دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی و پەلەكردن لە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان

image

دكتۆر جعفرئیبراهیم ئێمینكی :

 

گومانی تێدا نییە كە تێكڕای خەڵكی كوردستان بە پەرۆش و ئومێدێكی گەورەوە چاوەڕوانن دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك مسعود بارزانی ببێتە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە نێوماڵی كوردستان رێكبخرێتەوە و حزبە سیاسییەكان بە دیدێكی بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئێستای كوردستاندا بكەن، لەبەر ئەوەی ئەو دەرفەتەی بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە ناكرێت لە دەست بدرێت و، ئەگەر خوانەخواستە ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت، لەوانەیە دەیان ساڵی دیكە دەرفەتی هاوشێوەی ئێستا نەیەتەوەپێش.

دەستپێشخەریی ئەمجارەی سەرۆك لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و لەسەر بنەمای خەمخۆری بۆ ئایندەی ئەم نیشتمانە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە گرنگ و پێویستە بە چاوێكی كوردستانی و كوردپەروەرانە سەیری بكرێت و هەر لەو ئاستەش پێشوازی لێبكرێت، لەمەش زیاتر دەبێت هەموو حزبە سیاسییەكان ئەو واقیعە ببینن كە ئەمڕۆ كوردستان لە بەردەم مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورەدایە، هەر بۆیە ئەگەر زەمینەیەك بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی دەستپێشخەریی ئەمجارەی سەرۆك سەركەوتوو بێت، ئەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان براوە دەبن، هەروەها جیا لەوەی لایەنە سیاسییەكان بەسەر لەمپەرێكی گەورەدا سەردەكەون، لە هەمانكاتدا رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانیش خۆشحاڵییەكی گەورە بە هەموو خەڵكی كوردستان دەبەخشێت، ئەمەش دەبێتە هۆكار و هاندەرێكی بەهێز بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لەم زریان و ئاڵۆزییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داپۆشیوە، بە كەمترین زیان تێپەڕێنێت و بە قازانج بۆ دۆزە رەواكەمان بشكێتەوە. هەروەها زاڵبوون بە سەر ئەو لەمپەری چەقبەستووییەی ئەمجارە حزبەكان تێیكەوتوون، دەبێتە پەند و وانەیەك بۆ هەموو لایەك بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو ئەزموونە تاڵە دووبارە نەكرێتەوە و كەسی دیكە پەنا بۆ گەمەی زۆرینە و كەمینەی پەرلەمانی نەبات و هەموو بگەینە ئەو قەناعەتەی لەم قۆناخەدا قەدەری ئێمە لە دیموكراتیەتی پێكەوەگونجان و پێكەوەسازانە.

ئاشكرایە لە وڵاتانی وەك ئێمە كە لە دەستپێكی پرۆسەی دیموكراسیدان و فرەحزبی بوونی هەیە و هێشتا بنەماكانی دیموكراتی بە تەواوەتی نەچەسپیوە، دیموكراتی بریتییە لە پێكەوەسازان و یەكتری قبوڵكردن و لە دەرەوەی ئەم رێسایە دیموكراتیەت بوونی نابێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەگەر ئەمە رێگەی راستی پرۆسە سیاسییەكە بێت، ئەوا ناكرێت چیدیكە كات بەفیڕۆ بدەین و دەبێت هەموو لایەكمان پێكەوە دەرفەتەكان بقۆزینەوە و هیچ كام لەو دەرفەتانە لەدەست نەدەین، بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە هەرێمی كوردستان كە ئێستا دەوڵەتی ئەمری واقیعە بەرەو دەوڵەتی سەروەری ببەین.

لەم قۆناخە هەستیارەدا و بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە لە كاتێكی گونجاودا بە فریای هاوار و دەنگی كچی شەهیدێكی پێشمەرگە رابگەین، دەبێت پرسە نیشتمانییەكان بە گیانی هاونیشتمانیبوون مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، پێشتریش جارێكی دیكە ئاماژەم بەوە كردووە، ئەگەر بە ئەقڵییەتی ئۆقیانووسی وێنە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانە بكەین، ئەوا هیچ لایەك لە لایەنە سیاسییەكان براوە نابێت، بۆیە واقیعی ئێستا لەسەرمان فەرزی دەكات بە ئەقڵیەتی ئۆقیانووسی شین مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەین، لەم كاتەدا هەموو لایەنەكان براوە دەبین.

بۆ ئەمڕۆ ئەمەیە چارەسەری سیحری بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكان و كرانەوە لەو چەقبەستووییە سیاسییەی بوونی هەیە، هەر ئەم میتۆدەشە كە هەمیشە دیموكراتخوازان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پەیڕەوی دەكەن، هەموو كاتیش وەك دەركەوتووە، دیموكراتیخوازان لە ریزی پێشەوەن و هەمیشەش براوەن.

ئەوەی لە ئێستادا مەزندەی بۆ دەكرێت ئەوەیە خەریكە فیلمی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، بۆیە دەبێت پێش ئەوەی فیلمێكی ترسناكتر لە داعش لەم ناوچەیەدا دەست پێبكاتەوە، ئێمە لە خەمی ئەوەدا بین ناوماڵی هەرێمی كوردستان باشتر رێكبخەینەوە، دەبێت باشتر لە جاران یەكتری بخوێنینەوە و باشتر یەكتری ببینین و دیالۆگی بەرهەمدار لە نێوانماندا هەبێت، لەمەش گرنگتر ئەوەیە باشتر لە جاران دەرفەتەكان ببینین و هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بێت بە باشترین شێواز ئەو دەرفەتانە بۆ بەرژەوەندی میللەتەكەمان بقۆزینەوە.

دەبێت زۆر بە باشی واقیعی ئێستای ناوچەكە بخوێنینەوە و هەڵوەستەی جددی لەسەر بكەین. ئەوەتا ئایدیۆلۆژیای ئایینی توندڕۆ باڵی بە سەر ناوچەكەدا گرتووە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەرفەتێكی زۆر كەمی لە بەردەم لایەنە سیكولاریست و نەتەوەخواز و دیموكراتخوازەكاندا هێشتۆتەوە، هەروەها وەك هەموومان دەیبینین ئەمڕۆ بارودۆخی ناوچەكە بۆتە سەردەمی شەڕ و ململانێی ئایینی و مەزهەبی و رۆژ لە دوای رۆژیش ئەم شەڕ و ململانێیانە پەرەدەسێنێت و خوێناویتر دەبێت. ئەمڕۆ بۆتە سەردەمێك ئەو كارەكتەرانەی رۆڵی تێدا دەگێڕن بریتین لە ئەردۆگان و سیستانی و موقتەدا سەدر و قەرەزاوی و غەنوشی و حارس ئەلزاری. لە بەرامبەر ئەمەدا دەبێت كوردستانیش سیمبولی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی هەبێت، بۆ ئەوەی چیتر كوردستان نەكەوێتە ژێر هەژموونی هیچ سیمبولێكی دیكە جگە لە سیمبولی نیشتمانی و كوردستانی.

لەم روانگەیەوە دەبێت بەوجۆرە سەیری سەرۆك بارزانی بكرێت كە دەرفەتێكە بۆ ئایندەی كوردستان، لەم راستەوە ئەگەر بەو چاوە یەكتری بخوێنینەوە، ئەوە نە كێشە و گرفتی سیاسی لە كوردستان بوونی دەمێنێت، نە پەرلەمانیش رۆژێك لە رۆژان پەكی دەكەوێت و نە كورسیی سەرۆكایەتی هەرێمیش دەبێتە گرفت.

گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە ئەوەی كوردستانییان ساڵەهای ساڵە خەونی پێوە دەبینن، ئەو بەها دیموكراتییە هاوبەشانەیە لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە لە جیهاندا، ئەویش ئەمڕۆ لە رادەبەدەر لاواز بووە. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە بەردەستی تێكڕای كوردستان دەمێنێتەوە، ئەوەیە پەلە بكەن لە ئەوەی جارێكی دی ناوماڵی خۆیان رێكبخەنەوە، ئەگەرنا ئەوە دەبێت بزانین شەمەندەفەڕی ئەمجارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر تیژڕەوە و ئەگەر زۆر باش خۆمان ئامادەنەكەین، بەجێمان دەهێڵێت، بۆیە ناچارم لە دوماهیدا بڵێم خوا ئەوانە بگرێت كە دەبنە هۆكاری ئەوەی ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەستی كورد بچێت!

*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان