لامه‌ركه‌زی.. یان دوو ئیداره‌یی؟!

image

سووره‌ مه‌رگه‌یی :

 

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نازانم بڵێم له‌وه‌ته‌ی رێككه‌وتوون یان یه‌كیان گرتۆته‌وه‌، له ‌ژێر كاریگه‌ری خواستی سیاسه‌تی ناوچه‌گه‌رایی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دوو ئیداره‌یی و شاردنه‌وه‌ی بێباكی و كه‌مته‌رخه‌میان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك و شاری سلێمانی، به‌رده‌وام بیرۆكه‌ی لامه‌ركه‌زی ده‌ورووژێنن و ده‌ڵێن: سلێمانی غه‌دری لێده‌كرێ، بۆ تۆخ كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی شارچێتی و جووڵاندنی رقی ئه‌م شار به‌رامبه‌ر به‌و شاریش نا‌وه‌ ناوه‌ ختووكه‌ی خه‌ڵك ده‌ده‌ن، كه‌ گوایه‌ به‌ لامه‌ركه‌زی كردنی پارێزگاكان پاشتر خزمه‌تی سلێمانی ده‌كه‌ن و ده‌توانن له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانی سلێمانیه‌كان دابن، ورووژاندنی پرسی لامه‌ركه‌زی و موزایه‌ده‌ی باشتر خزمه‌ت كردنی سلێمانی و غه‌در له‌ سلیمانی ده‌كرێ، وایكرد به‌ به‌ڵگه‌وه‌ به‌دواداچوونێك بۆ روونكردنه‌وه‌ی راستیه‌كان و په‌رده‌ لادان له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاریه‌كان بكه‌م.

بۆ روونكردنه‌وه‌ی راستیه‌كان و په‌رده‌ لادان له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاریكان ده‌مه‌وێ له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م و بپرسم: ئه‌وه‌ چ زاڵم و دژه‌ كوردێكه‌ غه‌در له‌ سلیمانی ده‌كات؟ ئه‌وه‌ چ ده‌ستیكی دوژمنكارییه‌ سلێمانی داگیر كردووه‌ تا به‌ لامه‌ركه‌زی كردنی شكۆ و هه‌یبه‌ت و خزمه‌تگوزاری بۆ سلیمانی و سلیمانیه‌كان بگێڕێته‌وه‌؟

له‌ دوای راپه‌ڕین و له‌ ساڵی 1991 تا ئێستا كه‌ ساڵی 2016یه‌، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چ به‌ تاك و چ به‌ كؤ حاكم و ده‌سه‌ڵاتداری بێ ئه‌ملاوئه‌ولای سلێمانی بوون، له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ له‌ ساڵی 1994تا ساڵی 2005 سلێمانی نه‌ك هه‌ر لامه‌ركه‌زی هه‌بوو، به‌ڵكو حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بووه‌ و له‌ لایه‌ن به‌رپه‌سه‌ باڵا و ده‌ست رۆیشتووه‌كانی ئێستای ناو یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ڕێوه‌ براوه‌، ده‌پرسین: له‌ ماوه‌ی ئه‌و 11 ساڵه‌دا بۆچی خزمه‌تی سلێمانی نه‌كراوه‌ و كێ غه‌دری لیكردووه‌ و رێگر بووه‌ له‌وه‌ی خزمه‌ت بكرێ؟

له‌ ساڵی 2005وه‌ تا ئێستاش یه‌كێتی چ ئه‌وكاته‌ی هه‌ڵسووڕاوانی ئێستای گۆڕان بڕیار به‌ده‌ستی ناو یه‌كیتی بوون و چ ئه‌و كاته‌ش كه‌ خۆیان كه‌رتكرد چ ئێستاش، له‌ حكومه‌تی هه‌رێم شه‌ریك بوون و حاكمی ره‌های سلیمانیش بوون، ئه‌رێ پێم ناڵێن: ئه‌و زاڵم و دژه‌ كورده‌ كێیه‌ غه‌دری له‌ سلێمانی كردووه‌؟

له‌ بیرمه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌ڵێن: غه‌در له‌ سلیمانی ده‌كرێ و به‌ لامه‌ركه‌زی ئه‌و غه‌دره‌ بنبڕ ده‌كرێ و ماف بۆ سلیمانیه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌یانگوت: سلێمانی له‌ رووی پێشكه‌وتن و خزمه‌تگوزاریه‌وه‌ 10 ساڵ له‌ پێش هه‌ولێره‌ و هه‌ولێر له‌ گوندێكی گه‌وره‌ ده‌چێ، كه‌چی ئێستا چاویان به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌لێر هه‌ڵنایا و بۆ چه‌واشه‌ كردنی راستیه‌كان ده‌ڵێن: غه‌در له‌ سلێمانی ده‌كرێ، له‌وه‌شیاندا مه‌به‌ستیان له‌وه‌یه‌ گوایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و له‌ناو حكومه‌تی هه‌ریمیش نێچیرڤان بارزانی غه‌در له‌ سلیمانی ده‌كات.

ئه‌و گوتنه‌ ژه‌هراویانه‌ ناچارم ده‌كه‌ن بڵێم: ئه‌و نه‌خش و جوانكاری و پێشكه‌وتنه‌ی به‌ هه‌ولێر و دهۆكه‌وه‌  دیاره‌ ده‌ست ره‌نگینی وه‌ستا و خه‌مخۆره‌كه‌یه‌تی كه‌ نێچیرڤان بازانی و حزبه‌كه‌یه‌تی، ئه‌و وێرانی و پاشاگه‌ردانیه‌ی به‌ سلێمانیشه‌وه‌ دیاره‌ بێباكی و خه‌مساردی به‌ رێوه‌به‌ر و وه‌ستاكانیه‌تی.

ئه‌رێ به‌ڕاست كێ غه‌دری له‌ سلێمانی كردووه‌؟ حكومه‌تی هه‌رێمه‌ یان پارێزگاره‌ گۆڕانخوازه‌كه‌ی رابردوویه‌تی! كه‌ به‌ پاره‌ی وشكه‌ ساڵی و بودجه‌ی سلێمانی جوانكاری بۆ گردی زه‌گه‌ته كردووه‌ و ‌گۆڕیویه‌تی بۆ گردی (مێشهه‌نگوین) جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ راستیه‌كان بن ده‌پرسم: ئایا لامه‌ركه‌زی خواستی سلیمانیه‌كان تێر ده‌كات ؟ ئایا لامه‌ركه‌زی یان راستتر بڵێم دوو ئیداره‌یی سلێمانی له‌و ویرانیه‌ رزگار ده‌كات؟ بۆیه‌ پێویسته‌ سلێمانیه‌كان هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ن و چیتر فریوی هه‌رای چه‌واشه‌كاری چه‌واشه‌كاران و موزایه‌ده‌ی موزایه‌ده‌چیان‌ نه‌خۆن و ئه‌و كه‌س و ده‌سته‌ و گرووپانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ غه‌دریان له‌ سلێمانی كردووه‌ و ئێستاش غه‌دری لێده‌كه‌ن.

لیره‌وه‌ منیش ده‌ڵێم: سلێمانی غه‌دری لێكراوه‌ و ئێستاش غه‌دری لێی ده‌كرێ، به‌ڵام ده‌پرسم: ئایا ئه‌وه‌ درووشمباز و خوازیارانی دوو ئیداره‌یین كه‌ غه‌در له‌ سلیمانی ده‌كه‌ن؟! یان وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن حكومه‌تی هه‌رێم و له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمیش نێچیرڤان بارزانییه‌ غه‌ده‌ر له‌ سلیمانی و سلێمانیه‌كان ده‌كات؟! بۆیه‌ به‌ راشكاوی ده‌ڵێم و پێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵكیش ئه‌و راستییه‌ بزانێ، سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم و نێچیرڤان بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌و زۆنه‌ پاوانكراوه‌ی سه‌وز و نیلی فه‌رمانبه‌ریكان پێ ناگوازرێته‌وه‌، چۆن ده‌توانن غه‌در له‌ سلێمانی بكه‌ن كه‌ به‌ شاری بارزانی نه‌مری ده‌زانن، پێویسته‌ رۆشنبیر و ئاقڵمه‌ندانی سلێمانی بێنه‌ ده‌نگ و داوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه‌یان بكه‌ن و دوای وه‌رگرتنی وه‌ڵامه‌كه‌ش سنوورێك بۆ موزایه‌ده‌ی درووشمبازه‌كان دابنێن.