توێژەرێک لەئامۆژگای برۆكینگزو سەنتەری ئۆسڵۆ: ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت سەربەخۆیی كوردستان كارێكی گران نابێت

image

پاڤێڵ بییڤ، توێژەرە لەئامۆژگای برۆكینگزو سەنتەری ئۆسڵۆ بۆ دیراساتی ئاشتی، تایبەتمەندە لە پێوەندییەكانی رووسیا بە ناتۆ و یەكێتی ئەوروپاوە، بڕوانامەی دكتۆرای لەبواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەئامۆژگای دیراساتی ئەمەریكی و كەنەدی بەدەستهێناوە. بۆ قسەكردن لەبارەی رەوشی ئاڵۆزو ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا لەئاست ئەم ناوچەیەو ئایندەی دەستتێوەردانی رووسیا لەسوریادا، گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا سازكردو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.


* چۆن لەو ناسەقامگیری و نائارامییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت؟

- لە راستیدا پرسیارەكەتان جۆرێك لە وەڵامی تێدایە، چونكە نادڵنیاییەكی زۆر هەیە نەك تەنیا لە زۆنی شەڕدا كە لە سوریا و عێراق لەئارادایە، بەڵكو لەچەندین شوێنی دیكەی ناوچەكە، تەنانەت لەو وڵاتانەشدا كە لەئێستادا وەك دەوڵەتێكی سەقامگیر دەردەكەون. كەواتە ئاست و ئەندازەیەكی گەورەی نادڵنیایی هەیە لەئاست ئایندەدا، واتە نوخبەی سیاسیی ئەو وڵاتانەش زۆر نیگەرانن لەبارەی دواڕۆژەوە.
* ئایا تا چەند گرنگە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا كات و كۆششی زیاتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان بكات؟

- لە راستیدا هەندێ لایەنی سیاسەتی ئەمەریكا روونترن لەلایەنەكانی دیكە. بەدڵنیاییەوە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا هەوڵ دەدات بە زووترین كات سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا تۆمار بكات، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكرێت سەرچاوەو سەرنجی زیاتر بخرێتەسەر لایەنە سەربازییەكە لە موسڵ و رەققەدا. هەروەها لە ئەمەریكادا پێداچوونەوە بەسیاسەتی ئەو وڵاتەدا دەكرێت لەئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە لەئێستادا چیدی ئەمەریكا پشت بە نەوتی ئەم ناوچەیە نابەستێ و ئەمەریكا خۆی دەبێتە هەناردەكاری نەوت و غاز، هەروەها چیدی ئەمەریكا نیگەران نابێت لەبەرامبەر دەستەبەركردنی نەوت بۆ هاوپەیمانە سەرەكییەكانی لە ئەوروپا كە داخوازی لەسەر نەوت لەكەمبوونەوەدایە. هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی ئەمەریكا ئاستی بایەخپێدانی بە مەسەلە ئەمنییەكانی ئەم ناوچەیە كەم بكاتەوە. كەواتە راستە لەمەودای كورتدا گرنگییەكی زیاتر دەدرێت بە بەدیهێنانی سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی پێشبینی دەكرێت بایەخێكی كەمتر بەم ناوچەیە بدرێت.
* ئێوە دەزانن لەئێستادا پرۆسەیەكی گەورەی سەربازی لەئارادایە بۆ رزگاركردنی موسڵ، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەر لەدوای رزگاركردنی ئەو شارە پرۆسەیەكی ئاشتەوایی راستەقینە نەخرێتەگەڕ، عێراق بەرەو لێكترازان و لەبەریەك هەڵوەشان ناڕوات؟

- لە راستیدا تێكشكاندنی داعش زۆر ئاسانترە لە دەستەبەركردنی سەقامگیری لە عێراقدا، پێموایە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا پتر كراوەتر دەبێت لەئاست ئەگەری دابەشبوونی عێراق و سوریادا، ئیدی رەنگە بۆ قەوارەیەكی كوردی و قەوارەیەكی شیعە و قەوارەی دیكە، من ناڵێم ئەمە سەركەوتوو دەبێت، بەڵام لەو باوەڕەدام ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا پتر ئامادەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەو بژارەیە. چونكە لە ئێستادا زۆر گوێبیستی ئەوە دەبین كە پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكرێت، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم ئەم سەرسەختی و پێداگیرییە لە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا بەدی بكەین.
* ئایا پێتانوایە دوای تێكشكاندنی داعش كوردستان زیاتر لەسەربەخۆیی نزیك دەبێتەوەو ئایا لەو باوەڕەدان كە سەربەخۆیی كوردستان پێشوازی و پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت؟
- پێموایە ئەم ئەگەرە لەئارادایە، واتە ئەمە وەك یەكێك لە بژارەكان دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمە بەشێكی زۆری بەندە بە توانای هێز و گروپە سیاسییە كوردییەكانەوە كە تا چەند دەتوانن یەكگرتوو بن، لەبەر ئەوە ئەگەر بتوانن كەم تا زۆر بەرەیەكی هاوبەش پێكبهێنن، ئەوا رەنگە دەوڵەتی كوردی ببێتە ئەگەرێكی راستەقینە.
* هەروەك دەزانن لەئێستادا سوریا بۆتە گۆڕەپانی دەستتێوەردانە دەرەكییەكان، بارودۆخەكەش بە راددەیەكی گەورە ئاڵۆز بووە، ئایا پێتوایە مانەوەی ئەسەد لەدەسەڵاتدا دەبێتەهۆی درێژەكێشانی شەڕەكە و سەردەكێشێت بۆ ناسەقامگیری زیاتر؟
-ئەمە پرسیارێكی قورسەو ناتوانین بە باوەڕبەخۆبوونەوە وەڵامی بدەینەوە، چونكە نازانین چی روودەدات و چی دەگوزەرێت. ئەوەی دەتوانین بڵێین ئەوەیە كە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا كەمتر بایەخ بە پرسە مرۆییەكە دەدات لە سوریا و زیاتر تەركیز لەسەر ئەوە دەكات كە چ رێگاچارەیەك سەركەوتووە و چ رێگایەك شكست دەهێنێت، لەبەر ئەوە رەنگە لەم رووەوە هەندێ گۆڕانكاری لە دۆخەكەدا ببینین. هەروەها پێموانییە رۆڵی رووسیا لە سوریادا درێژەبكێشێت و ئەگەری ئەوە هەیە رووبەڕووی شكست ببێتەوە و رووسیا بەرژەوەندی كەمتری هەیە لەسوریادا بە بەراورد بە توركیا. لەبەر ئەوە پێشبینی زیاتربوونی رۆڵی توركیا و گەمەكارە ئیقلیمییەكانی دیكە دەكرێت و لەدەرئەنجامدا رەنگە هەڵوێستی رووسیا لە سوریا لاوازتر بێت، بە بەراورد بەوەی كە لە ئێستادا دەردەكەوێت.