سەرۆک بارزانی بۆ BBC: هەرگیز پێشمەرگە لەو هێڵە بەرگرییە ناکشێتەوە کە پێشتر کێشاوییەتی

image

 

لە دیمانەیەکدا کە تەلەڤزیۆنی بی بی سی لەگەڵ سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە، سەرۆک بارزانی پێداگری لەوە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لەو هێڵە بەرگرییە ناکشێنەوە کە بەر لە ١٧ی مانگی تشرینی یەکەم(ئۆكتۆبه‌ر) واتە پێش دەستپێکردنی شەڕی رزگارکردنی مووسڵ کیشابوویان و لەو ناوچانەش دوای ١٧ی مانگ رزگاریان کردوون تا ئەو کاتەی خەڵکەکەی پێویستیان بە پاراستنی پێشمەرگە نابێت و هیچ هەڕەشەیەک لەسەریان نامێنێت ئەوا پێشمەرگەش ناکشێتەوە.
 
* ئایا شەڕی رزگارکردنی مووسڵ بەگوێرەی ئەو پلانە بەرەوپیش چووە کە دانرابوو؟
سەرۆک بارزانی: هەر بەو شێوەیەی پلانمان بۆی دانابوو پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ بەرەوپیش چووە و سەرکەوتنی بەرچاومان بەدەست هێناوە، قۆناغی یەکەمی شەڕەکە سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات و قۆناغی دووەمیش هەر بەو شێوەیە بەرەوپیش چووە کە پلانمان بۆی دانابوو. هەروەک پێشتریش پێشبینیمان کردبوو شەڕەکە ئەوەندە ئاسان نەبوو. هەرچەندە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان نزیکتر دەبینەوە پێشرەوییەکانیش خاوتر دەبنەوە. چونکە شەڕ لەو جۆرە شوێنانە لەگەڵ شەڕ و رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ هەر شوێنکی تر جیاوازی هەیە و گرنگ ئەوەیە ئێمە گەشبینین بەو ئەنجامەی لە شەڕەکەدا دەستەبەرمان کردووە.
 
* وا پێدەچێت پیشمەرگە دوای گرتنی باشیک ئەو ئەرکەی لە پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ پێی سپێردرابوو کۆتایی پێهات، لەمەودوا رۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە درێژەی شەڕی رزگارکردنی مووسڵ موسڵ چی دەبێت؟
 
سەرۆک بارزانی: راستە بە پێی بەرنامە شەڕەکە بە هێرشی پێشمەرگە دەستی پێکرد کە هێڵی بەرگری داعشی تێکشکاند و سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات و لە قۆناغی دووەمی شەڕەکەشدا راستە ئەرکە سەرەکییەکە لەسەرشانی سوپای عێراقە، بەڵام  ئەوەش بەو واتایە نییە ئیتر مەترسیی و هەڕەشەکانی داعش کۆتایی پێهاتووە، بەڵکوو پیشمەرگەکان بەردەوام لە ئامادەباشی دان بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەر جۆرە مەترسییەک و تەنانەت مەترسییەکان دوای داعشیش پێناچێت تەواو ببن.
 
* قسەی جیاواز دەکرێت لە لایەک وا باس دەکرێت ئەمریکا گوتوویەتی پیشمەرگە پاشەکشە بکات  و لە لایەکی تر هەندێک رێککەوتنتان لەگەڵ بەغدادا هەیە، ئایا هێزەکانتان دەمێننەوە یان ناوچەکان رادەستی حکوومەتی عێراق دەکەنەوە؟
 
سەرۆک بارزانی: پێشمەرگەکان لەو ناوچانە ناکشێنەوە کە رزگاریان کردووە، ئەو هێلە بەرگەرییەی پێش ١٧ی تشرینی یەکەم پیشمەرگە کێشاوییەتی هەرگیز جێگەی گفتوگۆ نییە و پیشمەرگە لەو ناوچانە ناکشێتەوە.
 
* هەندێک داواکاری لە لایەن ئەمریکا  و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەن کە دەڵێن دەبێت ئەو ناوچانە رادەستی حکوومەتی عێراق بکرێنەوە؟
 
سەرۆک بارزانی: ئەوەی ئێستە باسی لێوەدەکرێت ئەو ناوچانەن کە دوای ١٧ی تشرینی یەکەم رزگار کراون و هەندێک گوندی مەسیحی و تورکمان و عەرەب لەخۆ دەگرن، رێککەوتنەکە ئەوەیە هەر کاتێک زانیمان ئەو ناوچانە چیتر پێویستییان بە پاراستنی ئێمە نییە و خەڵکەکەی هیچ هەڕەشەیەکیان لەسەر نییە، ئەوا ئێمەش دەکشێینەوە، نەک ئێمە سوپای عێراقیش هەر بەو شێوەیە دەکشێتەوە، بەڵام ئەو ناوچانەی پیش ١٧ی مانگ رزگارمان کردووە هەرگیز گفتوگۆیان لەبارەوە ناکەین و بە هێچ شیوەیەک پێشمەرگە لێیان ناکشێتەوە.
 
* بەو پێیە ئێوە هەم لە کەرکووک و هەم لە شەنگال دەمێننەوە؟
سەرۆک بارزانی: بەڵێ ١٠٠%، ئێمە رێککەوتنمان کردووە کە ئەوە هێڵی بەرگری پێشمەرگەیە.
 
* رێکخراوی مافی مرۆڤ ئێوەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە خەڵکی عەرەب لە ناوچەکانیان دەردەکەن و ماڵەکانیان وێران دەکەن وەڵامت بۆ ئەمە چییە؟
 
سەرۆک بارزانی: بەداخەوە ئەو راپۆرتە هیچ دادپەروەرانە نییە، ئێستە هەرێمی کوردستان سەرووی ملیۆن و نیوێک ئاوارەی داڵدە داوە کە زۆرینەیان عەرەبن و چۆن دەکرێت خەڵکی  ناوچەیەک ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە داڵدە بدەن و لە هەمان کاتدا تۆمەتی ئەوەیان بەسەردا بسەپێنرێت کە ماڵی عەرەبەکان وێران دەکەن. ئەوانەی وێران کراون ئەو شوێنانەن کە خەڵکەکەی لەگەڵ داعش هاوکارییان کردووە، ئەگەر چاودێری مافی مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوەی هەیە ئەو کەسانەی خەڵکی بێتاوانیان کوشتووە کچانی ئیزدییان کردووەتە کەنیزەی خۆیان، رێگەیان پێ بدەین بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە دەبێت بڵێم هەرگیز ئەمە روونادات و گوێش بەو جۆرە راپۆرتانە نادەین.
 
* شتێکی تر کە باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە رێگەتان بە هیزەکانی تورکیا داوە بێنە نێو خاکی عێراق لە کاتێکدا لە هەندێک فەرماندەی پیشمەرگە خۆم گوێم لێبووە کە دەڵێن لە لایەن تورکیاوە  یارمەتییەکی ئەوتۆ نەدراون.
 
سەرۆک بارزانی: کاتێک داعش هێرشی کرد هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بە پشتیوانی کرد و چەندین بنکەی راهێنانیان بۆ پێشمەرگە کردەوە، هاوکات تورکیاش دوو بنکەی راهێنانی سەربازی کردەوە بۆ ئەو پۆلیس و هێزە سەربازییانەی لە مووسڵ هەڵاتبوون، هاوکات ئەوان بنکەی راهێنانیان بۆ خەڵکی خۆبەخشی مووسڵ کردەوە و لەو کاتەوە ئەفسەرانی تورکیا لە بنکەکانیان بوون و تورکیا تەنیا بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانی خۆی هێزی پشتیوانی هێناوە و هەمووی ئەوانەش بە هەماهەنگی بەغدا رووی داوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک گرووپ ئەو بابەتەیان زۆر گەورە کردووەتەوە.
 
* رۆڵی ئێران لە شەڕی داعش چییە؟
 
 سەرۆک بارزانی: ئەمە راستییەکە کە ئێران لە دەستپێکردنی شەڕی داعش چەک و تەقەمەنی بە پیشمەرگە دا و بۆیە ئێمە سوپاسی ئێران دەکەین هەروەک سوپاسی ئەو وڵاتانەی ترمان کردووە هاوکارییان کردووین. ئێستە ئێمە دەمانەوێت پێوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران ئاسایی بێت و دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئێستە هیچ هێزێکی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان نییە.
 
* یەکێک لەو بابەتانەی باس و خواستی زۆری بەدواوە بووە بریتی بووە لە دەستپێکردنی شەڕی چەکداری لە لایەن حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کە لەم دواییانە مستەفا هجری سکرتێری گشتی حزبەکە باسی لە درێژەدانی ئەو جۆرە خەباتەی کرد، ئایا ئێوە لەلایەن ئێرانەوە گوشارتان لەسەرە بۆ ئەوەی پێش بەو هەنگاوانەی حزبی دیموکرات و هەموو ئەو حزبانە بگرن کە دژی ئێران دەجەنگن، روانگەی خۆشتان لەو بارەیەوە چییە ؟
 
سەرۆک بارزانی: ئێمە دەمانەوێت ئاسایشی خۆمان و وڵاتانی دراوسێ بە تەواوی پارێزراو بێت، سەقامگیریمان هەبێت و کیشەی ئەمنیمان نەبێت، دووەم راستە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانە بەڵام ئەوان لە ناوخۆی ئێرانیش هێزیان هەیە و لێرەوە دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە بە شەڕ هیچ دەستکەوتێک بەدی نایەت و پێمان باشە کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرجەم لایەنەکانی تر بکەونە گفتوگۆوە و ئاشتیانە بە رێگەچارەیەکی گونجاو بگەن، لە لایەکی ترەوە دەبێت بڵێم ئێمە بەرپرسیار نین لە چۆنیەتی سیاسەتکردنی حزبەکانی تر  و ناتوانین بۆچوونی خۆمان بەسەر ئەواندا بسەپێنین.