆ ناشێ ئەوانەی ھەولێر بە نەوت ئیش بکەن و ئەوانەی سلێمانیش بە ئاو ! ، تەنانەت چەند رۆژێک لەمەوبەر و لە گەرمەی ئەو قەیرانە داراییە ، NRT عەرەبی کرایەوە و کەسیش لەو میدیا زمان درێژە بە ناو ئازادەش، نەیپرسی لەو قاتوقڕییە ، ئەو پارەیەتان لە کوێ بوو؟! 

ھەر بۆ وەبیرھێنانەوە ، ئەوەندەی من بزانم تەنیا لە شاری سلێمانی ١٠ سەتەلایت پەخش دەکەن :

١- کوردسات

٢- کوردسات نیوز

٣- گەلی کوردستان 

٤- کەرکووک

٥- بادینان سات

٦- KNN

٧- NRT

٨- NRT ٢ 

٩- NRT عەرەبی

١٠- پەیام ( کۆمەڵی ئیسلامی )

جا با میدیای ئازادی سلێمانی بۆمانی لێکبداتەوە چ لەشکرێک لەو کەناڵانە کاردەکەن و مووچەی مانگانە و خەرجییەکانیان چەند ملیۆن دۆلارە . کەچی یەکێک لە قەسابەکانی کوشتارگەی خێڵی حەمە وراوێژکاری پێشووی مەلا کرێکار، کە لە سایەی خۆپێشاندانەکانی ١٧ شوبات بووە ئەندام پەرلەمان ، دێ قسە لە سەر تەلەڤزیۆنەکانی ھەولێر دەکا !

پێم سەیرە رۆشنبیرانی سلێمانی ، رێگە دەدەن ، تیرۆریستێک ببێتە دەمڕاستییان ، کە بۆ گەوجاندنی خەڵک باسی گەندەڵی دەکا ، لە کاتێکدا گەندەڵی وکارەساتی ھەرە گەورە ئەوەیە، تیرۆریستێک ببێتە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان !