سه‌رۆک بارزانی سوپاسی قارەمانێتی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی كرد

image



دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی دوێنێ، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپڕاسیۆنێكی بەرفراواندا لە میحوەری باشووری كەركووك هێرشیان كردە سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش

، كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و محەمەدی حاجی مەحموود، سەرپەرشتیاری میحوەرەكانی كەركووك و مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەی حەفتا بە جیا و، لەڕێی تەلەفۆن، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئازادكردنی سەرجەم ئەو شوێنانەی كە لە پلانی هەڵمەتی هێزی پێشمەرگەدا هەبوو ئاگادار كردەوە.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا، جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرپەرشتیاری میحوەرەكانی كەركووك و وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی یەكەی حەفتا بە بۆنەی ئەم سەركەوتنەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پیرۆزباییان لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد.

لە بەرانبەردا، سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرپەرشتیاری میحوەرەكانی كەركووك و وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی یەكەی حەفتا و هەموو ئەو پێشمەرگە و فەرماندە و هێزەكانی ئاساییش كرد كە بەشداری ئەو ئۆپڕاسیۆنە بوونە و سوپاسی قارەمانێتی ئەوانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. هەروەها سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.