کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستە..بەڵام نەک بە هەموو نرخێک

image

جەعفەر ئیمنکی ؛

ئەو تەنگژە سیاسییەی ئێستا لەخۆڕا دروست نەبووە و بەرەنجامی واقیعێکی کەڵەکەبووە کە بە شێوەیەکی گشتی سەریانکێشا بۆ ئەو تەنگژە سیاسییانەی ئێستا هەن، بەڵام بە شێوەیەکی تایبەتی لە دوای رووداوەکانی حەڤدەی شوبات، جارێکی دیکە ئاراستەی رووداوەکان لە ئۆکتۆبەری 2015 بە شێوەیەکی سیستماتیک و نەخشە بۆ داڕێژراو وەرگێڕرا بۆ دژی کادر و بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمەشدا جیا لەوەی چەندین کادری پارتی شەهید و بریندار بوون و چەندین بارەگای پارتی سووتێندران و هەموو ئەم دیمەنە ناشیرین و پڕ لە بێڕێزی و ناشیرینکارییە لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنییەوە رووماڵ دەکران و راستەوخۆ دەگواسترانەوە، ئەمەش وایکرد کە هەموو کەس هەست بەوە بکات برینەکانی ئەمجارەی پارتی قورسن و بە ئاسانی ساڕێژ نابنەوە، لەهەمانکاتدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە رەوتی رووداوەکانی ئەمجارە پەیامێکی راشکاوانەی وەرگرت و لە هەمانکاتدا ئەوەش دیارە وەڵامدانەوەی پارتی بۆ ئەم پەیامە وەک وەڵامەکانی جارانی پێشتر نابێت. بەڵکو وەڵامی ئەمجارەی پارتی لە ئاستی ئەو رووداوە و ئەو هەڕەشانە دەبێت کە ئاراستەی پارتی کراون.

پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەیەکی زۆرە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە هەوڵێکی جددی لە ئارادایە بۆ بەلاڕێدا بردنی رەوتی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەمەش ماوەیەکی زۆرە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی بە شێوەیەکی سیستماتیک بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، لە ناوچەی سلێمانی بۆ ناشیرینکردنی پارتی دەدرێن، دانی بە خۆیدا گرتووە و نەرمی نواندووە، هەروەها دەمێکە ئەوە دەزانین کە میحوەرێکی سیاسی دروست بووە بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتی پارتی بەتایبەتیش لە بوارەکانی سیاسەتی وزە و سیاسەتی سەربەخۆیی و سەربەخۆیی ئابووری، هەربۆیە ئەمجارەش ئەوەی لای پارتی ئاشکرا بوو، ئەوە بوو کێشەی ئەمجارە پەیوەست نییە بە دیموکراسی، ئەوجا چ دیموکراسی زۆرینە بێت، یان دیموکراتییەتی سازان، یان ئەوەی پێی دەگوترێت تەوافوقی، بەڵکو ریشەی ئەم کێشەیە پەیوەستە بە دەسەڵات، بۆیە پێویست بوو ململانێی دەسەڵات نەکەوێتە ناو پەرلەمان، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، ئەمە نە کاری پەرلەمان بوو، نە ئەم ئەرکەش لە دەسەڵاتی پەرلەماندا بوو، بۆیە هەتا ئەگەر پەرلەمان بۆ ئەم کارەش تەفویز بکرایە، ئەوا نەیدەتوانی ئەو کارە جێبەجێ بکات.

ئاشکرایە یەکلاییکردنەوەی کێشەی دەسەڵات لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمەش دوو رێگە لەبەردەمدا بوو، یان ئەوەتا دەبوو بیر لە شەڕ بکرێتەوە و بە شەڕ یەکلایی بکرێتەوە، کە ئەم رێگەیە پێشتر لە کوردستان تاقی کرابووەوە و بێ ئاکام بوو، یان دەبوو بە شێوازی ئاشتییانە و لەسەر بنەمای شەراکەت و سازان لەسەر مێزی وتووێژی لایەنە سیاسییەکان یەکلایی بکرێتەوە، کە ئەمەش تەنیا رێگەیە و ئێستاش دەتوانرێت جارێکی دیکە و سەرلەنوێ لەسەر بنەمای شەراکەت و سازان کێشەکە یەکلایی بکرێتەوە. بەڵام لەسەر بنەمایەکی تازە بۆ سازانێکی نوێ و ئەوەی زۆرینەی هەبێت، دەبێت سەرپشک بکرێت لەوەرگرتنی دامودەزگاکانی دەسەڵات.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئەو هەڵمەتەی لە 17ی شوبات بە ئەنقەست کرایە سەر بارەگا و کادرانی، ئەمجارەش هەڵمەتەکانی ئۆکتۆبەری بە ئەنقەست و بە پەیامێکی سیاسیی دژ بە خۆی لە قەڵەمی داوە، ئەمەش مانای ئەوەیە مامەڵەکردن و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پەیامەی ئاراستەی پارتی کراوە، پێویستی بە کات و میکانیزمی تایبەتی هەیە، لەمەشدا دەبوو پارتی بە پەلە جووڵەیەک بکات بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هەموو دەستدرێژی و ئاڵۆزی و پشێوییانە دابنێت، کە بە هەموو پێوەرێکی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی هەموو سنوورەکانی بەزاندبوو، لە هەمانکاتدا ببووە هەڕەشەیەکی مەترسیدار و جددی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

کەواتە ئەم واقیعە فەرزی دەکات لەسەر هەموو لایەکمان کە دەبێت هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوە و کارکردنەوەی پەرلەمان لەسەر بنەمایەکی راست و دروست هەڵبگرین و بە ئاراستەیەکی راست هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرین. بۆ ئەمەش دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین، بەوەی راستە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسی زۆر گرنگە و دەبێت پەلەی تێدا بکرێت، بەڵام پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا زۆر لەوە گرنگترە. بۆیە دەبێت لەمەدا راشکاوانە قسەبکەین و بە ئاشکرا بڵێین، ئەوانەی دەبنە هۆکاری پشێوی و توندوتیژی و تێکدانی سەقامگیری لە کوردستاندا، دەبێت سزا بدرێن، هەروەها ئەوانەی سەقامگیری کوردستان وەک کارتێک بەکار دەهێنن و دەیکەنە قوربانی بەرنامەی سیاسی خۆیان، بەبێ رەچاوکردنی تەوافوق و بێلایەنیی سەرۆکی پەرلەمان، تاکڕەوانە تەوافقی سیاسی لەناو دەبەن، نابێت ئەوانەش پاداشت بکرێن.

دیارە دەبێت ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت، ئەوانەی دوێنێ دژی بڕیاری زۆرینەی ناو لەپەرلەمان بوون، بەدەنگی بەرز بریارەکانی پەرلەمانیان رەتدەکردەوە و بە بیانووی ئەوەی هەر بڕیار و یاسایەک رەهەندی نیشتمانی هەبێت، دەبێت لە چوارچێوەی سازانی نیشتمانی سازانی لەسەر بکرێت، هەربەم بیانووەش پرۆژەی دەستووری کوردستانیان رەتکردەوە، لەبەر ئەوەی بە کۆی دەنگ پەسەند نەکرا، بەڵام هەر ئەوانە لەیەکەم هەنگاویان لەناو پەرلەمانێک کە بە سازان پێکهێنرابوو، هەموو هەوڵی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی زۆرینەیەکی سادەی رووکەش کۆبکەنەوە، سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان لەبەریەک هەڵبوەشێنن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 24 ساڵی رابردوو لە سەر بنەمای هاوسەنگی و سازان بەردەوام بووە. ئەوانەی لەپشت ئەم پلانە بوون، خۆیان دەیانزانی ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر، بەڵام ئەمجارەشیان ئەزموونێکی شکستخواردوویان تاقیکردەوە، ئەمەش فێرمان دەکات، کە نابێت جارێکی دیکە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان ببێتە ئەسیری میزاجی هیچ لایەنێکی سیاسی و دەبێت هەموومان بگەینە قەناعەت بەوەی بە ئەقڵانییەت سیاسەت دەکرێت و هەر بە ئەقڵانییەتیش حوکمڕانیی راست و رەوان بەڕێوەدەبرێت. بۆ گەیشتن بەم ئاراستە دروستەش پێویستە لەسەر بنەمایەکی ئەقڵانی بەرەو سازانێکی سیاسیی نوێ هەنگاو هەڵبگرین، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانمان سەقامگیری سیاسی بۆ مەودایەکی دوور لە کوردستاندا مسۆگەر بکات.