دوای حەفتا ساڵ لە تەمەنی پارتی، كەی پیرۆزبایی سەربەخۆییمان لێدەكرێ؟

image

فازڵ میرانی
پارتە تێكۆشەر و مێژوویی و نەتەوەیی و جەماوەرییەكەی كوردستان، پارتییەك گەلی یەكدەست و یەكگرتوو، پارتی دیموكراتی كوردستان، وا حەفتا ساڵی تەمەنی تێپەڕاند و پێ دەنێتە دەیەی هەشتەمەوە. 

پارتیی پێشكەوتن و خاوەن تەجروبەی رابوونی میللی، سەرباری ئەو هەموو كەند و كۆسپ و ئەو هەموو پیلانانەی لە دژی جەماوەرەكەی و سەركردایەتییە سیاسییەكەی و رەمزە نەمرەكەی بارزانی نەمر و رۆڵەكانی و بنەماڵەكەی و عەشرەتەكەی خرانەگەڕ، لەسەر پێی خۆی ماوە.

پارتی ئەو حزبەیە كە لەیەكەمین رۆژەوە مەشخەڵی ئازادی و رزگاری نیشتمانیی و سەربەخۆیی نەتەوەی كوردی هەڵگیرساند. ئەو نەتەوەیەی داگیركار و دابەشكارانی خاكەكەی نكۆڵییان لە وجود و مافەكانی كرد و ویستیان لە جیاتی ئەو مێژووو بە ئارەزووی خۆیان بنووسنەوە و لەژێر هەڕەشەی مەرگدا رەوایی بەو سیاسەتە ناڕەوایەی خۆیان بدەن. ئەو مەرگەی پارتیمان لە رابردوو و لە ئێستادا و تا ئەبەد بەرەورووی دەبێتەوە. 

پارتیمان قەوارەیەكی زیندووە و تا خوێنی نوێ هەبێ دەمێنێ و رێباز و ئاراستە و ئامانجەكەشی سەربەخۆیی گەل و دیاریكردنی سنووری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە كە ناوی دەچێتەپاڵ ناوی وڵاتانی سەربەخۆی خێزانی نێودەوڵەتی. 

پارتیمان بە شاهیدی مێژووو یەك لە دێرینترین ئەو حزبانەیە كە لە عێراقدا دژی سیستمە تۆتالیتار و سەركوتكارەكان وەستایەوە و رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لەگۆڕینیان و، دواجاریش لە راماڵینی لە ساڵی 2003 دا و زەمینەخۆشكردن بۆ هاتنەئارای دیموكراسی و سیستمێكی كۆمەڵایەتی نوێ لە عێراقێكی تازەدا. مێژووو شاهیدی ئەوەشە كەپارتی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان و بۆ كوردستانی مەزنو نەتەوەی كورد خەباتی كرد، ئەو نەتەوەیەی دوژمنان بێ وێژدانانە و بێ مروەتانە ویستییان لەناوی ببەن. 

مێژووو شاهیدی ئەو راستییەشە كە فكر و ئایدیۆلۆجیای پارتیمان زەمینەی بۆ فرەیی سیاسی و حزبی لە هەر چوارپارچەی كوردستان خۆش كرد. ئەوانەی بە ویژدانەوە مێژوووی عەرەب دەنووسنەوە ئەو راستییەش تۆمار دەكەن كەپارتیمان پشتیوان بوو بۆ خەباتی گەلانی عەرەب و، ئەو دۆزانەی كە خودی دەسەڵاتدارانی عەرەب بە نرخێكی هەرزان فرۆشتییان و پشتییان تێكرد و تەنانەت لەپشتی دروشمە درۆزنەكانیانەوە پیلانیان لێگێڕا. روانگای پارتیمان جێی تەقدیر و رێزی هەر عەرەب و تورك و ئێرانییەكە كە لە مانای ئەو راستییە تێبگات كە ( ئایین بۆیەزدانی مەزن و نیشتمان بۆ هەمووانە و نەتەوایەتیش چارەنووسە نەك دەمارگیری). 

پارتیمان، نەخشە رێگایەكی بۆ نەسلی نوێ نەخشاندووە كە هەرگیز گومڕانەبن و، ئەو دەمەی ئاڵای دەوڵەتەكەیان بەرزكرایەوە، هاوژیانی بكەنەپەیڕە و و دوور بن لە هەر جۆرە زەبر و زۆر و هەژموونخوازی و خۆسەپاندنێك. هەرگیز ئەزموونی گێلانەی ئەو خەڵكانە دووبارە نەكەنەوە كە خوای گەورە و مێژووو نیعمەتی سەربەخۆیی پێ بەخشین و بەڵام كوفریان بەو نیعمەتە كرد. 

پارتە تێكۆشەرەكەی بارزانی، پارتی قوتابی و ئافرەت و پێشمەرگە، پارتی لێبووردن و لێبووردەیی ئایینی و خاوەن ئەزموونی یەكەم پەرلەمان و یەكەم حكوومەت، ئەو پارتەی دوای دەیان ساڵ تێكۆشان، توانی كوردستانی وێرانە دوبارە ئاوەدانكاتەوە، ئێستا كە حەفتا ساڵ تێدەپەڕێنێ، چاوی لەو رۆژ و مانگ و ساڵەیە كە دەبێتە رۆژی نیشتمانی و نەتەوەیی سەربەخۆیی كوردستان.

ئەو رۆژەی لە پایتەختەكەمان پیرۆزباییمان لێ دەكرێ. لە باڵیۆزخانەكانمان لە هەموو ئەو وڵاتانە پیرۆزباییمان لێ دەكرێ كە پێشوازی لە لەدایكبوونی دەوڵەتێكی درەنگ وەختی گەلێكی شایستە دەكەن. دەوڵەتی سەربەخۆی گەلێكی دێرینی خاوەن مێژوووی شۆڕشگێڕی شەهید بەخش. گەلێك كە زۆریان هەوڵ دا مافی لێ زەوت بكەن و، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز قبووڵی نەكرد و نەبەزی و تەسلیم نەبوو. 

* سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی